هەنگاوێكی پۆزەتیڤی ئەمریكا بەرامبەر بە رۆژئاڤا

06:17 - 2022-05-29
فەتحوڵڵا حوسێنی
525 خوێندراوەتەوە

ئەمریكا لە بڕیارە نوێکەیدا سەبارەت بە سوریا، رێگە دەدات بە چالاكی وەبەرهێنان لە ناوچەكانی باكووری سوریادا، ئەمەش بۆ هەر كەسێك كە خوێندەوار بێت و بەدواداچوونی هەبێت، پەیامێكی ئاشكرای سیاسی و ئابوورییە، لە پێش هەموو كەسیشەوە پەیامەکە بۆ حکومەتی دیمەشق و دوای ئەویش بۆ توركیایە كە دەوڵەتێكە کەیفی بە بوونی ئیدارەی خۆجێی رۆژئاڤا  نایەت، دواتریش پەیامەکە بۆ روسیایە كە چەند ناوچەیەكی بە دەستەوەیە و لەولاشەوە سەرقاڵی شەڕی ئۆكرانیایە، بەڵام بۆ توركیا لە هەمووی دڵڕەقانەترە، كە رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا هێرشی میدیایی دەستپێبكات و بڵێت: «بڕیارەكەی ئەمریكا هاندانە بۆ پڕۆژەیەكی جوداخوازیی»، بێگومان ئەمەش لەلایەن كورد و هاوبەشەكانی و پڕۆژە سیاسییەكەوە رەتدەكرێتەوە.

سزای سیزەر
هەڵاوێردكردنی ناوچەكانی باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا لە سزای سیزەر، جێبەجێكردنی تێڕوانینی ئەمریكا و ئەوروپایە بۆ شێوازی سیستمی سیاسیی داهاتووی سوریا، كە ئەگەری هەیە سیستمێکی لامەركەزی، یان فیدراڵی بێت، ئەمەش دەرگا بە رووی پەرەپێدان و گەشەكردنی ناوچەكانی كورد و هاوبەشەكانیدا دەكاتەوە، هەروەها دەكرێ بە بووژانەوەی ئەو ناوچانە لە قەڵەم بدرێ، كە ساڵانێكە شەڕی چەكداری بەخۆوە دەبینێت و شەڕیش ژێرخان و توانا خزمەتگوزارییەكانی لەناوبردووە، هەڵبەت بەهۆی وڵاتانی ئیقلیمی و نەبوونی دەستپێشخەری حكومەتەكەی دیمەشقەوە.
ناكرێ بڕیارەكەی ئەمریكا بە هاندان بۆ جیابوونەوە وەسف بكرێت، وەك ئەوەی هەندێك لایەنی سەربە ئەجێندای ئیقلیمی باسی دەكەن، لەبەرئەوەی ئەگەر زۆر راستگۆیانە باسی بكەین هاندانە بۆ دانوستاندن لە نێوان ئەنجومەنی سوریای دیموكرات و حکومەتی دیمەشقدا، هەروەها هاندانە بۆ لێك تێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و توركیادا، دوای ئەو هەموو هەڕەشەیەی توركیا.

هەڵاوێردكردنی ناوچەكانی باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا لە سزای سیزەر، جێبەجێكردنی تێڕوانینی ئەمریكا و ئەوروپایە بۆ شێواەزی رژێمی سیاسی داهاتووی سوریا

كاردانەوەی دیمەشق سەبارەت بە بڕیارەكەی ئەمریكا بۆ هەڵاوێردكردنی هەندێك ناوچەی سوریا لە سزاكانی سیزەر، نادادپەروەرانە بوو، دەبوو پێشوازیی لەو بڕیارە بكردایە، وەك چۆن هێزەكانی سوریای دیموكرات لەسەر زاری ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدییەوە كردی، چونكە ئەم ناوچانە، نەهامەتییەكانی جەنگیان بەخۆوە بینی و بەرەنگاری تیرۆری داعش و بەرەی نوسرە بوونەوە كە زیانیان بە هەموو گەلانی سوریا گەیاند، تا ئەوكاتەی هێزەكانی سوریای دیموكرات هات و كۆتایی بەو هەموو نەهامەتییە هێنا، ئەو هێزانەی كورد و عەرەب و مەسیحی بە ئاشووری و سریان و مەسیحیشی لەخۆگرتووە.

مامەڵەی ئەمریكا بەرامبەر بە كوردی رۆژئاڤا
لێرەوە دەتوانین بڕیارەكەی ئەمریكا وا لێكبدەینەوە، كە مامەڵە كردنە لەگەڵ ناوچەیەكی دیاریكراوی سوریا، بە مەبەستی راستكردنەوەی رێڕەوی چارەسەرەكانی داهاتوو بۆ سوریا و دەربازبوون لە بڕیارە ستەمکارییەكانی دیمەشق و هەوڵدان بۆ دابینكردنی پێویستییەكانی كۆمەڵكە، ئەمەش هەرگیز بەو واتایە نییە كە باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا جیابووبێتەوە لە ناوچەكانی دیكەی سوریا كە رژێم و ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی دەستیان بەسەردا گرتووە، بەڵكو هەموو مەسەلەكە ئەوەیە هەندێك ناوچە هەن كە ئارامی بەخۆوە نابینن و هەندێك ناوچەش توانیویانە ئارامی بپارێزن، بنەمای سزای سیزەریش پاراستنی مەدەنی و سزادانی كۆمپانیاكان و ئەو كەسایەتیانەیە كە دەستیان هەبووە لە قووڵكردنەوەی قەیرانی سوریادا.

وێرانەی سوریا دوای شەڕی ناوخۆ

وتارەکانی نوسەر