شوخت

هەڵبژاردنێك بۆ هەموان

06:23 - 2022-05-29
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
436 خوێندراوەتەوە

كۆبوونەوەی جێنین پلاسخارت و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم، دەرفەتێكی باش بوو لانیكەم بۆ یەكتر بینین و گفتوگۆی راستەوخۆی نێوانیان لەبارەی ئەو كێشە و گرفتانەی لە نێوانیان و لە كوردستان هەیە، چونكە زۆرجار یەكتر بینین بەربەستی دەروونی بۆ كۆبوونەوە و گفتوگۆ دەشكێنێت و چارەسەر ئاسانتر دەكات.
یەكێك لەو پرسانەی هەموو لایەنەكان دەیانەوێت‌ زوو چارەسەری بكەن، بریتییە لە پێداچوونەوە بەكۆی پرسی هەڵبژاردن لە كوردستان، واتە هەر لە پرسی رێكخستنەوەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە بگرە تا پرسی راستاندن و تەسدیقكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن.
كێشە و گرفتەكان ئەوەندە زۆر نین ئەگەر نیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد هەبێت. لەبنەڕەتیشدا بێ‌ هەڵبژاردن سیستمی دیموكراسی هیچ مانایەكی نییە، كەوایە ئەگەر هەڵبژاردن پاك و بێگەرد نەبوو، بەدڵنیاییەوە دیموكراسی و دامەزراوە دیموكراتیەكانیش ناتوانن رۆڵی خۆیان ببینن، جا چ پەرلەمان بێت یاخود حكومەت یان دەسەڵاتی دادوەریی.
ئەوەی ئێستا تێبینی لەسەرە روونە، یەكەمیان پەیوەندیی بە پێكهاتەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و شێوازی دابەشكردنی كۆمسیارانەوە هەیە بەسەر گروپ و لایەنە سیاسییەكاندا. هەروەها پرسی بەكارهێنانی ئەو داتا و زانیارییانەی پەیوەندییان بە دەنگدانەوە هەیە، چونكە زۆربەی لایەنە سیاسییەكان پێیانوایە ئەو تۆمار و داتا و زانیارییانەی كۆمسیۆنی كوردستان ورد نییە و بەكەڵكی ئەوە نایەت هەڵبژاردنی پێ بكرێت.
پرسێكی دیكە پەیوەندیی بە شێوەی هەڵبژاردن لە تاك بازنەییەوە بۆ فرەبازنەیی هەیە. زۆربەی لایەنە سیاسییەكان پێداگری لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە یەك بازنەیی بكرێتە چوار بازنە یان زیاتر، تا گەرەنتی بەشداریی هەموو ناوچەكانی كوردستان بكرێت و هاوكات رۆڵ دەگێڕێت لە كەمتربوونەوەی ساختەكاری.
لێرەدا دیسان تێبینیەك هەیە ئەویش پرسی دابەشكردنی ئەو 100 كورسییەی پەرلەمان بەسەر بازنەكان، چونكە داتاكانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و بەغدا و كۆمسیۆنی هەرێم و بەغدا جیاوازییان هەیە، كە كاریگەریی لەسەر دابەشكردنی كورسییەكان هەیە.
یەكێكی دیكە لە تێبینییەكان پرسی كۆتاكانە هەم ژمارەیان، هەم شێوازی هەڵبژاردنی نوێنەرەكانیان. زۆربەی لایەنەكان پێیان باشە تۆمار و سندوقی تایبەت بە خۆیان هەبێت، تا نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن و ئیرادەیان ئازاد بێت.
تێبینیەكی دیكە پەیوەندیی بە راستاندن یان تەسدیقی ئەنجامی هەڵبژادنەوە هەیە. لایەنەكان پێیان باشە شێوازی راستاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن بەجۆرێك بێت گرەنتی و دڵنیایی بداتە هەموو لایەنەكان لەبارەی رێكوپێكی ئەنجامی هەڵبژاردن.
ئەگەر تەماشای ئەو تێبینیانە بكەین، رێكەوتن لەسەریان زەحمەت نییە، خۆ ئەگەر لایەنەكان رێكبکەون لەسەر شێوازێكی نوێی هەڵبژاردن بەجۆرێك گەرەنتی هەڵبژاردنێكی بێگەرد بكات، دەكرێت بۆ ماوەیەكی كورت هەڵبژاردن دوابكەوێت.
ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادەیی تێدایە هاوكاریی هەرێم بێت بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد، بێگومان ئەم دەستپێشخەرییەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەرفەتێکی دیكە دەبێت بۆ رێكەوتن و بەجێگەیاندنی پرۆسەیەكی بێگەرد و خاوێن.

وتارەکانی نوسەر