دیداری تەواوکەری کۆنگرە

07:46 - 2022-06-02
عەتا تەها
501 خوێندراوەتەوە

هۆکارەکان زۆر بوون کە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان نەیتوانی بوو لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا کۆنگرەی چوار ببەستێت، لێرەدا بە کورتی باس لە هۆکارە جیاوازەکان دەکەین و پاشان باس لە دیدار دەکەین، بەڵێ کاتێک یەکێتی نزیک بۆوە لە وادەی بەستنی کۆنگرەی چوار لەوکاتەدا جەنابی مام جلال نەخۆش کەوت کە بۆ ماوەیەکی دور و درێژ لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدابوو، بۆ وەرگرتنی چارەسەر ئیتر زۆری پێنەچوو هەر لەوسەر و بەندەدا بارودۆخێکی نەخوازراوی تر هاتە ئاراوە کە دروستبوونی رێکخراوی تیرۆرستی وەک داعش سەریهەڵداو بوو بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، بێگومان یەکێتی نیشتمانی کوردستان،  وەک هێزێکی سیاسی و سەربازی کاریگەر ئەوەندەی سەرقاڵی پاراستنی خاک و سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و بەرگری کردن لە خەڵکی کوردستانە، ئەوەندە نەیدەپەرژایە سەر بەستنی کۆنگرە و کاری رێکخستن، ئەمە لەلایەک و لە لایەکی ترەوە هەر لەو سەروبەندەدا جەنابی مام جلال کۆچی دوایی کرد، ئیتر بارودۆخی نێوخۆیی یەکێتی توشی مەلەل هات و لەنەبوونی رەوانشاد مام جلال-دا تاڕادەیەک باڵ و لقەکان بە زەقی هەستی پێدەکرا بە جۆرێک بوو، هەرکەس بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەوڵیاندەدا و هەندێکیان دەیانوویست یەکێتی بۆ ئامانجی تایبەتی تاکە کەسی بەکاربهێنن، ئەمە سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکان لە لایەن کوڕانی تاڵەبانی بۆ یەکخستن و یەکڕیزی و یەک گووتاری و پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی.

سیاسەتی حەکیمانە
سەرئەنجام دوای هەوڵە بەردەوامەکانی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی ئیتر کارگەیشتە ئەوەی کۆنگرەی چوار بگیرێت، بەڵام بێگومان لەو هەلومەرجەدا کارێکی ئاسان نەبوو، چونکە بۆ یەکەمجاربوو لە مێژووی دروستبوونی یەکێتیدا کۆنگرە بگیرێت لەنەبوونی مام جلال-دا کە دواجار کۆنگرە گیراو لە قۆناغی یەکەمدا بەشێکی زۆر لەکێشە و گرفتەکان چارەسەرکرا، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک گیروگرفت و لەمپەر لەبەردەم سەرکردایەتی نوێ و کۆنگرەی چواردا مابوویەوە،  هەربۆیە بە سیاسەتی حەکیمانە و پشوو درێژی کوڕانی تاڵەبانی هەر لەسەرخۆ و بە ئارامی لەگەڵ دۆخەکەدا مامەڵەیان دەکرد، سەرباری هەوڵە بەردەوامەکانی نەیاران و ناحەزانی یەکێتی، کە هەمیشە گرەو لەسەر شێواندنی جەستەی یەکێتی دەکەن بە مەبەستی پشێوی و ناسەقامگیری نێوخۆی یەکێتی، بەڵام دواجار هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بوو.

وتارەکانی نوسەر