تەها سلێمان
ناتوانین گوتاری ئاراستەکراومان لە جووڵاندنی دۆسییەکانی تاوانی جینۆساید، بکەینە گوتارێکی کاریگەر و شوێن و جێگای خۆی بگرێت، ئەنجامیش هەموو جارێک قسەکانمان (پاتە) دەبێت و خۆمان پێش هەموو کەسێک باوەڕمان پێی (لەق) دەبێت
لێکدانەوە و راڤەکردنی چەمکی تاوانی جینۆساید، زۆر رەهەند و لایەنی جیاجیا دەگرێتەوە کە هەندێ جار بۆ ئێمەی کورد کە بەشی زۆری مێژوومان پڕە لە تاوانەکە لە دژمان، شارەزاییمان لەبارەیانەوە نییە یان کۆڵین لە ئاوەژوو بیرکردنەوەمان لە ئاستیاندا!
بەوێناکردنێکی روونتر و ئاسانتر، کاتێک باسی تاوانەکانی جینۆساید لە دژمان دەکەین، تەنیا دەزانین بێژین ئەوەندە کەسمان لێ کۆمەڵکوژکرا، ئەوەندە ئاوایی یان لادێمان خاپوورکرا، ئەم دەربڕین یان گوزارشتکردنە تەنیا لای یەک توێژی دیاریکراو نییە، بەڵکو لە بژاردەی سیاسیمانەوە تا بژاردەی نووسەر و رووناکبیر و رۆژنامەنووس و تاد.. ئەگەر قسەیەک یاخود وتارێکیان لە یادەوەریی تاوانەکاندا هەبێت، جەختی لەسەر دەکەنەوە.
ئایا باسکردنی ژمارەی قوربانییەکانمان هەڵەیە یان راست نییە؟ نا بۆچوونەکە ئاوا نییە، بەڵکو ئەوەیە کە تاوانی جینۆساید لەهەر شوێن و جێگایەک و هەر دەوڵەت و رژێم و گروپ و تاقمێک بیکات، قوربانی و زیان و کاریگەرییەکانی تەنیا مرۆڤ نین، بەڵکو دەتوانین بڵێین مرۆڤ جا لە(نەتەوە، گروپی مەزهەبی و رەگەزی) و تاد.. قوربانی پلەباڵان و لەپاڵ ئەمەشدا تاوانەکە بە سروشتی خۆی پانتاییەکی فراوانی کاریگەری و لێکەوتەی هەیە، بۆیە ناکرێ لەکاتی لێکدانەوە و شرۆڤەکردنیدا ئەو لێکەوتە و کاریگەرییانە نادیدە بگیرێ و نەبێتە ئامانجی گفتوگۆ.
بۆ نموونە یەکێک لەو لێکەوتە و کاریگەرییانەی کە ئێمە، ئەگەر نەڵێم بەلایدا ناچین ئەوە دەتوانم بڵێم کەمترین کاتمان پێداوە، ئەویش کاریگەریی تاوانەکانی جینۆسایدە لەسەر ژینگەمان، ژینگە بەمانا فراوان و گشتی و تایبەتەکەی، کە دەکرێ بپرسین: لەئەنجامی تاوانەکاندا چەند 100 هەزار دۆنم رەز و باخ سوتێنران، چەند هەزاران کانی و سەرچاوەی ئاوی سروشتی و خۆڕسک کوێرکرانەوە و وشکیان کرد، چەند سەدان هەزار ئاژەڵی کێوی رەچەڵەکیان بنەبڕکرا، چەند سەدان هەزار ژینگەی سەوز وشک کرانەوە، چەند ملێونان گیانلەبەری سروشتی لەناو چوون و دەیان پرس و بابەتی تر لەم بارەوە؟ کە بەداخەوە تا ئێستا و لەم بارەوە، لە پلەی هەژارییەکی خراپ و مەترسیدارداین، کە هەقە پێش هەموو کەس ناوەندە زانستی و ئەکادیمییەکانمان، لە ئاست ئەم بابەتە هەستیارەی دوو توێی تاوانەکانی جینۆساید، بە سەرنجێکی رەخنەگرانەوە بەخۆیاندا بچنەوە و بۆشایی ئەم عەیبەیە پڕبکەنەوە و بیخەنەوە سەر رێگا راستەقینەکەی خۆی، دوای ئەمەش بژاردەی حکومڕان و توێژەر و نووسەر و رۆژنامەنووس و رووناکبیران، کوردەواری وتەنی(پەڕۆیەک لە خۆیان دادڕن) و شێلگێرانە بەبێ ئاگایی خۆیاندا تایبەت بەم پرسە بچنەوە.
وانەکەین، ناتوانین گوتاری ئاراستەکراومان لە جووڵاندنی دۆسییەکانی تاوانی جینۆساید، بکەینە گوتارێکی کاریگەر و شوێن و جێگای خۆی بگرێت، ئەنجامیش هەموو جارێک قسەکانمان (پاتە) دەبێت و خۆمان پێش هەموو کەسێک باوەڕمان پێی (لەق) دەبێت.