دەوڵەت باخچەلی، پیری ئاخر خێر

09:45 - 2024-10-29
بورهان شێخ رەئوف
97 خوێندراوەتەوە

ئەو كەسەی كەمێك ئاشنای كێشەو ململانێكانی نێوان كورد و تورك بێت، بە دڵنییایەوە دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی ناسیونالیستی نەتەوەپەرست و دەمارگیر (مەهەپە) دەناسێت، كە بە درێژایی تەمەنی سیاسیی خۆی دژ بە دۆزی كورد و مافە رەواكانی بووە.

ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە، ئەو گۆڕانكارییە خێرایەیە كە بەسەر بیر و بۆچوونەكانی (باخچەلی) دا هاتووە، كە بووەتە مایەی سەرنج و تێڕامانی ناوەندە سیاسیی و هەواڵییەكان

ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە، ئەو گۆڕانكارییە خێرایەیە كە بەسەر بیر و بۆچوونەكانیدا هاتووە، كە بووەتە مایەی سەرنج و تێڕامانی هەموو ناوەندە سیاسی و هەواڵییەكان، باخچەلی بە ئاشكرا بانگەواز بكات و بێژێت (ئەو توركەی كوردی خۆش نەوێت تورك نییە)، یەكدی خۆشویستنی كورد و تورك لە رووی ئاینی و سیاسییەوە ئەرك و واجیبە، كورد و تورك لە رووی ماددی و مەعنەوەیەوە یەكگرتوون، بەهۆی مێژوو و جوگرافیاوە كە دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا. 

من بۆیە ئەو ناونیشانەم بۆ ئەم وتارە دانا، چونكە باخچەلی كە تەمەنی هەڵكشاوە ئەو گۆڕانكارییە پۆزەتیفەی بەسەردا هاتووە، بەرامبەر بە گەلی كورد، كە ساڵانێكی درێژە بە هەق و ناهەق تۆمەتبارییان دەكات بە جۆرەها تاوان و تۆمەت، هەر لە جوداخواز و تیرۆریستەوە تا خائین و خۆفرۆش، بەڵام ئێستاش درەنگ نییە بگاتە ئەو قەناعەتەی كە بواری پێكەوەژیانی هەردوو گەلی تورك و كورد هەیە، ئەگەر خواست هەبێت بۆ خۆیشی هەموو ئەو لێدوان و رەفتارە پەڕگیر و نەژادپەرستیانەی لە كۆڵ بووەیەوە، كە ساڵانێكە سەرسەختانە داكۆكیان لێ‌ دەكات .

هەڵوێستی كورد
هاوسەرۆكی دەم پارتی، خۆشحاڵی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەكەی باخچەلی دەربڕی، كە خوازیاری ئەوەبوو عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوای كۆتایی هاتنی ماوەی بەندییەكی وتارێك بدات لە بەردەم فراكسێۆنی حزبەكەی و داوای كۆتایی هێنانی شەڕ و چەك دانان لە پەكەكە بكات، بۆ بوار دان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی و دەستوری بۆ كورد لە توركیا .

مەترسی ئۆپۆزسیۆنی توركیا
لەلایەكی ترەوە، دەستپێشخەرییەكەی باخچەلی كاردانەوەی توندی هەندێك لە پارتەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیای بە دوای خۆیدا هێنا، دیارترینیان سەرۆكی پارتی باشی نەتەوەییە (مساوات دەروێش ئۆغلو) كە لە مەهەپە جیابوونەتەوە، پێشتر گوریسێكی گرتبوو بە دەستیەوە وەكو ئاماژە بۆ ئەوەی كە باخچەلی ساڵی 2007 لە كۆبوونەوەیەكدا داوای لە سێدارەدانی ئۆجەلانی كردبوو، گوریسێكی بەدەستەوە گرتبوو بە ئەردۆغانی دەوت، ئەوە گوریسە بڕۆ ئۆجەلان لە سێدارە بدە، بۆیە سەرۆكی حزبی باش لەو باوەڕەدایە لێدوانەكانی باخچەلی مەبەست و بەرژەوەندی سیاسیی لە پشتە كە ئەویش نووسینی دەستورێكی نوێیە بۆ توركیا، كە بوار بڕەخسێنێت ئەردۆغان بۆ خولی چوارەم خۆی كاندید بكاتەوە .
هەروەها سەرۆكی حزبی سەركەوتنی نەتەوەیی (ئومێت ئوزداغ)، حزبەكانی بزوتنەوەی نەتەوەیی و دادو گەشە و دەم پارتی و جەهەپە تۆمەتبار دەكات، بەوەی بەرەیەكی نا رەسمیان پێكهێناوە .
سەرۆكی جەهەپەش (ئوزگور ئۆزال)، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، پاڵپشتی خۆی بۆ كۆتاییهێنان بە توندوتیژی و یەكپارچەیی خاكی توركیا دەربڕی، هەروەها وتی: هەر هەنگاوێك بە ئاڕاستەی كۆتاییهێنان بە خوێنڕشتن و فرمێسكی دایكان بێت، ئیتر كورد بێت یان تورك ئێمە بە تەواوی پشتگیری دەكەین .

لە راستیدا دوو خوێندنەوە بۆ هەڵوێستەكەی باخچەلی دەكرێت:-
1-
ئەمە تەنها بڕیار و پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی نییە، بەڵكو هەڵوێستی دەوڵەتی توركیایە بەگشتی بەهۆی ئەو پێشهات و مەترسیانەی كە لە ناوەوە و دەرەوە بەرەوڕووی وڵاتەكەیان بووەتەوە. 
2- پێشنیازەكەی باخچەلی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، خوازیارە پێگەی حزبەكەی بەهێز بكات لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، هەرچەندە ئەم بۆچوونە زۆر لاوازەو پشتگیری ناكرێت، باخچەلی تۆمەتبارە بەوەی كە ئەم هەنگاوەی بە بێ‌ راوێژ لەگەڵ ئەردۆغان و ئەندامانی حزبەكەی خۆشیدا ناوە. 
پێشتریش هاكان فیدانی وەزیری دەرەوە توركیا، لە سەرەتای شەڕی غەزەدا وتی: ئامانجی ئیسرائیل تەنها بە غەزەوە ناوەستێت، بەڵكو سوریا و لوبنانیش دەگرێتەوە، ئەمەش هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ ناوچەكە و هەوڵێكە بۆ بونیادنانی خۆرهەڵاتێكی ناوەڕاستی نوێ‌ .
هەموو ئەمانە وایان لە توركیا كردووە، بە هەموو حزبەكانیەوە لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بە خۆیاندا بچنەوە، كار بۆ رێكخستنی نێو ماڵی خۆیان بكەن، كە ئەمەش نابێت كوردی تێدا نەبێت، بۆیە زۆر گرنگە كورد بە گرنگییەوە لەم گۆڕانكارییە بڕوانێت و ئەم هەلە لە دەست نەدات .

وتارەکانی نوسەر