یەکێتیی بەرەنگاربوونەوە و ئاوەدانی

08:05 - 2022-06-02
شوان کەریم کابان
403 خوێندراوەتەوە

سات و سەردەمی دامەزراندنی یەکێتی و ھەڵگیرساندنی شۆڕش، سات و سەردەمێکی زەحمەت و ترسناک و نالەبار بوو، شۆڕشێکی 14 ساڵە ھەرەسی ھێنابوو، رژێم سەرمەستی سەرکەوتن بوو، خەڵک بێئومێد بوو، رژێم ھێزێکی زۆری لە کوردستاندا بڵاوکردبۆوە. 

رژێمی فەیلەقەکانی، یەک، دوو و پێنج و هەزاران چەکداری کوردی بۆ روبەڕوبوونەوەی پێشمەرگە تەرخانکردبوو، بەو جۆرەش ھێزی پێشمەرگە چەندین ناحیە و قەزا و سەربازگەیان دەگرت

بڵاوبوونەوەی مەفرەزە سەرەتاییەکان
کاتێک یەکێتی بڕیاری شۆڕشی دا، لەو بارودۆخەدا مەفرەزە سەرەتاییەکانی ناردە شارەزوور و شارباژێر و بادینان. پێشمەرگەکان لەو سەردەمەدا بۆ گەیاندنی پەیامی شۆڕش بە خەڵکی کوردستان و روبەڕوبوونەی ھێزەکانی رژێم، گیانی خۆیان دەخستە مەترسییەوە. 
لەو سەرەتایانەدا، بە دەگمەن دەچوونە نێو دێھاتەکانەوە، زۆربەی کاتیان لە نێو ئەشکەوت و بن بەرد و شوێنە عاسییەکاندا بەسەر دەبرد.
 
نەخشەی راگواستنی گوندە سنوورییەکان 
کاتێکیش رژێمی بەعس پیلانی چۆڵکردن و راگواستنی دێھاتەکانی سەر سنووری بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر خستە بواری جێبەجێکردنەوە، ژیانی پێشمەرگە ھێندەی تر سەخت بوو. 
وێڕای ھەموو ئەو ئەزیەت و بەربەستانەش، تا دەھات ژمارەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان زیاتر دەبوو، باسکی بەھێزتر دەبوو، تا وایلێھات ناوچەیەکی بەرفراوانی کوردستانی ئازاد کرد لە پارێزگای سلێمانی و ھەولێر و بادینان و ھەروەھا موسڵیش.

خزمەتگوزاریی گشتی لەپاڵ بەردەوامیی شۆڕشدا
 یەکێتی لە ھەموو ئەو ناوچانەی لێی بوو، بەو پێیەی بڕوای تەواوی بەوە بوو خەبات و تێکۆشانەکەی لە پێناوی خەڵکدایە و ھەردووکیان دووانەیەکی لەیەک جیانەبۆوەن، ھەرچی لە توانایدابوو بۆ خزمەتی خەڵکی ناوچە رزگاربووەکان دەیکرد:
1- نەخۆشخانەکانی شۆڕشی خستبووە خزمەتی خەڵکەوە و لە چەند ناوچەیەک جگە لە نەخۆشخانە مەرکەزییەکان، نەخۆشخانەی لاوەکی دانابوو.
2-  کردنەوەی خوێندنگا لە چەندین گوند.
3- دامەزراندنی پڕۆژەی ئاو لە چەندین شوێن.
4- کردنەوە و راکێشانی جادەی خاکیی لە نێوان گوند و دیھاتەکاندا.
5- دانانی موەلیدەی کارەبا لە چەندین شوێن.
6- دروستکردن، یا بەشداریکردن لە دروستکردنی چەندین مزگەوتدا.
لەھەموو مەڵبەندکان کە چوار مەڵبەند بوون، بەشی کاروباری کۆمەڵایەتی ھەبوو کە بەرپرس بوو لە دادگا و چارەسەری کێشەی خەڵک، قوتابخانەی دیھات و گوندەکان، نەخۆشخانەکان، زیندانەکان و بارودۆخی ژیانی گیراوەکان.

ئەنجومەنی گوندەکان
 هەروەها ئەرکێکی تری بەشی کۆمەڵایەتی سەرپەرشتیکردنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی گوندەکان بوو. لەپاڵ ئەمانەدا ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کە ھێزی پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، لە پارێزگاکانی سلێمانی، کەرکوک، ھەولێر، موسڵ، دیالە، تکریت و دھۆک چالاکییان ھەبوو.

سێ فەیلەق سەرباز و هەزاران چەکداری سەربە رژێم
 رژێمی عیراق ھێزەکانی ھەرسێ فەیلەقی، یەک، دوو و پێنجی بۆ بەرەنگاربوونەوە و روبەڕوبوونەوەی پێشمەرگە تەرخانکردبوو، ئەوە جگە لە دەیان ھەزار چەکداری کوردی سەربە رژێم، بەو جۆرەش ھێزی پێشمەرگە کە ئەوسا 32 تیپ بوون و بەسەر چوار مەڵبەنددا دابەش ببوون، سەدان چالاکیی گەورەیان دەکرد تا ئاستی گرتنی چەندین ناحیە و قەزا و سەربازگە. 

تەنها یەک ساڵ چالاکیی و هەڵمەتی پێشمەرگە بەنموونە
تەنھا لە ساڵی 1985 دا، سەرەنجامی نەبەردی و چالاکییەکانی پێشمەرگە بەم شێوەیە بوو:
1- کوژرانی 3636 سەرباز و برینداربوونی  898 کەس و بەدیلگرتنی 579 کەس.  
2- دەستکەوتەکان بریتبوون لە 888 کڵاشینکۆف، 16 ھاوەنی جۆرا و جۆر، 13 رەشاشی BKC ، 47  RBG ، یەک رەشاشی دۆشکا ، 5  رەشاشی گرینۆف، 59  رەشاشی RBK ، 8 رەشاشی دیکتاریۆف ، 87 دەمانچە ، دوو تانک، 107 ئوتومۆبێلی جۆراوجۆر، 1397 مەخزەنی چەک، 110  سندوق نارنجۆک، 32 جیھازی بێتەل «لاسلکی» 542  گولـلە ھاوەن، زیاتر لە دوو ملیۆن فیشەکی کڵاشینکۆف و سەدان گولـلە RBG. 
بێگومان سەرکەوتنی گەورەی لەو شێوەیەش بەبێ قوربانی نابێ و ھەر لەو ساڵەدا مەخابن 138 پێشمەرگە شەھیدبوون .

 یەکێتی لە هەر چوار مەڵبەندەکەیدا بەشی کاروباری کۆمەڵایەتی ھەبوو کە بەرپرس بوو لە دادگا، چارەسەری کێشەی خەڵک، قوتابخانەی گوندەکان، نەخۆشخانەکان، زیندانەکان و بارودۆخی ژیانی گیراوەکان.

وتارەکانی نوسەر