دیاردە دزێوەکان

بێوەژنانە

09:42 - 2024-11-04
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
80 خوێندراوەتەوە

محەمەد حەمەساڵح تۆفیق


-28- 

هەبوو باری دارایی زۆرباش بوو کەچی دنیایەک خەڵکی دەستڕۆیشتووی دەکرد بەگژ بەرپرساندا، تا خزمێکی بێوەژن کەوتووی بخرێتە ئەو  بەرنامەیەوە


ئەمە بەرنامەیەکی باشی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بوو کە تێیدا بە بڕە پارەیەک هاوکاریی خانمانی بێ هاوسەری ئەم هەرێمە دەکرا و یەکەمجار بڕی 30 هەزار دینار بوو، دواتر لە ساڵی 2011 کرا بە 150 هەزار دینار، دەبوو هەر لە ساڵی 2005 وە ئەمە بکرایە، بەڵام لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی عیراق و هەرێمدا یەکلا نەدەبووەوە و هەردوولا بەردەوام ئۆباڵی یەکلانەکردنەوەی مەسەلەکەیان دەخستە ئەستۆی یەکتری.
بە هەرحاڵ نزیکەی چوار ساڵێک ژمارەیەکی بەرچاوی ئەم توێژە سوودیان لێوەرگرت و زۆرێکیش دواتر لە وەزارەتی دارایی هەرێم ناوی نەهاتەوە، تا دواجار لە کۆتایی ساڵی 2015دا ئەم توێژە بوو بە یەکەم قوربانیی قەیرانی دارایی هەرێم و ئەو هاوکارییە کەمەیان بڕین و تائێستاش کە ئەم چەند دێڕەی تێدا دەنووسین هیچ مافێکیان بۆ نەگەڕاوەتەوە، لە کاتێکدا کە لە بەغدا بە دوو هێندە و بگرە سێ هێندەی ئەوی پێشتری لای ئێمە ئەو توێژە هاوکاریی دەکرێن و ئەوانەی منداڵیشیان هەیە زیاتر وەردەگرن، ئێستا هیوایەک هاتووەتە ئاراوە کە ئەوانەی لای خۆشمان بەرنامەکەی عیراق بیانگرێتەوە.
بە هەرحاڵ با بێمەوە لای ئەو ماوەیەی کە دۆخی بەشێک لە بێوەژنانی لای خۆمان، یان جوانتر وایە بگوترێ ژنانی سەرۆک خێزان کە ئەمە تێرم و دەستەواژەیەکی جیهانییە، کەمێک بوژانەوە و مانگانە 150 هەزار دیناریان دەخستە تەنکەی باخەڵیان، هێندە فشار و دەستێوەردانی لاوەکی و (واسیتە) هاتە ئاراوە هەر مەپرسە. لە هەندێک شوێن، پەیڕەوی ئەو یاسا و رێسایەی بۆ ئەمکارە دانرابوو بە تەواوی دەکرا و بە موو لێیان لانەدەدا، بەڵام هەندێک شوێنی تر وانەبوو.
زیاتر باسم لەسەر رەفتار و تەبیعەتی هەندێک خەڵکی لای خۆمانە کە تێیاندا هەبوو باری دارایی زۆرباش بوو، لاف و گەزافیشی لێدەدا بە پارە و ماڵ و موڵکییەوە، کەچی دنیایەک خەڵکی دەستڕۆیشتووی دەکرد بەگژی بەرپرسانی ئەمکارەدا، بەڵکو خزمێکی، خوشکێکی بێوەژن کەوتوی بخرێتە ئەو بەرنامەیەوە، بە پاساوی ئەوەی ئەمە پارەی حکومەتە و لە کەس کەم نابێتەوە، لە کاتێکدا ئەم کەسە خۆی لە حکومەتەکەی هەرێم دەوڵەمەندتر بوو و دەیتوانی نەک خزم و خوشکەکەی، بەڵکو سەدی تریش بەوانەوە بژیەنێت. بێگومان پارەی مفتی بە قاچوقوچ پەیداکراو هەر رەفتار و نەفسییەتی وای لێدەکەوێتەوە و ئەمڕۆ کۆمەڵگەی ئێمە پڕبووە لە نموونەی هاوشێوە و کاریگەریشیان زۆرە بەسەر حکومەتەوە، بۆیە هیچ سەیر و سەمەرە نییە ئەمیش هەمان خەسڵەت و رەفتاری ئەوانی هەبێت.
لە باسێکی تردا دێمە سەر رەفتاری ئەو دایک و داپیرانەمان کە لە رۆژگاری خۆیدا شانی مەردایەتییان دایە بەر بەخێوکردن و پێگەیاندنی رۆڵەکانیان و منەتیان بە هیچ کەس و حکومەتێکیش نەبوو. ئەوانە پێویستە ئەمڕۆ کوڕنوش بۆ یاد و ناوبانگیان ببرێت و پەند لە ئاکار و مۆراڵیان وەربگیرێت.

وتارەکانی نوسەر