كـهژاڵ ئهحمهد
Soft power هێزی نەرم، لە ئامانجەكانیدا پەیوەستە بە ئامانجی رێكخراوەكانەوە، ئەگەرچی رێكخراوەكان ئامرازێكی كۆنی مرۆڤ و كۆمەڵگەكانن بۆ دروست كردنی گۆڕانكاریی، وەلێ تێزەكەی جۆزێف نای كە لەسەرەتای نەوەدەكاندا سەری هەڵدا، كاركردن بەم ئامرازە كۆنانەی نوێ كردەوە لەبەرئەوەی لە هەمان خاڵدا بەیەكتر دەگەن كە ئەویش گۆڕانكاریی ریشەییە لەناو بڕگە هەستیارەكانی كۆمەڵگەدا بەبێ توندوتیژیی و بە شێوازی ئاشتییانە بەبێ رشتنی خوێن. یەكێك لەو رێكخراوانەی رەنجی زۆری داوە و سەرەڕای رێگریی و سەختییەكانیش لەسەر پێیەكانی خۆی راوەستاوە، یەكێتیی ژنانی كوردستانە. ئەم رێكخراوە ژنانەی لە 4/11/1989 دامەزراوە لەسەردەمی خەباتی شاخدا و جێ پەنجەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەسەر نەخشەی دامەزراندنەكەی بەڕوونیی دیارە ئاوێتەیشە بە هەوڵی ژمارەیەك ژنی كۆڵنەدەری وەك كافیە سلێمان و رووناك رەئوفی دایكی د.بەرهەم و ژنانی تر. یەكێتی ژنان یەكەم بانگەوازی خۆی لە هەمان ساڵدا بڵاوكردۆتەوە و گۆڤارێكیشی بەناوی (گۆڤاری تەوار) لە مانگی ئازاری ساڵی 1990 خستۆتە خزمەتی خوێنەرانەوە، گۆڤارەكە تائێستایش بەردەوامە و لە ئێستادا بە هیمەتی هاوڕێی ئازیزم شیرین تاهیر كە خانمێكی شاعیر و ئەكادیمییە،گۆڤارەكە چۆتە قۆناغێكی سەردەمی و جیاوازەوە كە بە شێوازێكی هاوچەرخانە لە گرفتەكانی خانمان دەدوێت و رێگە چارەی جیاواز بۆ برەودان بە كەسایەتی مێینە و نیشاندانی رێگەی سەركەوتنیان بەیان دەكات. ئەمڕۆ لە یادی 35 ساڵەی دامەزرانی یەكێتیی ژناندا بێجگە لە پێشكەش كردنی چەپكە گوڵی پیرۆزبایی و هیوای بەردەوامبوونی ژنان لەسەر زیاتر پێشكەوتن و سەركەوتنیان، لێرەوە ئەوە بە بیر خوێنەرە دێرینەكانم دەهێنمەوە كە لەسەرەتای دەست پێ كردنی كاری رۆژنامەنووسیدا یەكێك بووم لە هەرە رەخنەگرە سەرسەختەكان كە چاوم هەردەم كراوەبوو لەسەر كار و بەرنامە و پڕۆژەكانی ژنان و سەرجەم سێكتەرەكان، ئەگەرچی هاوڕێی نزیكی دامەزرێنەران و سكرتاریەتی یەكێتی ژنان و زۆربەی ئەندامەكانیش بووم، دڵفراوانیی و سووربوونیان لەسەر گۆڕینی ئەدائیان و دروست كردنی گۆڕانكاریی لە كۆمەڵگەدا شایەنی رێزێكی زۆرە. بەشێك لە شانازییەكانی ژیانم ئەو تێكەڵاویی و بیروڕا گۆڕینەوە و هەندێجار كاركردنەم بووە لەناو رێكخراوەكانی وەك نووسەران، رۆژنامەنووسان، ژنان و گەنجان. ئەوەی شانازییەكە باڵاتر دەكات ئەوەیە ئێمەی نەوەی كۆتایی هەشتاكان هەلی ژیان و كاركردنمان هەبووە لە كایەی وەرچەرخانێكی مێژوویدا كە شۆڕشەكەمان بەهۆی راپەڕینەوە لە شاخەوە هاتە شار و دەست كرا بە دامەزراندن و سەرلەنوێ خستنەوەكاری رێكخراو و دامەزراوە گرنگە شارستانییەكان، ئێمە ئەو نەوەیە بووین كە بەشداربووین لە بووژاندنەوەی لایەنە زیندووەكەی ژیان لە وڵاتەكەماندا و بۆچوونمان هەبوو لە نەخشاندنی پێشكەوتنی كۆمەڵایەتیی و گۆڕینی هزری باودا.