ماردین عەبدولكەریم
ماوەی چەندین ساڵە بە بیستنی وشەی مووچە، لەباتی دڵخۆشبوون و رەوینەوەی خەمی دابینكردنی پێداویستییەكانی تاك و خێزان، وشەكانی بێهیوایی و نائومێدیی و بێ متمانەیی بۆتە پردێكی لەرزۆكی پەیوەندیی نێوان مووچەخۆران و حكومەت.
وا ئێستاش سەرباری پاشەكەوتكردن و لێبڕین، رۆژانە دەیان هەواڵی جۆراوجۆر لەبارەی رێوشوێنی وەرگرتنی مووچەوە بەگوێی مووچەخۆراندا دەدەرێت، كە وایان كردووە قێزەونترین بابەت و كێشە لە ژیانیاندا مووچە بێت، هۆكاری سەرەكیی هەموو ئەم كێشانەش تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستانەو بەس، كە پیلانداڕێژەری ئەم دۆسێیەن، ئەوەش بەبۆنەی عینادیی سیاسیی و بەرژەوەندیی بنەماڵەییەوە. ئەوان بە ئاشكرا ژیان و گوزەرانی مووچەخۆرانیان خستووەتە بەردەم ئەگەری هات و نەهاتی مووچەوە، ئەمە سەرباری سیاسەتی زۆرەملێ و تۆقاندن لە پێناوی هەژمارەكەی خۆیاندا كە تەنیا هەژماری مووچەخۆر نییە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە ئامانجی سەرەكیی خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكە، لە ئێستادا بێ جیاوازی هەموو تواناكانی بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی تەوتین و زامنكردنی مووچەی مووچەخۆران خستووەتەگەڕ، هەرچی پارتییە ئەوا تەنیا مەبەستی سەرخستنی پڕۆژە و پیلانەكانی خۆیەتی تەنانەت ئەگەر باج و سووتەمەنییەكەشی مووچەخۆر و هاوڵاتی خۆی بێت. ئەم سیاسەتە كە برسیی كردن و دەستبردنە بۆ قوتی خەڵك، لە روانگەیەكی مرۆڤدۆستانەوە، هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ ئەو چەكە كۆمەڵكوژەی بەرامبەر بە هاوڵاتیانمان لە هەڵەبجە بەكارهێنراو ژیانی لە خەڵكەكەی سەندەوە. ئەگەر ئەو مردنە بە دەستی رژێمی بەعس و دوژمن بوو، ئەگەر مەرگێكی خێرای تاڕادەیەك بێ ئازاربووبێت بەدەم هەڵمژینی بۆنی سێوەوە، ئەوا ئەمەی ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بەرامبەر خەڵكی بەشمەینەتی كوردستان ئەنجامیدەدات، هەر لە بەكارهێنانی دەیان رێگای ساختەی جۆراجۆرەوە تا ناچاركردنی هاوڵاتییانی كوردستان بە قبوڵكردنی پڕۆژەی هەژماری من، كە هەر رۆژەی جۆرێك لە موزایەدە و ریكلام و پڕوپاگەندەی بۆ دەكات كە گوایە لە خزمەتی مووچەخۆراندایە، ئەوا جگە لە مردنێكی هێواشی مووچەخۆر هیچی تر نییە، رێگایەكی زەقی برسیكردن و دەستبردنیشە بۆ قوتی مووچەخۆر و پڕكردنی گیرفانی حزب و بڕیاربەدەستانیانە.
هەربۆیە لێرەوە بەپێویستی دەزانین كە پارتی دیموكراتی كوردستان بخرێتە بەردەم بژاردەیەكەوە بۆ ئەوەی لەوە زیاتر مووچەخۆران زەرەرمەند نەبن، ئەگەر ئەوان وەك ئەوەی بانگەشەی بۆدەكەن لە خەمی پارێزراویی مووچەی خەڵكدان، ئەوا با هەر هیچ نەبێ دەست لە فشاركردن لە مووچەخۆران هەڵبگرن، با مووچەخۆر سەرپشك بێت لەوەی چ بانكێك دەكاتە شوێنی هەڵگرتن و وەرگرتنی پارەكانی، نەك بەردەوامبوونی ئەوەی كە لەرابردوودا هەبوو، واتە هەر كات بودجە كورتی هێنابێت، دەستبەجێ پەلاماری گیرفانی مووچەخۆران بدرێت و مووچەیان دوابخرێت، یان لێی ببڕدرێت، یان پاشەكەوت بكرێت، خۆ ئەگەر ئەمەشیان پێناكرێت لێگەڕێن با یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بەڵێنەكانی بۆ خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكات و هیوایەك بۆ هاوڵاتیانی بگەڕێنێتەوە.