چیرۆكی ژنێکی ناوازە

10:46 - 2022-06-04
‎‎سۆزان حەمە تاتە
360 خوێندراوەتەوە

ژنێكی ئەمەریكی لە تەمەنی 82 ساڵیدا و لە ویلایەتی میریلاند، دوای ساڵانێكی زۆر لە ویست و بیركردنەوە و هەوڵدان، خەونەكەی بەدیهێنا و توانی بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە كارگێڕی كاردا بەدەستبهێنێت، بۆ مای بیل گەیشتنە ئەو خەونە وەكو گەنجبوونەوە یان گەیشتنە لوتكەی خەونەكان وایە كاتێك ژیان و تەمەن و رێگرییە سەختەكان مرۆڤ ماندوودەكەن و بە ناچاریی بە زۆر شەوانی بێخەوی و رۆژانی پڕ لە كاركردنی دەكات. 
خەونی دیکەی هەبوو
مای بیل، پیشەی پەرستاری بوو، بەڵام ئیشەكەی وای لێنەكرد خەونی دیكەی نەبێت یان بەلایەنی كەمەوە تەنها بە ژیانێكی سادە و چەند سەعاتێک كاركردن رازی بێت و ئیدی كاتەكانی دیكەی ژیانی لە ماڵ و پشوودا بەسەرببات، بەڵكو لەگەڵ قورسی ئیش و هەڵكشانی تەمەنیدا درێژەی بە خوێندنی زانكۆیی دا و چەند تەمەنی هەڵكشا نەوەستا، لە 82 ساڵیدا خەونی كچێكی 20 ساڵی گەنجی بەدەستهێنا كە ئەو خۆی بۆی نەڕەخسابوو.
 چیرۆكی مای بیل نموونەی ژنی ئازا و لەخۆبوردەیە كە ژیان و سەختییەكان نابنە رێگر لێی، ئایا نموونەی لەو شێوەیە دەكرێت تەنها بۆ كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو راستبێت یان پێویستە ئەو نموونە ببێتە جێگەی سەرنج و چاولێكەرییەكی دڵخۆشكەرانە بۆ كۆمەڵگەی كوردەواریی خۆشمان كە بەهۆی ساڵانی زۆری داگیركاری و چەوساندنەوە و نەبوونی و دەردەسەری و ئاوارەییەوە هەزاران مرۆڤ و بەتایبەت ژنان خەونەكانیان تیایدا بەدینەهاتووە و زۆریشیان گیانیان سپاردووە؟
جێگەی شانازییە
 چیرۆكی مای بیل بۆ هەر ژنێ جێگەی شانازییە، راستە كۆمەڵگە و خێزان و سیستمە سیاسی و پەروەردەییەكەش جیاوازە، بەڵام بەهۆی دۆز و رێگری و ژیانی لەیەكچوویان لەسەر ئاستە رەگەزییەكە، چیرۆكە سەركەوتووەكانی ژنان زیاتر دەبنە سەرمەشق بۆ ژنی دیكە و بەهۆیەوە هەزاران ژن لە كۆمەڵگە جیاوازەكاندا هەم پێی دڵخۆشدەبن و هەمیش دەیكەنە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی خۆیاندا.
لە هەرێمی كوردستان دەیان نموونەی هاوتەمەنی مای بیلی ژنە سەركەوتووی ئەمەریكی هەیە كە خەونی لەوجۆرەیان هەیە، دەیانەوێت قەرەبووی ژیانی ناخۆش و پڕ چەرمەسەری گەنجێتیان بكەنەوە، ئەوكاتانەی رەشەبای زەمانە خەونەكانی شكاندوون، هەر لە دەرفەتێك دەگەڕێن بۆ ئەوەی دڵی شكاوی پڕ لە خەونی بەدینەهاتوویان كەمێك ئارامبكەنەوە.
بۆ زۆرێک خەونە
راستە بڕوانامە پێوەری یەكلاییكەرەوەی سەركەوتن نییە لە ژیاندا، بەڵام بۆ زۆرێك خەونە، بەتایبەت لە كۆمەڵگەی تازە گەشەسەندوودا كە دەرفەت بۆ هەنگاونان بۆ سەركەوتن و قەرەبووكردنەوەی شكستەكان و بەدیهاتنی خەونەكان دەنرێت، پێویستە ئێمەی ژنانی كوردستان ئەم چیرۆكەی مای بیل بخوێنینەوە بۆ ئەوەی بێهیوا نەبین لە بەدیهێنانی خەونەكانمان.

وتارەکانی نوسەر