دیاردە دزێوەکان

تۆنی بلێر عەلی گلی و کۆڵن پاوڵ عبدالزهرة‌

09:27 - 2024-11-17
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
70 خوێندراوەتەوە

-30- 
هەموو دەزانین کە تۆنی بلێر و کۆڵن پاوڵ کێ بوون و چ رۆڵێکیان هەبوو لە روخاندنی رژێمی بەعسدا. ساڵانی 2005 و بەملاوە ئێمە لەگەڵ چەند برادەرێکدا هاوکاربووین لە دەرکردنی گۆڤاری (بانەڕۆژ)دا، کە کۆمەڵەی روناکبیریی و کۆمەڵایەتی کەرکوک دەریدەکرد و مامۆستا لەتیف هەڵمەت سەرنووسەری بوو. ئەو دەمە بۆ هەر ژمارەیەک لاپەڕەیەک تەرخان دەکرا بۆ وێنەی منداڵان. لە ژمارەیەکی ساڵی 2006دا بوو لە لاپەڕەکەی منداڵاندا چاوم بە وێنەی دوو منداڵی ژیکەڵە کەوت، کە تەمەنیان دوو ساڵ دەبوو بەو ناوانەی لە سەرەوە نووسیومن. هەڵبەت ئەمە سەرنجڕاکێش بوو بۆ ئێمە و دەستبەجێ ئەوەمانزانی کە ئەو دوو باوکە چەند دڵخۆش بوون بە روخانی سەدام و رژێمە خوێنڕێژەکەی، دەریدەخات ئەگەر خۆشیان قوربانیی دەستی ئەو رژێمە نەبووبێتن ئەوا لە ژێر کاریگەریی سایکۆلۆجیی ئەو دۆخەدا سەرسام بوون بەو دوو کەسایەتییە، کە یەکەمیان سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و دووەمیشیان فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و دواتر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو لە سەروبەندی روخانی رژێمدا. ئێستا ئەو دوو ناوە لە وڵاتەکانی خۆیان بوون بە مێژوو و کەس باسیان ناکات، نازانم دوو منداڵەکەی کەرکوک کە ئێستا گەورە بوون، هەر ئەو دوو ناوەیان پێوەیە یان گۆڕیویانە.
لای ئێمە بووە بە نەریت کە خەڵک لە سەرسامیی خۆیان بە سەرکردەیەک، حزبێک یان قەناعەتی سیاسیی و ئایدیۆلۆجی و نەتەوەیی و ئایینی خۆیان لە سەردەمێکی ژیانیاندا ناوی منداڵەکانیان بەپێی ئەو قەناعەتە دەنێن، دواتر یان هەر خۆیان یان منداڵەکانیان لە دۆخ و رۆژگارێکی تردا ئەو قەناعەتەیان نامێنێت و ناوەکەیان لێدەبێتە بار و تازە لە فەرمانگەی باری شارستانییش تۆمار بووە و گۆڕینی ئاسان نییە، بەپێی بیرکردنەوەی نوێ یان پێچەوانەی باوک و دایکەکە یان منداڵەکە لە کاتی گەورەبوونیدا. بێگومان هەریەک لە ئێمە چەندین نموونەی لایە لەسەر ئەو دیاردەیە، کە دواتر دەبێتە گرێ لای منداڵەکە خۆی کە گەورە دەبێت و وەک باوکی بیرناکاتەوە، یان لای باوکەکەش کە لە زەمەنێکی تردا گۆڕانکاریی بەسەر هزر و بۆچوونیدا هاتووە.
تۆ بڕوانە ئێستا خەڵک هەیە خۆی ناوی ئازاد، رزگار، نیشتمان، خەبات و دەیان ناوی لەم چەشنەیە کە لە سەردەمی بووژانەوەی بیری نەتەوەییدا لێیان نراوە و ئێستا کوڕ و کچی ئەو کەسانە ناویان ئەنەس، ئوسامە، عومەر و مەروەیە بەپێی قەناعەتی ئایینی ئێستایان.
باسی دوو نموونەتان لای خۆمەوە بۆ دەکەم و دڵنیام ئێوەش هەر یەکەتان چەندین نموونەتان لایە، ئەگەر خۆتان نەبن ئەوە ناوی خزم و کەس و دۆستتان پڕە لەو نموونەیە و بە ئاسانی دەتوانی حوکم بدەیت لەسەر ئەو ماوە و سەردەمەی ئەو کەسەی تێدا ناونراوە. جارێکیان دۆستێکم خانمێکی خزمی خۆی پێناساندم و گوتی: ئەمە حوڕییەتی ئامۆزامە، منیش پاش چاکوچۆنی پێموت دیارە بەڕێزتان لە دایکبووی ساڵی 1959ن و باوکیشت ئەو دەمە کۆمۆنیست بووە، ئەو دەستبەجێ پێکەنی و گوتی زۆر راستە ئەوە چۆنتزانی؟! ساڵانی 1980کان پیاوێکی کورد هەبوو بە ناوی حسێن و لە شارێکی ترەوە هاتبووە سلێمانی و لە یەکێک لە گەڕەکەکاندا نیشتەجێ بوو. ئەم پیاوە لەو دەمەدا کوڕێکی شەش حەوت ساڵانی هەبوو جەزرەبەی هەموو منداڵە هاوتەمەنەکانی خۆی دەدا لەو گەڕەکەدا و هیچ منداڵێکیش نەیدەوێرا دەستی تێوە بدات لەبەرئەوەی ناوی سەدام بوو!.

وتارەکانی نوسەر