بە هیوای دیدار

09:39 - 2022-06-05
شوان کەریم کابان
296 خوێندراوەتەوە

پاش ماندوبوونێكی زۆری سەرپەرشتیاری دیداری یەكێتی و لیژنەی دیدار و شەش مانگ كۆبوونەوە و گفتوگۆی هەڤاڵان لەبارەی چەندین مەسەلەی گرنگ پەیوەست بە ژیانی خەڵكی كوردستان و حزب و بارودۆخی سیاسی و رێكخراوەیی و پیشەیی و كەلتوری و ئابووری و پەروەردە و خوێندنی باڵا و میدیا و پەیوەندییەكان، لە چەندین دیداری شار و ناوچەكان لە بەغدا و دهۆك و گەرمیان و هەڵەبجە و هەولێر و راپەڕین و سلێمانی و پاش ئەوەی لە سەروبەندی یادی چلوحەوت ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی و چلوشەش ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێ، هەواری دیدار بۆ چوار رۆژ لە شاری سلێمانی هەڵدرا، گفتوگۆ و خستنەڕووی دیدو بۆچوونی هەزاران هەڤاڵی یەكێتی لەنێو دوانزە لیژنەدا چڕكرانەوە و خرانە دووتوێی راپۆرتی كۆتایی و لە مەراسیمی كۆتایی دیداردا تەسلیم بە هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی كرا.
گەرچی هەموو هەڤاڵان و ئەندامانی یەكێتی لەبەر هەر هۆیەك بووبێت، بەشدارنەبوون، بەڵام بەدڵنییاییەوە هەم لە كۆبوونەوە فراوانەكانی دیدار لە شارەكان و هەم لە نێو كاری لیژنەكان، هەڤاڵانی هاوڕێیان قسەی دڵی ئەوانیشیان كردووە و سەرنج و تێبینییەكانی ئەوانیشیان گەیاندووە و جێیانكردۆتەوە.
ئەوەی جێی سەرنجە و دەكرێت مایەی گلەییش بێت، نەبوونی لیژنەی شەهیدان و كەمئەندامانی سەنگەر و پێشمەرگە و تێكۆشەرە دێرینەكان بوو، بەڵام نەچووە بچێت، دەكرێت خاوەن بیرۆكەی دیدار و سەرپەرشتیاری دیدار، لیژنەیەك لەو بارەیەوە پێكبهێنێت، تا راپۆرتێك بە دیدوبۆچوون و سەرنج و پێشنیازەكانی ئەو توێژە فراوانەی یەكێتی ئامادەبكرێت.
لە دوا رۆژی دیداردا، پاش ئەوەی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی كۆی راپۆرتەكانی لە د.یوسف گۆران وەرگرت، پاش سوپاس و پێزانین، وتی: «ئەركە قورسەكە لێرەوە دەستپێدەكات». بە راستییش هەروایە، ئیتر ئەركی  سەركردایەتییە كە بەوردی و قووڵی، تاوتوێی سەرجەم راپۆرتەكان بكات و پاش بە دیقەت هەڵسەنگاندن، ئەوەی بڕیاری لەسەر دەدات كاری جددی لەسەر بكات و داواكاریی ویست و خواستی هەڤاڵان لە هەموو بوارەكاندا بخاتەسەر سكەی جێبەجێكردن، كە بەدڵنیاییەوە لە قازانجی خەڵكی هەرێمی كوردستان و یەكێتیدا دەبێت لە هەموو ئاستەكاندا.
ئومێدەوارم ماندووبوونی سەرجەم هەڤاڵان لە دیداری یەكێتی-دا، پڕ بەرەكەت و بەرهەم بێت و بە هیوای دیدار.

وتارەکانی نوسەر