ئەندامێتی لە حزبدا لە سەر چ بنەمایەکە؟

09:54 - 2022-06-05
بڵێسە جەبار فەرمان
396 خوێندراوەتەوە

بە کەسیکردنی سیاسەت و حزبایەتی بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی تایبەت کامیان لە پێشە؟ دەوترێت حزب ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە ئامانج. 
لە بنەماشدا هەر دەبێت وا بێت. چونکە ئەسڵ وایە. بێگومان دەبێت ئامانجی حزبەکان لەکاتی دروستبوونیاندا روون و راستەقینە و ئاشکرا بێت.
لەم باسەدا مەبەستێکی تایبەتیم هەیە سەبارەت هۆکار و چۆنێتی بنەمای بەئەندامێتی لە حزبە سیاسییەکان. ئەوەی جێگای تێڕامانە و پێویستی بە توێژینەوەیەکی ورد هەیە، ئەوەیە ئایا لەسەر چ بنەمایەک هاووڵاتیان دەبن بە ئەندام و لایەنگر و دەنگدەری حزب. ئایا ئامانجی هاووڵاتیان هەمان ئامانجی ئەو حزبانەیە کە تێیدا ئەندامن؟
واتە دامەزرێنەرانی حزب بە چ ئامانجێک دایدەمەزرێنن و ئەوانەی دەبن بە ئەندام و پەیوەست دەبن بە سیاسەتی حزبەکەوە چ ئامانجێکیان هەیە.
ئەندامێتی و لایەنگری و دەنگدان لە کۆمەڵگەی کوردەواری و بگرە لەسەر ئاستی عیراقیش لەسەر چەند بنەمایەکە، کە کەمترینیان لەسەر بنەمای بیروباوەڕ و ئایدۆلوجیایە. ئەوەی لە مێژووی حزبە کوردییەکاندا بەدیدەکرێت و بەتایبەتی لە دوای روخانی رژێمی بەعسەوە، ئەندامێتی و لایەنگری و دەنگدان کەمتر لەسەر  بنەمای فیکری و ئایدۆلۆجیایە، بەڵکو لەسەر چەند بنەمایەکە کە لێرەدا تیشک دەخەمە سەریان.
بنەمای خۆشەویستی بۆ کەسایەتییەک
پلەی یەکەمی بە ئەندام بوون لە حزبێکدا لەسەر بنەمای خۆشەویستییە بۆ تاکێک، لە نێو کۆمەڵگەی ئێمەدا شەخسپەرستی بەڕادەیەکی زۆر بەدیدەکرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگە بەسەر دوو بەرەدا دابەش ببن، ئەوانەی کە هەوڵدەدەن کەسایەتییەک وەکو فریادڕەس و بێ هاوتا و بێ هەڵە بناسێنن و ئەوانەی دژایەتیان دەکەن و هەوڵی بێبایەخبوون و ناشیرینکردن و هەڵەی ئەو کەسایەتییە دەدەن. 
بێگومان هەردوو رەوتەکە لەسەر بنەمای عاتیفە کار دەکەن و نەک لەسەر بنەمای فیکری. سۆزێکی زۆر بەسەر خەیاڵ و مێشکی ئەم توێژە لە ئەندامی حزب زاڵ دەبێت. هەر ئەم خۆشەویستی و شەخس پەرستییە دەبێتە هۆی بە ئەندامبوونیان لە حزبێکی دیاریکراودا. لەگەڵ نەمانی ئەو کارەکتەرە سیاسییە، ئەندام و لایەنگرانی ئەو حزبەش هەڵدەوەرن.
بەهەمان شێوە ئەوانەی دژی ئەو کەسایەتییە سیاسییە بوون و لەسەر بنەمای رقیان لەو، لایەنگری حزبێکی تر بوون ئەوانیش لەگەڵ نەمانی ئەو کاراکتەرە لەو حزبە دژە دوور دەکەونەوە  چونکە لایەنگریکردنیان تەنها لەسەر بنەمای دژایەتی ئەو کەسایەتییە کۆچکردووە بووە، نموونەی لەو شێوەیەمان لە کوردستانی عیراق بەتایبەتی زۆرە.
حزب و ناوچەگەرێتی و خێڵ چێتی
هۆکارێکی تری بە ئەندامبوون لە حزبێکدا لەسەر بنەمای ناوچەگەرێتییە، حزبەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان دابەشبوون بەسەر ناوچە و زاراوەکاندا ئەم دابەشبوونە لەم ساڵانەی دواییدا بە رێژەیەکی کەم ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی هێشتا بەدیدەکرێت.
هۆکارێکی تری بە ئەندامبوون لە حزبدا لەسەر بنەمای خێلایەتییە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەسانەی لەو حزبەدا باڵادەستن. سەرکردەکانی ئەو حزبە سەر بە هەر هۆز و خێڵ و عەشیرەتێک بن، زۆربەی ئەندامان و لایەنگرانیانی ئەو حزبە سەر بەهەمان هۆز و خێڵ و عەشیرەت دەبن. بۆ نموونە بەدەگمەن بارزانییەک بەدیدەکرێت ئەندامی لایەنێکی غەیرە پارتی بێت.
هۆکارێکی تر بریتییە لە دژایەتی لایەنێک، واتا بە ئەندامبوون لەسەر بنەمای دژایەتی حزبێکی تر. لێرەدا تەنها ئامانج کە حزب و ئەندام کۆدەکاتەوە دژایەتی و شکاندنی حزبی بەرامبەرە، نەک فکر و ئایدۆلوجیا.
کۆمەڵگەی ئێمە کۆمەڵگەیەکی عەشایری و خێلایەتییە. زۆر کات لەسەر زەوی و زار و بەراو و ئاو شەڕ و دژایەتی لە نێوان لادێکان و عەشیرەتەکان و تەنانەت خێزانەکانیشدا دروست دەبێت. 
بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان و دژایەتیکردنی بەرامبەر و بەدەستهێنانی پاڵپشتی هەریەک لەو لایەنە دژ بەیەکانە پەنا دەبەنە بەر هێزە سیاسییە دژ بەیەکەکان.
بەرژەوەندی تایبەت لە بەئەندام بووندا
هەر لەم ساڵانەی دواییدا بوو بە دیاردە بەتایبەتی لە حزبە باڵا دەستەکان. بەرژەوەندی تایبەت هۆکارێکی ئەساسی بوون بە ئەندامە لە حزبدا،  ئەو کەسەی دەبێتە ئەندام و لایەنگر چاوەڕێی پاداشت دەکات چ لە رووی مادی یان مەعنەوییەوە بێت، بەتایبەتی بوون بە ئەندام لە حزبەکانی نێو حکومەتدا بۆ بەدەستهێنانی پلەی بەرزترە لە نێو دامودەزگای حکومیدا.
ئەگەر ئەوەی مەبەستێتی لە نێو ئەو حزبەی ئەندامە تێیدا بەدەستی نەهێنا، ئەوا پەنا بۆ حزبی بەرامبەر دەبات. لە ئۆپۆزسیۆنیش بۆ بوون بە ئەندام پەرلەمان و پۆست وەرگرتن بەتایبەتی دوای بڕیاری بەشداریکردن لە حکومڕانیدا، بەشێکی زۆری لایەنگرانی حزبەکان پەیوەندییەکی مێژوویی و پابەندبوونێکی ئەخلاقی دەیانبەستێتەوە بە حزبەوە، بۆ نموونە دەنگدەر و لایەنگر و ئەندامانی سەرەکی حزبەکان لەسەر بنەمای شەهید و خەباتی تێکۆشەرێکی دێرینی خێزانەکەیە. 
ئەم مەسەلە پابەندبوونێکی ئەخلاقی وەک چوارچێوە بۆی دروست کردووە. ئەوەی ئەو کەسانە بە حزبەوە دەبەستێتەوە پابەندبوونێکی ئەخلاقییە بە شەهیدەکەیانەوە یا پێشمەرگە دێرێنەکەی خێزانەکەیانەوە نەک بە ئایدۆلۆجیای حزبەوە.
هەموو ئەم هۆکارانە دەبنە هۆی ئەوەی سیاسەت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بە رێڕەوی راستەقینەی خۆیدا نەڕوات.
لەبەر ئەوەیە لە بنەمادا حزبەکان بە جیاوازی رووکەش و رەنگەکانیان لەیەک دەچن و شکڵی یەکتریان وەرگرتووە و هەمان قەیران و کێشەی ناوخۆیی هاوبەشیشیان هەیە.
حزبەکان گرنگی بە ئایدۆلۆجیەت و فکر و ئامانج نادەن و لەو بڕوایەدان کە دەنگدر و هاووڵاتی دەتوانرێت کاریگەرییان بخرێتە سەر لەسەر ئەو بنەمایانای کە ناوم هێنان، هەربۆیە ئەوەی بایەخی پێنادرێت لە نێو حزبەکان ئایدۆلۆجیەت و فکر و ستراتیجیەتە.
ئەمەش دەبێتە هۆی پێشنەکەوتنی کۆمەڵگە و نەبوونی سیاسەتێکی روون و نەبوونی ستراتیجیەت و ئامانج بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە.
نەبوونی فکر و ستراتیجیەت و ئایدۆلۆجیای حزبە کوردییەکان، دەبێتە هۆی داڕمانی هێواشی حکومەت و هەرێم.
*ئەم بابەتە رۆژی پێنجشەممە 02-06-2022 بڵاوبۆتەوە، لەبەر ئەوەی بەشێکی بابەتەکە پەڕیبوو، پێمان باشبوو دووبارە بڵاوی بکەینەوە.
سەکۆی ئازاد

وتارەکانی نوسەر