شوخت

جارێكی دیكە پلاسخارت

09:55 - 2022-06-05
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
287 خوێندراوەتەوە

بڕیارە پێنجشەممەی داهاتوو گەڕێكی دیكەی دانیشتن و گفتوگۆی (جنین پلاسخارت) نێردراوی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەڕێوەبچێت. 
ئەوەی زانراوە هەمان باسوخواسی كۆبوونەوەی رابردووە، بەڵام لەوەدەچێت ئەمجارە باسی چارەسەریش بكەن.
لەكۆبونەوەی رابردوو بەشێك لە حزب و لایەنەكان گلەییان لە پلاسخارت كردبوو كە نەدەبوو بەوشێوەیە لە راپۆرتی تایبەتی خۆی باسی كوردستان بكات كە 17ی مانگی رابردوو لەبەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش پێشكەشی كرد. 
پلاسخارت لە وەڵامدا وتبووی ئێمە بەر لەساڵێك ئاگادارمان كردنەوە كە دۆخی كوردستان بەرەو خراپی دەچێت، بەڵام ئێوە ئەو ئاگاداركردنەوەی ئێمەتان بەهەند وەرنەگرت و بگرە دۆخەكەتان خراپتر كرد.
كۆبوونەوەی داهاتووی پلاسخارت لەگەڵ لایەنەكان، تەنها پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم نابێت، بەڵكو پرسی یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی نەوت لەگەڵ بەغدا و چاكسازیی لە حكومڕانیی و باشتركردنی ژیانی خەڵكی كوردستان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.
بێگومان گرفتەكانی هەرێم لە پرسی هەڵبژاردن واوەترن، بەتەنها بە پلاسخارت و بە دانیشتنێك و دوانیش چارەسەر ناكرێن، بەڵام دەكرێت چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم هەڵبژاردن، سەرەتایەك بێت بۆ چارەسەری گرفتەكانی دیكەی حكومڕانیی و باشتركردنی ژیانی خەڵك بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هۆشدارییانەی دەدرێتە بڕیاربەدەستانی هەرێم.
بەشێك لە گرفتەكانی ئێستا، پەیوەندی بە نێوانی هەرێم و بەغداوە هەیە، دیارترینیان دۆسیەی نەوتە كە ئێستا چارەنووسی قەوارەی هەرێمی پێوەگرێدراوە و ژمارەیەكی زۆر دۆسیەی دیكەی لە خۆی ئاڵاندووە و هۆكاری زۆربەی گرفتەكانی كوردستانە. ئەگەر ئەو پرسە بێتە سەر مێزی گفتوگۆ، بە دڵنیاییەوە پرسی شەراكەت و بەیەكەوە بڕیاردان و چاككردن و چاكسازیی لە حوكمڕانیی دێتەگۆڕێ، چونكە نەوت لە هەرێمی كوردستان هۆكاری سەرەكی نادادپەروەریی و دروستبوونی هەژموونی تاك حزبیی و ناشەفافیەت و گەندەڵیی و بە فیڕۆدانی سامانی گشتیی و خراپیی حكومڕانییە. 
بەكورتی گرفتەكانی بەردەم دۆخی چەقبەستووی كوردستان روون و دیارن، كەوایە چارەسەركردنیشیان زەحمەتییەكی ئەوتۆی تێدانییە، بەمەرجێك نیاز و ئیرادەی چارەسەركردن هەبێت. 
ئەگەر لایەنەكان رێكەون لەسەر بنەمای شەراكەت لە حکومڕانی و بەیەكەوە بڕیاردان، بێگومان دەرگایەكی گەورە بەرەو رووی چارەسەری دۆخی چەقبەستووی هەرێم دەکرێتەوە،  هەروەك دەكرێت رێككەوتن لەسەر پرسی هەڵبژاردن، ببێتە كلیلی كردنەوەی دەرگاكە و هەنگاونان بەرەو باشتركردنی حکومڕانیی. خۆ ئەگەر ئەوە نەكرێت، مەترسییەكانی سەر هەرێم كەم نابنەوە، بەڵكو ئۆباڵی خراپی حکومڕانیی و دەرەنجامەكانی، لە ئەستۆی ئەوانە دەبێت كە لەئاست مەترسییەكان خۆیان بێدەنگ كردووە.

وتارەکانی نوسەر