بێتاقەتم و پەنا بۆ هەر قوژبنێکی بیرەوەرییەکانم دەبەم، زیاتر بێتاقەتم دەکات. بێتاقەتم بۆ رۆیشتنی هەتاهەتایی ژمارەیەک لە دۆستانی ژیان و هاوڕێیانی خەباتم، بێتاقەتی ئەو نووسینانەم بە نیوەناچڵیی جێمهێشتن و تەواوم نەکردن.
رۆژگارێک گوزەرانی خەڵک زۆر خراپ بوو، گەمارۆی نێودەوڵەتیی و عیراقییش هەبوو، بەڵام خەڵکی کوردستان متمانەیان بە دەسەڵات و لایەنە سیاسییەکان لە لووتکەدا بوو، چونکە هێشتا جیاوازیی چینایەتیی خەڵک و بەرپرسان وەک ئێستا دەرنەکەوتبوو
لە دەفتەری بیرەوەرییەکانمدا لە رۆژی (28)ی مانگی ئابی ساڵی (1994)، ئەم چەند دێڕەم نووسیووە، لەو رۆژگارەدا لە گەرمیان بووم و رۆژی پێشتر لەگەڵ شەهید شەوکەتی حاجی موشیر و کاک عەدنانی حەمەی مینە لەناو شاری هەڵەبجە کەوتینە کەمینێکەوە و خالیدی پورزام و ئامۆزایەکی کاک شەوکەت بەناوی عەبدولڕەحمان، کاک سەرباز (ئەکرم کەریم خانەقینی) شەهیدبوون و کاک عەدنانیش بریندار بوو.
قابیلمان زۆرە یان هابیل؟
شەڕی ناوخۆ، شەڕی براکوژیی، شەڕی خۆکوژیی، بەداخەوە ئەم بەڵایە لەکۆڵ کورد نەبۆتەوە لەدێرزەمانەوە، نازانم کورد نەوەی راستەقینەی قابیلە یان هابیل؟! ناشزانم قابیلمان زۆرە یان هابیل؟!، بەڵام ئەوە دەزانم ئەم شەڕە نەگریسە بۆتە مایەی شکست و سەرنەکەوتنی بزووتنەوەی کوردایەتی، دەشزانم ئەم شەڕە سەرکەوتنی تێدا نییە و لە هەمووی خراپتر، کورد وەکو پێویست ئەزموونی لەم رابردووە تاڵە وەرنەگرتووە.
داخەکەم هەر ئەو رۆژە تەرمی چەند شەهیدێکمان ناشت، لە ناخمدا بورکانی حەسرەت و خەفەت و فرمێسک کڵپەی دەکرد، بەڵام بە رووکەش و بۆ ورەی دەووروبەر نەمدەتوانی وەکو خۆی ئەو هەستەم دەرببڕم، بۆیە هەر بەتەنها بۆ خۆم لە ناخی خۆمدا مەلەم لەناو ئەو بورکانەدا دەکرد و منیش وەکو دایکم چۆن بۆ لەدەستدانی کۆرپەکانی بە کۆڵ دەگریا و بە دڵیش دەسووتا، وام بەسەرهاتبوو، جاروباریش بە ئاگر شتێکم لەسەر دڵم دەنووسی کە هەتا ئێستایش هەر داگیرساوە.
مەڵبەندێک لە جوگرافیایەکی فراواندا
ساڵی (1993)، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوک بووم، کە بارەگای مەڵبەند لە دەربەندیخان بوو، کاک عوسمانی حاجی مەحمود جێگری لێپرسراوی مەڵبەند بوو، سنووری مەڵبەند بەرفراوان بوو، بێجگە لە گەرمیان و حەوزی چەمچەماڵ، کۆمیتەی کەرکوک لە رانیە و کۆمیتەی کەرکوک لە هەولێر و کۆمیتەیەکیش هەبوو بەناوی فەیلییەکانەوە لە سلێمانی، هەروەها شانەی رێکخستنە نهێنییەکانی بەغدا و خانەقی و کەرکوک سەربە مەڵبەندی کەرکوک بوون. ژمارەیەکی باش کادری چاک و چالاک و دیاری ناوچەکە کارگێڕ و ئەندامی مەڵبەند و لێپرسراوی کۆمیتەکان بوون.
ئەوسا چوار مەڵبەندی رێکخستن هەبوون، مەڵبەندی دهۆک کاک حەسەن کوێستانی لێپرسراوی بوو، کاک ئەرسەلان بایز لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێر بوو، کاک عومەری سەید عەلی لێپرسراوی مەڵبەندی سلیمانی بوو، بەندەش لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوک بووم، کاک عومەر فەتاح لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستن بوو.
مام جەلال خۆی کرایە سەرپەرشتیار
بە بڕیاری سەرکردایەتیی، رەوانشاد مام جەلال بوو بە سەرپەرشتیاری مەڵبەندی کەرکوک و ملازم عومەر بە سەرپەرشتیاری مەڵبەندی سلیمانی و کاک کۆسرەت بە سەرپەرشتیاری هەولێر و دکتۆر کمال فوئاد بە سەرپەرشتیاری مەڵبەندی دهۆک دیاریکران. ئەوسا نە سەتەلایت و نە مۆبایل، نە ئینتەرنێت هەبوو، پەیوەندییەکانم بە سەرەوە و بە دامودەزگاکانی یەکێتی و کۆمیتەکانەوە لەرێگەی جیهازی بێسیمی راکاڵەوە بوو. ئەو کاتانە ژیان و گوزەرانی خەڵک زۆر خراپ بوو، شەڕی نەگریسی ناوخۆ هەبوو، گەمارۆی نێو دەوڵەتیی و عیراقیی و ناوخۆیی هەبوو، کارەبا نەبوو، وشکە ساڵیش بوو، سووتەمەنیش نەبوو. سەرەڕای ئەمانە خەڵکی کوردستان بەئۆمێدبوون و هەموو غەمیان رزگاریی نیشتمانەکەیان بوو، چونکە متمانە بە دەسەڵات و لایەنە سیاسییەکان، ئەوسا لە لووتکەدا بوو، جارێ جیاوازیی خەڵک و خاوeن دەسەڵات دەرنەکەوتبوو.
1993 - عیماد ئەحمەد و بەشێک لە هەڤاڵان کارگێڕان و ئەندامانی ئەوسەردەمەی مەڵبەندی دووی کەرکوک
ئەوانەی ماڵئاواییان لێکردین
ئەوسا شانە و پۆل و کەرتی رێکخستن کارا بوون، کۆبوونەوەی رێکخستن و ئابوونە هەبوو، ئەوسا رێکخستن هەیبەت و رۆڵی شایستەی لە بڕیاردانی ناو یەکێتیدا هەبوو، ئەوسا مەڵبەند سەرچاوەی بڕیار بوو لە ناوچەکەی خۆیدا. هەماهەنگیی و سەرپەرشتیی هەموو دامودەزگاکانی سنوورەکەی خۆی دەکرد، ئەوسا رێکخستن سەرچاوەی دەنگوباس و زانیاری بوو، ئەوسا کادری رێکخستن کەسانی چالاک و بەهەیبەت و دیاری ناو جەماوەر بوون.
لەم نووسینەدا ناتوانم باسی یەکەیەکەی ئەو هەڤاڵانە بکەم کە چەند دڵسۆز و ئازا و بەوەفا بوون بۆ کورد و کوردستان و یەکێتی، بەشێکیان ئێستا لە ژیاندا ماون و بەشی زۆریان پلەی باڵایان هەیە، وەکو مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و بەشەکەی تریان لە ژیاندا نەماون و کۆچی ئەبەدییان کردووە، وەکو کاک حەمەنوری و وەسفیەخان و کاک عەلی شامار و کاک سەڵاح کوێخا و مامۆستا ئیکرام و کاک ئیسماعیل مەردان، ئەمان کارگێری مەڵبەند بوون، داخەکەم بۆ لەدەستدانیان، چەند بەنرخ و کامڵ و قارەمان بوون، زۆر سوودم لە هاوڕییەتی ئەم تێکۆشەرانە وەرگرتووە، زۆر شتیان لێوە فیربووم، داخەکەم زوو ئێمەیان بەجێهێشت و بێبەش بووین لە نیعمەتی هاوڕێیەتییان.
جیاواز لە بیروڕادا .. یەکهەڵوێست لە بڕیاردا
مەڵبەندی کەرکوک وەکو دەزگایەکی یەکێتی، سەرەڕای جیاوازیی بیروڕا و ریزبەندیی جیاواز، بەڵام لەکاتی بڕیاردان و جێبەجێکردنی ئەرکەکاندا یەک تیم و یەک هەڵوێست بووین لەناو خۆماندا بۆ جێبەجێکردنی ئەرک و فەرمانەکان بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان.
یادی هەموویان بەخێر، هەرگیز لەبیرناکرێن و بە ئاسانییش شوێنیان پڕناکرێتەوە. ئێستاش شانازیی بەو رۆژانەوە دەکەم کە لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەدا کارم کردووە، چەند بە سەلیقە و دڵسۆزییەوە کاریان دەکرد وەکو یەک خێزان و بەردەوام بەیەکەوە بووین، بەیەکەوە جەولەمان دەکرد و سەردانی خەڵکمان دەکرد و لەسەر یەک سفرە نانمان دەخوارد و بەیەکەوە لە مەڵبەند دەماینەوە. بەردەوام لە خۆشیی و ناخۆشییەکاندا پێکەوەبووین.
هاوڕێیەتییەک دوور لە ئیرادەی خود
هاوڕێیەتی لە بواری سیاسەتدا بە دەست خۆت نییە، جار هەیە تووش دەبیت بە هەندێک کەسەوە ئەگەر سیاسەت نەبێت، چاوت بەچاوی ناکەوێت، بەڵام بەپێچەوانەوە جاریش هەیە دەبیت بە هاوڕێی هەندێک کەس تا مردن جێی شانازین و وەکو ئەڵماس دەبریسکێنەوە.
هەڤاڵانی مەڵبەندی کەرکوک بۆ من لەو سەردەمەدا ئەڵماس بوون و جێی وەفا و دڵسۆزین و لەگەڵمدا دەژین، بوونەتە سەرمایەی راستەقینەی ژیان و خەباتم، پەیوەندیم لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەی لە ژیاندا ماون بەردەوامە و جێگەی شانازیمن، بەردەوام ئاگامان لە یەکترییە، خوا تەمەنیان درێژبکات و بێ بەش نەبم لە تیشکی رووناکییان.
* ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لە راستەوە: عیماد ئەحمەد، عومەری سەید عەلی، شێخ جەعفەر، کۆسرەت رەسوڵ عەلی و چەند هەڤاڵێک