ئەو کڵاوە ناچێتە سەری کەس

یاسا و پاساو دوو شتی جیاوازن

11:04 - 2024-12-05
جەمال ئارێز
85 خوێندراوەتەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئێستا بە کردەوە کاربەڕێکەرە، بەوپێیەی هەڵبژاردن کراوە و پەرلەمانی نوێ –ش پێکهاتووە، چیتر ناتوانێت وەکو حکومەتێک بە دەسەڵاتی تەواوەوە و بە مەزاجی شەخسی بڕیار لە ورد و درشت بدات و بەناوی یاساوە پاساو بۆ سەرەڕۆیی و بێباکی بەرامبەر هاووڵاتیان و مووچەخۆران بهێنێتەوە، چونکە یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی جیاوازە لە پاساو هێنانەوە یان ئۆباڵی کورتهێنانی بڕی پارەی مووچە بخرێتە ئەم و ئەو. یاسای بودجە و رێکارەکانی ناردنی مووچە زۆر روون و ئاشکران و وەک ئەوەی راگەیەندراوە «بریتییە لە ناردنی مووچە لە بەغداوە بەمەرجی ئەوەی هەرێم داهاتی نەوتی و نانەوتیی و نیوەی داهاتی ناوخۆیی و خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان لەگەڵ بەغدادا بە شەفافی پاکتاو بکات)، ئیدی لە دەرەوەی ئەوە، تۆمەتبارکردنی ئەم و ئەو، پاساوهێنانەوەی لابەلا بۆ دواخستنی مووچەی مووچەخۆران هیچ ئەرزش و کاریگەرییەکی نییە تا بتوانێت مووچەخۆرانی هەرێم قەناعەت پێبهێنێت کە ئەوە بەغدایە گرفت بۆ مووچە دروست دەکات. لە 2014 وە لایەنی دەستڕۆیشتووی دارایی لە هەرێم لەناو وەزارەتی دارایی عیراقیشدا سەربە پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، چ وەک وەزیری دارایی فیدراڵ بۆ ماوەی چوار ساڵ و چ وەک بریکاری وەزارەتەکە لە 2005 -ەوە تا ئێستا. هەر لە 2014 - شەوە گرفت بۆ مووچە و بودجە دروست بووە کە بەناوی ئابووریی سەربەخۆوە گەورەترین گورز لە سیستمی ناردنی مووچە درا، لەکاتێکدا لە ساڵی 2003 وە تا 2014 مووچە و بودجە هیچ گرفتێکی نەبوو. ئێستا ئەوە روونە کە نە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نە هیچ کام لە حزبەکانی دیکەی کوردستان لارییان لەوە نییە کە یاسای بودجەی سێ ساڵە (2023 – 2024 - 2025) و بڕیارە راشکاوانەکەی دادگای فیدراڵی تایبەت بە ناردنی مووچە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، کە ئەویش دوو بڕگەیە و بریتییە لەوەی حکومەتی فیدراڵ پابەندبێت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمەوە هاوشێوەی هەموو پارێزگاکانی دیکەی عیراق، هاوکات بڕگەی دووەمی رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی پارێزگاکانی هەرێمە بە خەزێنەی گشتیی دەوڵەتی عیراق لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە. بەڵام دەسەڵاتدارانی دارایی هەرێم هاوشێوەی (لا تقربوا الصلاة وانتم سکاری) مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیدا دەکەن و تەنها دەڵێن (لا تقربوا الصلاة)، بۆیە ئەو کڵاوە نە دەچێتە سەری تەیف سامی و نە حکومەتی فیدراڵ و نە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش. لە نوێترین لێدوانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراقیشدا لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی لە نوێنەران، راشکاوانە پێیوتوون: گرفتەکە پەیوەستە بە حکومەتی هەرێمەوە. چیتر هاووڵاتیانێکی بێ دەرەتان لە هەولێر و دهۆک کە ناتوانن لەبەرامبەر هیچ نادادییەکدا ناڕەزایی دەرببڕن و بێنە سەر شەقام، بۆ ئەجێندای تایبەتی خۆتان بەکارمەهێنن، خۆ ئەگەر کارەکەتان یاسایی بوایە و پێچەوانەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نەبووایە، ئەوا بریکارەکەتان لە وەزارەتی دارایی بەغدا دەیتوانی ئەو شەڕە بۆ قووتی خەڵک بکات و پێویستی بە خۆپیشاندان لە دژی تەیف سامی نەدەکرد، بەڵام چونکە پێشێلکارییەکە لە هەرێمەوەیە، سەری خۆی کزکردووە، تا مێزی یارییەکە بەسەر خۆیدا قڵپ نەبێتەوە، بەوپێیەی پاساوێکی ماقووڵی پێ نییە.

وتارەکانی نوسەر