جەمال ئارێز
رەنگە چ بەلای خەڵکی ئاسایی و رەشۆکییەوە و چ بەلای کایە پیشەسازیی و سەرمایەگوزارییەکانەوە، ئاسایی بێت گرنگیی ئابووریی بخرێتە سەروو گرنگیی هەموو کایەکانی دیکەوە کە مخابن هەر واش رۆیشتووە.
کۆڕبەندە ئابوورییەکان بەراورد بە ژینگەییەکان
ساڵانە دەبینین لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی چەندین کۆڕبەند و دیداری تایبەت بە کایە جیاجیاکانی وەبەرهێنان و پیشەسازیی و ئابووریی بەڕێوەدەچن و بڕە پارەی زەبەلاح بۆ ئەو کۆڕبەند و دیدارانە تەرخان دەکرێت و بەشی زۆری راسپاردە و پێشنیازەکانیش لەوبارەیەوە بە ماوەیەکی کەم دەخرێنە بواری جێبەجێکردن و زۆربەی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وڵاتانی پێشکەوتوو و تازە پێگەیشتوو دەیخەنە چوارچێوەی رێنمایی و بڕیارەکانی خۆیانەوە، بە ئامانجی پەرەپێدانی کەرتە ئابوورییەکەیان، بەڵام سەبارەت بە ژینگە چ لەسەر ئاستی تاک و چ لەسەر ئاستی شار و وڵات و جیهانیش کەمترین دیدار و دیبەیت و کۆڕبەند رێکدەخرێت و ئەو راسپاردە و بڕیارانەش کە دەدرێن (جگە لەو وڵاتانەی ژینگە بەلایانەوە ئەولەوییەتی هەیە و بووە بە کەلتوری تاک)، کەمترین پابەندییان پێوە دەکرێت، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە هێشتا لە جیهاندا وەک پێویست ژینگە نەبووەتە کەیسێکی جێی بایەخ.
لە ئەگەری فەرامۆشکردنی کەیسی ژینگەدا
دەشێت لە کۆی جیهان گەڕێین و ئاوڕێک لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەوروبەری بدەینەوە، لانیکەم بتوانین قسەیەک لەسەر خۆمان و ژینگەکەمان بکەین کە چۆن کراوەتە قوربانیی هەندێک بواری دیکە و لە سەروو هەموویانەوە ئابووری، بێگومان ئەوەش لەو سۆنگەیەوەیە کە تێفکرین و تێڕوانینێکی زانستیانە نییە بۆ ئەو زیانانەی لە دوور مەودادا بەر ئابووریی تاک و دەوڵەتیش دەکەوێت لە ئەگەری فەرامۆشکردنی ژینگەدا.
زۆر دوور نەڕۆین لە وڵاتێکی وەک ئێراندا، بە ئامانجی پاکڕاگرتنی ژینگەی وڵاتەکەیان، ساڵانە بۆ ماوەی چەند مانگێکی وەرزی چاندن و روواندن، بابەتی دانانی گومرگ لەسەر ئەو جۆرە نەمامانە هەڵدەگیرێت کە لەناو خودی ئێراندا نین و کاریگەرییان بۆ سەر پاککردنەوەی ژینگە و هاوسەنگکردنی بەرگە هەوا هەیە، لەو جەنجاڵی و دوکەڵی کارخانانەی کاریگەرییان لەسەر پیسبوونی ژینگە هەیە، بەوەش لە دوور مەودادا وڵاتێکی سەوزتر و کەشوهەوایەکی خاوێنتر بۆ هاووڵاتییەکانیان دەستەبەر دەکەن.
لە ئێران، بۆ پاکڕاگرتنی ژینگەی وڵاتەکەیان، ساڵانە لە وەرزی چاندندا، بابەتی دانانی گومرگ لەسەر نەمام هەڵدەگیرێت، ئەوەش بۆ پاککردنەوەی ژینگە و هاوسەنگکردنێتی بەو دوکەڵی کارخانانەی کاریگەرییان لەسەر پیسبوونی ژینگە هەیە
هاوردەکردنی نەمام
لێرەوە لایەک لە دۆخی هەرێمەکەی خۆمان بکەینەوە، گومانی تێدا نییە گومرگ و باج و رسوماتە حکومییەکان بەشێکی گرنگن لە داهاتی هەرێم و ناشێت فەرامۆش بکرێن، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رۆژنامەوانی، لەم سەردەمەدا کە تا رادەیەک هۆشیاریی ژینگەیی لەناو خەڵکدا بڵاوبووەتەوە و بەگوێرەی ئەو پەیوەستبوونەوەیەی جیهانیش بە یەکترییەوە، زۆر نەمام و گوڵ و درەختی هاوکار لە رازاندنەوە و پاککردنەوەی ژینگە لای ئێمە پێشتر نەبووە و ئێستا لە دەرەوەی وڵاتەوە هاوردە دەکرێن، بەڵام نرخیان زۆر گرانە، لەو بەدواداچوونەمدا بۆ هۆکاری بەرزیی نرخەکەی، فرۆشیارەکان ئۆباڵەکەی دەخەنە ئەستۆی حکومەت کە بۆ هەر کامیۆنێک نەمام نزیکەی (7000) دۆلار گومرگی دەچێتەسەر. هۆکارێکی دیکەشیان ئەوەیە کە ئێستا بۆ مۆڵەتی هەر بینایەک لە شارەوانییەکاندا، مەرجە خاوەن موڵک چەند نەمامێک بکڕێت و رادەستی بەشی باخچەکانی بکات، ئەمەش وەک سیستمی (عەرز و تەڵەب) هۆکارێکە بۆ مانەوەی نرخی نەمامەکان بە بەرزی.
دەبێت ئابووریی بەهێز هاوسەنگ بێت لەگەڵ ژینگەی خاوێندا
کاتی ئەوەیە حکومەت کە جڵەوی سەرجەم سێکتەرەکانی بەدەستەوەیە، ئاوڕێکی جددی لەو بابەتە بداتەوە و لانیکەم هاوشێوەی ئێرانی دراوسێ بۆ چەند مانگێکی کەم و لە وەرزێکی دیاریکراودا گومرگ لەسەر نەمام هەڵبگرێت، تا شانبەشانی گەشەی ئابووریی، ژینگەکەشمان گەشە بکات، چونکە نابێت ئەوەش نادیدە بگرین لە ئابووریی بەهێزدا ژمارەی کارگە و کارخانە و ئۆتۆمبێل و هەموو ئەو هۆکارانەی دەبنە مایەی پیسبوونی ژینگە زیاد دەکەن و تووشبووانی (شێرپەنجە و رەبوو) ش روو لە هەڵکشان دەکەن، ئەوەش کاریگەریی خراپی لەسەر کەرتی تەندروستی و تەنگژەی دەرمان دەبێت، جگەلەوەی کاریگەریی لەسەر بەهەدەرچوونی داهاتی دەوڵەت و تاکیش دەبێت بۆ هاوردەکردنی دەرمان بە درێژایی ساڵێکی دارایی.