رژێمی سوریا نموونەیەکی نوێی ناو جیهانی سیاسەت و نزیکترین جوگرافیایە لێمانەوە کە هێشتا رووداوەکانی رووخانی ئەو رژێمە گەرماو گەرمە و دیارنییە ئاراستەکەی بەرەو کوێوە مل دەنێت
گرفتی رژێمە دیکتاتۆرەکان ئەوەیە سوود لە مێژووی خۆیان و دەوروبەریان وەرناگرن، لەکاتێکدا ستەمکارییەکانیان تا لێواری مەرگ و رووخانیان دەبات، کەچی لەبری پەند وەرگرتن و گەڕانەوە بۆلای خواستەکانی گەلەکانیان، سوود لە تەکنیک و تەکتیکی نوێی سەرکوتکاریی وەردەگرن لەڕێی توندکردنەوەی دەزگا داپڵۆسێنەرەکانیانەوە شێوازی نوێی ئەشکەنجە و تۆقاندن دەگرنەبەر.
رژێمی سوریا نموونەیەکی نوێی ناو جیهانی سیاسەت و نزیکترین جوگرافیایە لێمانەوە کە هێشتا رووداوەکانی رووخانی ئەو رژێمە گەرماو گەرمە و دیارنییە ئاراستەکەی بەرەو کوێوە مل دەنێت.
ئەوەی زۆر مایەی نیگەرانیی خەڵکی ئەم وڵاتانە و هاوشێوەکانیانە، ئەوەیە ئەم رژێمانە هێندەی بەپشت بەستن بە شێوی دراوسێ بە برسێتی سەردەنێنەوە، هێندە بەهیوای ئەوە نین بۆ ماوەیەک بە پشتیوانی و دەنگی هاووڵاتیانی خۆیان بە ئاشتییانە دەسەڵات وەربگرن و بە ئاشتیانەش لەدوای دەرنەچوونەوەیان دەسەڵات رادەستی لایەنی دڵخوازی هاووڵاتیان بکەن لە خولێکی نوێی هەڵبژاردندا، هۆکارە سەرەکییەکەشی ئەوەیە هەموو ئەو تەرزە رژێمانە، لەسەرەتاوە بە کودەتای سەربازی و بە دەستلەپشتدان و بەڵێندان بە جێبەجێکردنی فەرمان و ئەجێندای زلهێزێکی جیهانی یان ئیقلیمی دەسەڵاتیان وەرگرتووە، چونکە بە دەنگی شەرعیی خەڵک نەهاتوون، هیچ ئەرزشێکیش بۆ دەنگی ناڕەزایی خەڵک دانانێن، بەڵکو هەمیشە چاو لە کاسە و کەوچکی دەرەکین تا لە تەنگانەدا بیانپارێزن، لەکاتێکدا هێشتا ئەوان هەموو دەنگێکی ناڕازیی میللەتەکانیان بە دەستی دەرەکی و نۆکەری بێگانە تۆمەتبار دەکەن!.
دیارە هەرکاتێک ئەو زلهێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییانە، بزانن بەهۆی سەرەڕۆیی و باغربوونی ئەو جۆرە رژێمانەوە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیان دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەوا دەستبەرداریان دەبن و خۆیانیان لێ بێبەریی دەکەن، چونکە دەگەنە قەناعەتی ئەوەی کە ئەو دیکتاتۆرانە ئەوەندە عاشقی دەسەڵاتی خۆیان و ئەو جۆرە لە حوکمڕانی بوون، گوێ لە راو تەگبیری ئەو دۆستانەشیان ناگرن کە بۆ چەند ساڵێک دەستی بەپشتیانەوە دەبێت و لەکەوتندا هەڵیاندەستێنێتەوە.
ئەگەر دوا رۆژەکانی حوکمڕانیی رژێمی ئەسەد رەچاو بکەین، دەبینین لە 15ی ئازاری ساڵی 2011 –ەوە شۆڕشی گەلی سوریا بەشێوەیەکی هێمنانە و لەژێر کاریگەریی شۆڕشەکانی(بەهاری عەرەبی) لە تونس و میسر دەستیپێکرد، بەڵام هەر لە رۆژانی یەکەمەوە بە ئاگر و ئاسن وەڵامیان دایەوە و بەو هۆیەشەوە شۆڕشەکە لە ئاشتییەوە گۆڕا بۆ چەکداری و چەندین ئەجێندای دەرەکیش تێکەڵاوی بزاوتە میللییەکە بوو.
ئەگەرچی لە سێ مانگی یەکەمی شۆڕشەکەوە رژێمی ئەسەد کەوتە گیانەڵڵاوە، بەڵام ئێران و روسیا لەبەر چەندین هۆکاری ئابووری، سیاسی، سەربازی و...هتد نەیانهێشت بکەوێت، بەڵام شانبەشانی ئەوەش لە چەندین بۆنەی جیاجیادا ئامۆژگارییان دەکرد بۆ رێککەوتن لەگەڵ هێزە ئۆپۆزسیۆنە راستەقینەکانی وڵاتەکەی تا ئەوانیش بتوانن زیاتر بەرگریی لێ بکەن، بەڵام تا رووداوەکان قووڵتر دەبوونەوە، ئەو رژێمە هەر بە هیوای شێوی روسیا و ئێران لەسەر پێ مایەوە، تا لەبرساندا مرد.
دیارە پەیوەندیی وڵاتان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە، بۆیە دەبینین لە نوێترین پێشهاتدا لەلایەک روسیا لەبەرامبەر هەڵبژاردنی بێدەنگی لە رووخاندنی ئەسەددا، بەرژەوەندییەکانی خۆی لە تەرتوس و لازقییە پاراست و هەرچی ئێرانیشە داوای لە رێبەرانی نوێی سوریا کرد کە پەرە بە پەیوەندیی هەردوو وڵات بدەن و بەرژەوەندییەکانی هەردوولا بپارێزرێت.