چه‌قبه‌ستوویی سیاسیی، ناو ماڵه سیاسییه جیاجیاكانی عیراق، كه ماوه‌ی زیاتر حه‌وت مانگی خایاندووه له دوای هه‌ڵبژاردن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ماڵی كورد جۆره جووڵه‌یه‌كی بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر ده‌ستپێكردووه، به‌ڵام مه‌سه‌له‌ی غاز و نه‌وت، قه‌یرانێكی نوێی له نیوان هه‌رێم و به‌غدا دروست كردووه و ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كه به دانوستان و گفتوگۆ چاره‌سه‌ری بۆ نه‌دۆزرێته‌وه، ئه‌وا كێشه‌ی گه‌وره‌تری لێده‌كه‌وێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه سه‌ردانی وه‌فدێكی هه‌رێم بۆ به‌غدا بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یە و كۆی مه‌سه‌له گرنگه‌كانی تر به‌لایه‌ن هه‌رێم و به‌غداوه جووڵه‌یه‌كی باشه به‌ره‌و چاره‌سه‌ر.
به تایبه‌ت كه ماوه‌ی رابردوو، لێدوانی توندی لایه‌ن هه‌ندێك له به‌رپرسانی هه‌رێم و به‌غداوە سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌لەیە ئاراسته‌ی یه‌كتر كرا، دادگای فیدرالی عیراقیش بڕیاری دژ به یاسای گاز و نه‌وتی هه‌رێم ده‌ركرد، له‌به‌رامبه‌ردا ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمیش وەڵامی دادگای فیدرالی دایه‌وه سه‌باره‌ت به‌هه‌مان مه‌سه‌له، كه روئیای جیاوازی له‌سه‌ر هه‌یه، لای لایه‌نه كوردییه‌كان له‌لایه‌ك و لایه‌نه عیراقییه‌كان له‌لایه‌كی تر.
هه‌ر ئه‌و روئیا جیاوازه‌ش وایكردووه، خودی لایه‌نه سیاسییه‌كان به شیعە و كورد و سوننه‌شه‌وه، رێکنه‌كه‌ون، له‌سه‌ر زۆر مه‌سه‌له‌ی وه‌ك سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و هه‌روه‌ها كوتله‌ی گه‌وره و پێكهینانی حكومه‌تی نوێی عیراق، ئه‌مه چ جای جیاوازی روئیا له نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی وه‌كو كێشه‌ی هه‌ڵپه‌سێردراو ماونه‌وه‌ته‌وه له نموونه‌ی ماده‌ی 140 و پێشمه‌رگه و چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی تری گرنگ به‌لای هه‌ردوولاوه.
له‌به‌ر ئه‌وه، پشتگوێخستنی مه‌سه‌له جێ ناكۆكه‌كان له نێوان هه‌رێم و به‌غدا، كێشه‌كانی نێوان ئه‌م دوو لایه‌نه‌ی نه‌ك وه‌كو خۆی هێشتۆته‌وه، به‌ڵكو قووڵتری كردۆته‌وه، حاڵه‌تێك له نه‌بوونی متمانه و هه‌روه‌ها رق و كینه‌ی له‌نێوانیان دروستكردووه، كه ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كۆی گۆڕه‌پانی سیاسیی به‌جێهێشتووه و تا شه‌قامی كوردی و عه‌ره‌بیش رۆچووه.
چاره‌سه‌ریش بۆ سه‌رجه‌م مه‌سه‌له هه‌ڵپه‌سێردراوەكان له نێوان به‌غدا و هه‌رێم به دۆسێی نه‌وت و گازیشه‌وه، ته‌نها دانیشتنه له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ، نه‌ك لێدوانی توند كه مه‌سه‌له‌كان ئاڵۆزتر ده‌كات، ده‌بێت لایه‌نه سیاسییه‌كانی عیراقیش د‌رك به‌وه بكه‌ن، په‌راوێزخستنی ئه‌و مه‌سه‌لانه و دواخستنیان زیان به پرۆسه‌ی سیاسیی و هه‌روه‌ها به هاووڵاتی ئاسایی ده‌گه‌یه‌نێت، له هه‌رێم و له ناوچه‌كانی تری عیراقیش، كه هه‌میشە ئەوان بوونه به‌سوتووی ئاگری شه‌ڕ و ململانێی لایه‌نه سیاسییه‌كان.