چەند پێشنیازێک بۆ دوای دیدار

08:49 - 2022-06-09
عەتا تەها
415 خوێندراوەتەوە

لەدوای دیدار، گۆڕانکارییەکانی ژیانی رێکخراوەیی لەسەر چ بنەماو پێوەرێک دەبێت؟ یاخود شێوازی کاری رێکخراوەیی و میکانیزم و مۆدێلی کارکردن لە ئۆرگانە جیاوازەکانی یەکێتی چۆن دەبێت؟ 
پێویستە لەمەودوا زیاتر گرنگی بەتوێژی گەنجان و ژنان بدرێت، چونکە ئەوان بەشێکی سەرەکی کۆمەڵگە پێکدەهێنن، هاوکات وزەیەکی مەعنەوی بەهێزن کە داینەمۆی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە و کایەی سیاسی و کاری رێکخراوەیی، هاوکات گرنگی زۆر بە ئاستی رۆشنبیری و بڕوانامەی زانستی و ئەکادیمی بدرێت، گرنگە یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی بەرپرسی ئۆرگانەکانی رێکخستن سەرەڕای شارەزایی و لێهاتووییان، بڕوانامەی بەرزی زانستی و باوەڕپێکراویش بکرێتە پێوەری سەرەکی و مەرجدار، چونکە سەردەم سەردەمی تەکنەلۆجیا و جیهانی کرانەوە و دیموکراسی و مۆدێلی کاری رێکخراوەیی مەدەنی و سیاسی و راگەیاندن و دیبلۆماسییە. 
جیهان لە گەشەی بەردەوامدایە لەگەڵ ئەوەشدا حزب و رێکخراوەکانی دەوروبەر و ناوچەکە کێبڕکێکانیان لەگەڵ یەکێتی بۆبردنەوەی گرەوەکانیان لەم قۆناغەدا پشتیان بەوە بەستووە کە گرنگی زۆر بە خەڵکی خوێندەوار و ئاست بەرز و هوشیار و نوخبە و شارەزا و لێهاتوو دەدەن، ئاشکرایە لە جیهانی دیموکراسی و سیاسیدا، بۆبردنەوە لەبری هێز و چەکی سەربازی، هێزی هەڵبژاردن و چەکی دیموکراسی سەنگی مەحەک دەبێت کە یەکێتی خۆی باوەڕی تەواوی بە دیموکراسی و پشتیوانی لە ئازادییە مرۆییەکان هەیە. 
لەبەر ئەو مەبەستەیە کە ئەم قۆناغە پێویستی بە هێنانە پێشەوەی کادری لێهاتووی شارەزا و پەروەردەکردنی توێژێکی نوخبە و وزەیەکی نوێ هەیە کە سەرەنجام  لەکاتە هەستیار و هەلومەرجە گرنگەکانی وەک پڕۆسەی هەڵبژاردن و پەرلەمانی و کایەی حکومڕانی بخرێنە کێبڕکێی دیموکراسی و بەکارهێنانیان وەک هێزێکی  مەعنەوی مرۆیی لە بەرامبەر حزبە رکابەرەکاندا و سوود لە تواناکانیان وەربگیرێت لە پڕۆسەی سیاسی و پەرلەمانی و حکومیدا بۆ ئەوەی بە رکابەریی بەهێزەوە  گرەوی هێز و لایەنە سیاسیەکانی پێ بباتەوە.
 پێویستە چیتر هەڵەی رابردوو دووبارە نەکرێتەوە و پێدانی پۆست و پلە لەسەر بنەمای لێهاتوویی و ئەزموون و شارەزایی بێت نەک بە پێچەوانەوە.
دەبێت رەچاوی تەمەن و نەخۆشی بکرێت لەکاتی پێدانی بەرپرسیارێتی لە ئۆرگانە جیاوازەکاندا، چونکە کاتێک کە تەمەنی مرۆڤ هەڵکشا، ئەوا وزە و تواناکانی بەرەو داکشان دەڕوات و رەنگە هۆکاریش بێت  بۆ نەخۆشی جەستەیی و هۆکاری سستی چالاکی و ناتوانێت ئەرکەکانی بەباشی رایی بکات. هەر بۆیە گرنگە یەکێک لە پێوەرەکانی پێدانی بەرپرسیارێتی لە ئۆرگانەکاندا  ئەوە بێت کە تەمەن بەمەرج بگیرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە رەچاوکردنی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ژیانی و بە لەبەرچاوگرتنی راگرتنی هەستی لایەنی دەروونی و رێزگرتن لە خزمەت و خەباتی رابردووی و گرنگیدان بە کەساییەتی ئەو کادرانەی کە دەبەخشرێن لە بەرپرسیارێتی .

 6/9/2022بۆبردنەوە لەبری هێز و چەکی سەربازی، هێزی هەڵبژاردن و چەکی دیموکراسی سەنگی مەحەک دەبێت کە یەکێتی خۆی باوەڕی تەواوی بە دیموکراسی و پشتیوانی لە ئازادییە مرۆییەکان هەیە

وتارەکانی نوسەر