هوشدارییەکانی بلاسخارت

10:20 - 2022-06-12
ئادەم ئاودەل
427 خوێندراوەتەوە

بە گەڕانەوە بۆ مێژوو، دەردەکەوێ کە زۆرجار دەستکەوتی گرنگمان لە دەستداوە بە هۆی سەرکێشی و نەخوێندنەوەی بارودۆخی سیاسی دۆخە جیاجیاکان. 
لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە تا دێتەوە کاتی دەسەڵاتدارێتی مەلیک مەحمود و بۆ شۆڕشی ئەیلول و لەوێشەوە بۆ راپەڕین و پڕۆسەی ئازادیی عیراق و دواینیشیان ریفراندۆمی2017، لە زۆرێک لەو وێستگانەدا دەسەڵاتدارانی کورد بەتایبەتیش لەم چەند ساڵەی دواییدا، خوێندنەوەیەکی وردیان بۆ هەلومەرج و بارودۆخەکە نەکردووە و سوودیان لێوەرنەگرتووە. 
لە سەروبەندی ریفراندۆمدا هەموو وڵاتانی جیهان بە دۆست و نەیارەوە هوشدارییەکی توندیان دا تا لەم دۆخەدا ریفراندۆم نەکەین و بیر لە بەدیلی تر بکەینەوە، بەڵام رەتکرایەوە و گوێی پێ نەدرا، ئەگەرچی لە ئاستی وڵاتانی زلهێزیش بوون، تەنانەت بژاردەی ئەوەندە گرنگ خرایە بەردەست کورد کە لە مێژوودا کەم وێنە بوو، وەک نامەکەی تیلەرسن-ی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا، کە تێیدا خواست و داواکانی کورد بە جۆرێک نووسرابوونەوە کە رەنگە ئەگەر کوردێکیش بینوسیبایە هەر بەو جۆرە بنووسرایە، بەڵام لەئەنجامی بەهەند وەرنەگرتی هۆشدارییەکە و ئەڵتەرناتیڤەکەی زیاتر لە نیوەی خاکی ئازادکراوی شەڕی داعشمان دەستدا. 
ئەوکات وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەڵەتی دژی داعش راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو جووڵەیەی هێزە عیراقییەکان بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ ئەواندا.
ئێستاش بە هۆی لێکتێنەگەیشتنی نێوان بەغدا و هەرێمەوە سەبارەت بە کەیسی نەوت و وزە و ئیدارەدانییەوە، دووبارە خەریکە  پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئاڵۆزتر دەبێت و دۆخی گوزەرانی هاووڵاتیان بەرە و خراپتر دەچێت و بێ هیواییەکی زۆر رووی لە تاک بە تاکی ئەم هەرێمە کردووە.
ساڵی رابردوو جەنین بلاسخارت نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق رایگەیاند کە پێویستە سەرانی کورد پێیان وانەبێ مانەوەی ئەو قەوارەیە تا کۆتاییە، کەچی ئەوکات بەشێک لە بەرپرسانی کورد و شرۆڤەکاری دیاریکراو قسەکانی ئەو خاتوونەیان بە گاڵتە وەسفدەکرد و هیچ ئیعتبارێکیان بۆ دانەدەنا، دوای ساڵێک لەو هۆشدارییەی ئەو خانمە، دیسانەوە لە ئەنجومەنی ئاسایش، بە روونی بە بەپرسانی هەرێم دەڵێت: کە دۆخەکە لەوپەڕی بێ هیواییدایە و پێویستە وریابن، کەچی هێشتا گوزەرانی خەڵک لە خراپیدایە و و تا دێت بێکاری و بێ مووچەیی بەرەو هەڵکشانە. 
ئەگەر بێت و سەرکردایەتی سیاسی کورد و بە تایبەتی سەرکردە دەستڕۆیشتوو و دەسەڵاتدار و خاوەن بڕیارەکان کە جومگە هەستیارەکانی هەرێمیان بەدەستە، هوشدارییەکانی وڵاتان و بلاسخارت رەچاونەکەن، بەتایبەتی دوای ئەم دیدارانەی دوایی ئەو خاتوونە لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، ئەوا دوورنییە دۆخەکە خراپتر ببێت.
موشەکبارانکردنی هەولێری پەیتەخت و لەشکرکێشییەکانی تورکیاش ئاماژەی مەترسیدارن بۆ خراپتربوونی دۆخەکە ئەگەر فریانەکەون.

وتارەکانی نوسەر