رۆژئاوای كوردستان چاوەڕێی چ شەوێک دەكات؟

10:05 - 2022-06-14
‎‎سۆزان حەمە تاتە
500 خوێندراوەتەوە

رزگاركردنی بەشێكی زۆری خاكی رۆژئاوای كوردستان بۆ زۆرینەی كوردانی جیهان بووە جێگای شانازی و دڵخۆشی، شانازی ئەوەی دوای ساڵانێك لە حوكمی داگیركاری و ستەمكردن و هەوڵدانی ورد و چڕ بۆ سڕینەوەی ناسنامەی كوردستانیبوونی ئەو بەشەی كوردستان، سەرەنجام مێژووی داگیركاری وەستا و خۆبەڕێوەبەریی كوردان كەوتە دەست شۆڕشگێڕانی كورد و ئاسۆیەكی نوێ بە رووی كورددا كرایەوە، بەڵام هەر لە سەرەتاوە ئەو ئەزموونە كوردییە بێ مەترسی نەبوو بەتایبەت لەلایەن توركیاوە كە هەموو هەوڵێكی خستووەتەگەڕ بۆ لەناوبردن یان داگیركردنی ئەو بەشەی كوردستان.
 هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا تەنها پڕۆسەیەكی داگیركاری لەسەر وڵاتێك نییە، بەڵكو كردنەوەی دەرگای زیاتری داگیركارییە بۆ وڵاتانی تر تا هێرش بکەنە سەر بزووتنەوە رزگاریخوازەکان، هەڕەشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان نموونەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی هێرشی روسیا و بیری داگیركاری ئەو دەوڵەتانەیە كە بە خەیاڵیش بوونی كیانێكی كوردی قبووڵ ناكەن.
 ئەردۆغان لە چەند رۆژی رابردوودا هەڕەشەی هێرشكردنێكی لە ناكاو و كوتوپڕی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان كرد و وتی: شەوێك لەناكاودا هێرشدەكەینە سەریان. 
ئەو هەڕەشەیەی ئەردۆغان كارێكی سادە و بێ مەترسیی نییە، بەڵكو پێشتریش هەڕەشەی لەو جۆرەی كردۆتە كردار و مەترسیی گەورەی لەسەر كورد و كوردستان دروستكردووە، هێرشەكانی ئێستاشی بۆ سەر خاكی باشووری كوردستان نموونەی ئەو جۆرە شەڕ و هێرش و داگیركارییەیە.

هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا تەنها پڕۆسەیەكی داگیركاری لەسەر وڵاتێك نییە، بەڵكو كردنەوەی دەرگای زیاتری داگیركارییە بۆ وڵاتانی تر تا هێرش بکەنە سەر بزووتنەوە رزگاریخوازەکان

 بە زۆری ئەزموونە دیموكرات و ئازادەكان یان خۆبەڕێوەبەرییەكانی دوای قۆناغی سەركەوتنی شۆڕش لەلایەن دەوڵەتە داگیركەرەكانەوە هێرشیان دەكرێتە سەر، یان رووبەڕووی گەمارۆی سیاسی و ئابووری و ئەمنی دەبنەوە بۆ ئەوەی شكستیان پێبهێنن، بۆ سەركەوتن بەسەر ئەو مەترسی و فشارانەدا گرنگە ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان سێ هەنگاوی ستراتیژیی بگرێتەبەر: 
یەكەمیان: خۆڕێكخستنەوەی زیاتر و هێنانەكایەی ئاشتی لە نێوان سەرجەم لایەنەكانی رۆژئاوای كوردستان و چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لە ئێستادا لە نێوانیاندا هەیە.
دووەمیان: خۆبەهێزكردنی زیاتر لە رووی سەربازییەوە، هەروەها ئامادەكاری بۆ روبەڕوبوونەوەی هەر ئەگەرێكی لە ناكاو كە بە دڵنیاییەوە روودەدات.
سێیەمیان: هەوڵدان بۆ رێككەوتنی واقیعی لەسەر بنەما نیشتمانییەكان، بە رەچاوكردنی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ بەشار ئەسەد بۆ ئەوەی هەم خۆی بپارێزێت لە هێرشی توركیا و هەمیش لەلایەن حكومەتی سوریاوە دانی پێدا بنرێت.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا توندوتۆڵكردنەوەی پەیوەندییەكانی ئیدارەی خۆسەر و هێزەكانی ئەمریكا گرنگە بۆ رێگرتن لە هێرش و پەلامارەكانی توركیا و ئامادەكاری بۆ ئەو شەوەی سەرۆكی توركیا دەڵێت تیایدا هێرشی كوتوپڕ دەكاتە سەر رۆژئاوای كوردستان و ئەزموونەكەی.

وتارەکانی نوسەر