شەڕی بەرژەوەندی و جیهانی برسی

09:36 - 2022-06-20
‎‎سۆزان حەمە تاتە
317 خوێندراوەتەوە

بەرپرسانی ئۆکرانیا رایانگەیاند: نزیکەی 20 ملیۆن تۆن دانەوێڵە بەهۆی داخرانی بەندەرەکانەوە لە ئۆکرانیا کەڵەکە بووە و ناتوانرێت بنێردرێتە بازاڕەکانی جیهان، ئەمە هەواڵێکی سادە نییە، بەڵکو هەڕەشەیەکی جدییە لەسەر ئاسایشی خۆراکی جیهان کە کارەساتی زۆر گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
روسیا و ئۆکرانیا بەهۆی بوونی زەوی و کەشوهەوای لەبار بۆ چاندنی دانەوێڵە، بەشدارێکی کارا و کاریگەر بوون لە پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی خۆراکی جیهان، ئامارە رەسمییەکان باس لەوە دەکەن هەردوو وڵاتەکە، نزیکەی زیاتر لە %30 پێداویستیی گەنم و جۆی جیهانیان دابینکردووە، بۆیە دروستبوونی هەر کێشەیەک لەو پڕۆسەیەدا، ئاسایشی خۆراک دەخاتە  مەترسییەوە  بەتایبەت وڵاتە هەژارەکان.
هێشتا دیار نییە جەنگی روسیا و ئۆکرانیا کەی و چۆن کۆتایی دێت، بەڵام بەڕوونی کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ئاسایشی خۆراک دەرکەوت و هەڕەشەی مردن لە ملیۆنان مرۆڤ دەکات، کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانەوە بارودۆخی وا مەترسیدار ئەهاتۆتە ئاراوە.
دابەشبوونی جیهان بەسەر هەردوو لایەنی جەنگەکەدا و نەبوونی هەوڵی جدی بۆ چارەسەر، لەکارکەوتنی بەندەرەکانی ئۆکرانیا بۆ  هەناردەکردنی دانەوێڵە بۆ بازاڕەکانی جیهان، مەترسییەکانی زیاترکردووە، بەڵکو جیهان کەوتووەتە بەردەم قاتوقڕییەکی زۆر مەترسیدارەوە.

دابەشبوونی جیهان بەسەر ھەردوو لایەنی جەنگەکەدا و نەبوونی هەوڵی جدی بۆ چارەسەر، لەکارکەوتنی بەندەرەکانی ئۆکرانیا بۆ  هەناردەکردنی دانەوێڵە بۆ بازاڕەکانی جیهان، مەترسییەکانی زیاترکردووە

گەنم و جۆ لە پێداویستییەکانی ژیانی مرۆڤن، هەروەها بنەمای سەرەکی ئابووریی ئۆکرانیان، زۆرێک لەو وڵاتانەی پشتیان بە ئۆکرانیا و روسیا بەستووە بۆ دابینکردنی گەنم و جۆ، ئێستا کۆگاکانیان وردە وردە خاڵی دەبێت و دەکەونە دۆخی بێ خۆراکی و بە ئەستەم پەیداکردنی و گرانبوونی نرخەکەیەوە، ئەوەش باری سەر شانی خەڵک زیاتر و قورس تر دەکات.
مەترسییەکانی شەڕی ئۆکرانیا و روسیا لەسەر ئاسایشی خۆراکی جیهان لە خودی جەنگی گەرمی نێوان ئەو دوو وڵاتە گەورەترن کە رۆژانە مرۆڤگەلێکی بێتاوانی تێدا دەکوژرێ، ژێرخانی بوارە جۆراوجۆرەکانیشی تێدا خاپوور دەبێ، دوور نییە ئەگەر جەنگەکە زوو کۆتایی نەیەت، ئەوا ملیۆنان مرۆڤ لە برساندا دەمرن و جیهان خوێناوی تر دەبێت.

وتارەکانی نوسەر