رێکخستنی یاسای کار

09:31 - 2022-06-26
وتار
696 خوێندراوەتەوە

ھاشم غەمگین

لە وڵاتانی پێشکەوتوودا کارکردن لە کەرتی تایبەت هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ کارکردن لەکەرتی گشتیدا، لەبەرئەوەی بەیاسای رێکخراوە و ماف و ئەرک وەک یەک بە یەکسانی بەرجەستەکراوە، خەڵکیش لە رووی وزەو توانا و دەروونییەوە ئامادەیی تەواویان هەیە لە هەر یەکێک لەو سێکتەرانەدا دڵسۆزانە و چالاکانە کار بکەن. ئەو لێکدانەوە و جیاوازییانەش بەدی ناکرێت وەک لای خۆمان خەڵک مەیلی دامەزراندنی لە کەرتی گشتییدا هەبێت وەک لە کارکردن لە کەرتی تایبەت. لە هەرێمی کوردستانیش پێویستمان بە یاسای رێکخستنی کار هەیە بۆ ئەوەی ئەرک و مافی کرێکار وەک کەرتی گشتی لە کەرتی تایبەتیشدا دەستەبەر بکرێت.
بۆ ئەوەی کارکردن لە کەرتی تایبەت یاسایی بێت واتە مۆڵەتی کار پەیڕەو بکرێت، پێویستە کرێکار رەزامەندی و نووسراوی مۆڵەتی رێگە پێدانی کاری هەبێت، بەبێ بوونی ئەو نووسراوە هیچ کەسێک بۆ کارکردن وەرنەگیرێت، لەو نووسراوەدا  ناو و ناونیشان و رۆژ و مانگ و ساڵی لە دایکبوون و ژمارەی تەلەفوونی کرێکاری تێدا بنوسرێت و هەر یەکەیان کۆدیتایبەتی خۆیان هەبێت.
هەروەها ئەو مەرج و  رێنمایی و سزاو ماف و ئەرکانەی دەکەوێتە ئەستۆی کرێکار و خاوەنکار لە نووسراوەکەدا ئاماژەی پێ بدرێت. دەبێت فەرمانگەیەک هەبێت لە شارو شارۆچکەکان کاروباری کەرتی تایبەت بگرێتە خۆیی و رێکبخات بۆ زانینی ئەوانەی سەرقاڵ نبەکارکردنەوە و ئەوانەشی بێکارن، هەروەها وەرگرتن و دامەزراندن لە بوارەکانی کەرتی تایبەتدا بەشێوەی گرێبەست بێت و ماوەی گرێبەستەکە دیاری بکرێت.کارکردن بە گوێرەی سەعات بێت بۆ هەر سەعاتێک بەپێی قورسایی و جۆری پیشەکە بڕێک پارە دەستنیشان بکرێت‌. بەشێوەی مانگانە پارە بە کرێکار بدرێت نەک رۆژانە. کاتێک کەسێک لە شوێنێکدا بۆ کارکردن وەردەگیرێت، دەبێت پێشتر لەلایەن خاوەنکارەوە، کۆپی ناسنامە و نووسراوی مۆڵەتی کاری لێوەربگرێت، پاشان لەگەڵ چۆنیەتی گرێبەستی کارەکە بۆ وەرگرتنی رەزامەندی رەوانەی فەرمانگەی دیاریکراو بۆ ئەو مەبەستە بکرێت. هەر کەسێک لە وەرگرتنی کرێکاردا ئەو کردارەی سەرەوە نەکات و  پێوەی پابەند نەبوو، خاوەنکار و کرێکار پێکەوە سزا بدرێت، بۆئەوەی کەس بە نایاسایی کار نەکات پێویستە بە وردی چاودێریی بازاڕ و مۆڵەکان و سوپەرمارکێت و رێستۆرانتەکان و هتد... بکرێت. مەبەست لە خستنەڕووی ئەم خاڵانەی سەرەوە بۆ ئەوەیە مافی کرێکار پارێزرا و بێت و مافی نەفەوتێت و خاوەنکار بە یاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، هەروەها کار بۆ ئەوە بکرێت خاوەنکار مانگانە باج بۆ کرێکار بدات وەک لە وڵاتان پەیڕە و ئەکرێت بۆئەوەی ئەگەر بێکار بوون حکومەت بەو داهاتە هاوکارییان بکات تا کارێکی دیکە دەدۆزنەوە یان تووشی رووداوێک بوو، کەوتە تەمەنەوە حکومەت بتوانێت مووچەیەکی بۆ ببڕێتەوە.

وتارەکانی نوسەر