دۆخی سیاسیی عیراق لە رۆژانی داهاتوودا

11:56 - 2022-06-27
‎‎سۆزان حەمە تاتە
298 خوێندراوەتەوە

سووربوونی موقتەدا سەدر بە 73 پەرلەمانتار و پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی سێ قۆڵی لەگەڵ بەشێك لە كورد و سوننە بۆ پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی، بارودۆخی عیراقی بردە قۆناغێكی ترسناكەوە كە هێشتا سەرەتایەتی و ئەگەر دەریچەی دەرباز بوون نەدۆزرێتەوە، ئەوا دوور نییە عیراق بگاتە كۆتایی تونێلە تاریكەكەی و خەڵكی عیراقیش تووشی ئاشووبێكی دیكە ببن كە خۆزگە بە پێش هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی 2021 بخوازن. 
دەست لەكار كێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدریش هێندەی تر هاوكێشەكانی  ئاڵۆز كرد، لەگەڵ ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان  وەكو دەرفەتێك بۆ خۆیان دەیبینن كە حكومەت پێكبهێنن، بەڵام ئەوەش ئەگەرێكی ئاسان نییە، سەرەڕای بوونی بەربەستی ناوخۆیی، پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق لەژێر هەژموونی سیاسەتی دەرەكیشدایە.

یەكێك لەو ئاماژانەی لە سیاسەتی سەید موقتەدا سەدر دەخوێنداریەوە لە  رابردوودا، بەجۆرێك لە جۆرەكان نزیكبوونەوەی بوو لە وڵاتانی كەنداو بەتایبەتیش ئیمارات و سعودیە

دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە كەوا موقتەدا سەدر و پەرلەمانتارەكانی بە نیازن سەفەری حەج بكەن بۆ سعودیە، ئەمە ئەگەرچی جێبەجێكردنی ئەركێكی ئایینیە و پەیوەندیی بە تاكی مسوڵمان خۆیەوە هەیە، بەڵام ئەو حەجكردنەی سەدر و پەرلەمانتارە دەست لەكار كێشاوەكانی جیاوازە لە حەجكردنێكی ئاسایی و زیاتر رەهەندێكی سیاسی هەیە، لە دۆخێكیشدایە وادەبینرێت كە سپاردنی دۆخی سیاسیی عیراق بە دەركەوتنی ئاماژەكانی ململانێی دوای چوونە دەرەوەی سەدر لە پڕۆسەی سیاسی كە گەشبینی لەگەڵدا نییە.
یەكێك لەو ئاماژانەی لە سیاسەتی موقتەدا سەدر دەخوێنداریەوە لە  رابردوودا، بەجۆرێك لە جۆرەكان نزیكبوونەوەی بوو لە وڵاتانی كەنداو بەتایبەتیش ئیمارات و سعودیە، هەروەك دوای دەركەوتنی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنیش باس لەوە دەكرا كە لە رێگەی سێرڤەرەوە و لە ئیماراتەوە دەستكاری ئەنجامی هەڵبژاردنەكان كراون.
لە عیراقدا هەردوو جەمسەری سیاسی ئەمریكی و ئێران لە دژبەرییەكی سەختدان، شەڕیانە لەسەر دروستكردنی حكومەتێكی نزیك لەخۆیان، یان راگرتنی هاوسەنگی لەنێوانیاندا بۆ ئەوەی كەسیان براوەی تەواوەتی نەبن.
ئەگەر لە رووی رواڵەتیشەوە بێت، دووركەوتنەوەی موقتەدا سەدر عیراق بەرەو نائارامی دەبات، لە راستیدا ئەمە ترس نییە لە موقتەدا سەدر، بەڵكو ترسە لەو ژینگە سیاسییەی چیتر بەرگەی قووڵبوونەوەی قەیرانەكان ناگرێت، بەتایبەت ئەگەر هێزێكی وەكو سەدرییەكان ببنە داینەمۆی جووڵاندنی قەیرانەكان بەرەو ئاراستەیەكی زیاتر، خۆ ئەگەر شتی وا رووبدات، ئەوا عیراقی ئێستا، كە بارودۆخی خەڵكەی زۆرباش نییە، ئەوا بەرەو خراپتر دەڕوات، حەجەكەی موقتەدا سەدریش دەبێتە قۆناغێكی دیكەی ئەو بە دۆزەخبوونەوەی عیراق و ئەنجامەكەشی پێشبینی كراو دەبێت بە ئاراستە خراپەكەیدا.

وتارەکانی نوسەر