لە پەنجەرەی پەروەردەوە

پەروەردە و تێگەیشتن لەیاسا

10:28 - 2022-06-28
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
616 خوێندراوەتەوە

یاسا یاخود قانون-لەوشەی kanun یۆنانی وەرگیراوە بەواتای گۆچانی رێک دێت- ئەو بنەماو رێساو رێکارانە دەگرێتەوە کە ژیانی کۆمەڵگەو دامەزراوەکانی لەسەر رێکدەخرێت، بەهۆیەوە ئەرک و مافەکان دەستنیشان دەکرێت، ئەم یاسایانەی لە هەر کۆمەڵگەیەکدا هەن چەند گرنگ و پێویست بن بەڵام ئەگەر تێگەیشتن و هۆشیاری و رۆشنبیریی دەربارەیان نەبێت و تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیەی لەسەر پەروەردە نەکرابێت، بێگومان هیچ رۆڵێکی نامێنێت، بوونی ئامانجە خوازراوەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی رەفتار و لێکەوتەکانی بەدیناهێنێت، زۆرجار کاتێک بەراورد لەنێوان دوو کۆمەڵگە دەکرێت لەڕووی دامەزراوەیی و کارکردن بەسیستم و پابەند بوون بە یاسا و رێساکانیانەوە تەنها خودی دانان و بوونی یاساکان نین کە ئەو کۆمەڵگەیەی پەرەپێداوە لەڕووی پابەندبوونەوە، بەڵکو ئەو پەروەردەیەی تاکەکانی لەسەر بنیاتنراوە بەشێوەیەکی دروست و گونجاو کاری لەسەر ئەوە کردووە بەشێوەیەکی کرداریی هۆشیاریان بەرامبەر یاساو پابەندبوونییەکانی هەبێت، ئەم پەروەردە و لەسەر راهێنانەش تەنها پەیوەندی نییە بەقوتابخانە و خوێندنگەکانەوە، بەڵکو خێزان و ئەندامانی پەروەردەکاری نێو خێزان و کلتوری بیرکردنەوەی تاکەکانی نێو کۆمەڵگە و جۆری تێڕوانیان بۆ سەرچاوەی یاساکان و بەگرنگ زانینیان بەشێکی کاریگەری ئەو بەکلتورکردنەیە، کە بۆ چارەسەری گیروگرفت و کێشەو بەسەرهاتەکانیان روو لەچارەسەری یاسایی بکەن و یەکلاکردنەوەی دۆسیەکان بەیاسا بسپێرن، پەروەردەکردنی تاک هەر لەقۆناغی منداڵییەوە بەکۆمەڵێک بنەمای رەفتاری وەک هەستکردن بە بەرپرسیاریی و زانینی سنوری ماف و دەسەڵات و ئەرکەکانیشی بەشێوازێک لێتێگەیشتنی بۆ رێوشوێنەکان بەشێوەیەکی ئەرێنی بێت، رۆڵی زۆری دەبێت بۆ ئەوەی تاک هۆشیاریی زیاتری چنگ بکەوێت لە ئایندەدا، مافی خۆی و مافی بەرامبەرەکەشی بزانێت و بەهەستێکی بەرپرسیارێتیەوە بۆ ئەرکی خۆی و ئەرکی بەرامبەرەکەشی بڕوانێت، بەداخەوە ئەوەی ئێستا دەبینرێت غیابێکی ئاشکرای پەروەردەی یاسایی و تێگەیشتنە لەیاسا، کاتێک سەرپێچی لەنێو کۆمەڵگەو لە مەجلیس و گفتووگۆکاندا بەشانازییەوە باس دەکرێت و لادان لە یاسا وەک بوێری و گوێنەدان بە مافی بەرامبەر لە پێشێلکردنی لەشوێنە گشتییەکان و شەقام و ناوەندە جۆربەجۆرەکاندا بەوپەڕی بێخەمی و حیساب بۆنەکردنەوە دەکرێت، رووخسارێکی نێگەتیڤی کۆمەڵگە دەردەخات لە پابەندبوونەکانی لە یاساکان، سەرەڕای ئەوەی ئەگەر باشترین یاساکانیش دابڕێژرێت، بەڵام کاردانەوەی نابێت و تەنها لەسەر کاغەزو لەبەردەم دادوەرەکاندا دەمێننەوە، بەشێکی تر لە تێگەیشتن لەیاسا بڕواپێبوونە بەیاسا ئەمەش هەردەبێت لەپەروەردەدا لەناخی کەسەکاندا بچەسپێنرێت بەوەی یەکلاکردنەوەکان بسپێردرێت بەیاسا و هەوڵی یەکلاکردنەوەی لەلایەن کەسانی دی و کۆمەڵگەو خەڵکی ترەوە  کۆتایی پێبهێنرێت، چونکە دەرئەنجام ئەگەر ئەو قەناعەتە لەناخی تاکەکاندا بەرهەم نەهێنرێت یەکلاییکردنەوەی دۆسێکانی دادگا جارێکی تر ئەبنەوە بەکێشەی کۆمەڵگە و دەبێت بەشێوە کۆمەڵایەتیەکە یەکلایی بکرێنەوە، ئاشکرایە ئەمەش لێکەوتەی نەرێنی دەبێت، هۆشیاریی تێگەیشتن لە یاسا پێویست بەهەماهەنگی هەمەلایەنی خێزان و کۆمەڵگە و خوێندنگە و دەزگاکانی راگەیاندن و رێکخراو و دامەزراوەکان دەکات، بۆئەوەی بەشێوەیەکی بنچینەیی لەڕووی پەروەردە و پێگەیاندنەوە ئەو هۆشیارییە لە رەفتاری تاکەکاندا بچەسپێنرێت، کۆمەڵگە بەبێ یاسا کۆمەڵگەیەکی دروست دامەزراو نابێت و بەبێ یاساش هەموو بەشەکانی تر دەکەونە ژێر پرسیارەوە. 

*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی 

وتارەکانی نوسەر