لە هەموو گەشتێکدا، لە هەر شوێنێک هەنگاو دەنێین بۆ ناو سروشت، شوێنەواری بەدبەختی رەفتاری نابەرپرسانە دەبینین، وەک: پاشماوەی پەرش و بڵاو، دەفری بەتاڵ، پاشماوەی خۆراک و زۆر شتی تر، لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە: بۆچی سروشت پیس دەکەین و پاشماوەی تێدا بەجێدەهێڵین؟ ئایا نەبوونی هۆشیارییە، بێ بایەخییە بە بەهای ژینگە یان هەستنەکردنە بە بەرپرسیارێتی؟
چەند هۆکارێک
چەند هۆکارێک هەن کە بەشدارن لەم دیاردە خراپەدا، لەوانە: *نەبوونی هۆشیاری ژینگەیی: زۆر کەس هۆشیارییان نییە لە گرنگی پاراستنی ژینگە و ئەو کاریگەرییەی هەڵسوکەوتەکانیان لەسەر تەندروستی هەسارەکە هەیەتی، لەوانەیە ئەوان درک بەوە نەکەن کە جێهێشتنی پاشماوە لە سروشتدا خاک و ئاو پیس دەکات و زیان بە گیانلەبەرە کێوییەکان دەگەیەنێت و سروشت دەشێوێنێت.
*بایەخدان بە بەهای ژینگە: هەندێک سروشت بە شوێنێکی پشتگوێخراو و بێ بایەخ دەزانن، هەر بۆیە گرنگی بە پاکوخاوێنییەکەی نادەن، لەوانەیە پێیان وابێت پاککردنەوەی پاشماوەکان ئەرکی ئەوان نییە یان کەسێکی تر دەبێت ئەو کارە بکات.
*هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی: هەندێک کەس هەستی بەرپرسیارێتییان بەرامبەر بە ژینگە نییە، پێیانوایە هی هەموو کەسێکە، هەر بۆیە هیچ کەسێک بەرپرسیار نییە لە پاراستنی. لەوانەیە پێیان وابێت زبڵ شتێکی سادە و بێ زیانە و شایەنی سەرنج نییە.
*نەبوونی شوێن بۆ پاشماوەکان: هەندێکجار لەوانەیە سەتڵی زبڵ کەم بێت یان شوێنی فڕێدانی پاشماوە لە ناوچە سروشتییەکان نەبێت، ئەمەش هانی خەڵک دەدات بۆ فڕێدانی زبڵ.
*جێبەجێنەکردنی یاساکان: لەوانەیە یاسا هەبن کە فڕێدانی پاشماوە لە شوێنە گشتییەکان قەدەغە بکات، بەڵام جێبەجێکردنی لاوازی ئەم یاسایانە هانی خەڵک دەدات بۆ پێشێلکردنی.
کاریگەرییە خراپەکانی بۆ ژینگە
- پیسبوونی ژینگە: پیسبوونی خاک و ئاو و هەوا کاریگەریی لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ئاژەڵ و رووەک دەبێت.
- زیان بۆ گیانلەبەرە کێوییەکان: پاشماوەکان ئاژەڵەکان بریندار دەکەن، ژەهراوی یان دەیانخنکێنێت، هەروەها شوێنی نیشتەجێبوونی سروشتییان لێ دەشێوێنێت.
- شێواندنی دیمەنی سروشت: ناوچە سروشتییەکان بەهۆی پەرشوبڵاویی پاشماوەکانەوە جوانی و سەرنجڕاکێشی خۆیان لەدەست دەدەن، ئەمەش کاریگەریی لەسەر گەشتیار و کات بەسەربردن دەبێت.
- بڵاوبوونەوەی نەخۆشی: پاشماوەکان مێروو و مێشوولە رادەکێشن کە نەخۆشی دەگوازنەوە، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە پەتا زیاد دەکات.
- تێچووی ئابووری: لابردنی پاشماوە و پاککردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان تێچووی زۆر لە ئەستۆی حکومەتدا دادەنێ.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم دیاردەیە دەبێت چەند رێکارێک بگیرێتەبەر لەوانە:
1. بــەرزکــردنــەوەی هۆشیاریی ژینگەیی: رێکخستنی هەڵمەتی چڕ و پڕی هۆشیاریی ژینگەیی بە ئامانجگرتنی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بۆ پەروەردەکردنیان سەبارەت بە گرنگی پاراستنی ژینگە و کاریگەریی رەفتارەکانیان لەسەر ژینگە.
2. پــێــشــخــستنی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی: هاندانی خەڵک بۆ هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر ژینگە و پێشخستنی کەلتوری پاکوخاوێنی و پاراستنی موڵکی گشتی.
3. دابینکردنی ژێرخان: دابینکردنی سەتڵی زبڵ و شوێنی فڕێدانی پاشماوە لە ناوچە سروشتییەکان و ئاسانکاری بۆ دەست پێگەیشتنیان.
4. جێبەجێکردنی توندی یاساکان: جێبەجێکردنی توندی یاساکانی قەدەغەکردنی زبڵ و خاشاک لە شوێنە گشتییەکان، سەپاندنی سزا بەسەر سەرپێچیکاراندا.
5. هاندانـــــــی دەســــــــتپێشخەریــیـــە کـــۆمــەڵایەتییەکان: پشتگیریکردنی دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتییەکان بە ئامانجی پاککردنەوەی ناوچە سروشتییەکان و هاندانی بەشداریکردنی خۆبەخشانە لەم دەستپێشخەرییانەدا.
6. پەروەردەی ژینگەیی: هێنانە ناوەوەی چەمکەکانی ژینگە لە پرۆگرامەکانی پەروەردەدا بۆ چاندنی هۆشیاریی ژینگەیی لە نەوەکانی داهاتوودا.
*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی