لەسەر رێبازی سەرۆك مام جەلال

سازشكردن لەپێناوی خەڵكدا سەركەوتنە

09:26 - 2022-06-29
وتار
381 خوێندراوەتەوە

شوان كەریم

هەوڵدان بۆ لەباربردنی ئەزموون و قەوارەی هەرێم و قۆستنەوەی كێشە و گرفتە سیاسی و داراییەکانی پەیوەست بە قووت و سەرهەڵدانی بارگرانیی سەرشانی هاووڵاتیان، دیارترین دوو قەیران بوون کە لەماوەی رابردوودا بەرۆکی حکومڕانیی هەرێمی گرتبوو.
دیارە  هەرگیز دوژمنان و ناحەزانی ئەم ئەزموون و قەوارەیە كەمتەرخەم نەبوون لە چەواشەكردنی رای گشتی و ئاڵۆزكردنی پرسی سیاسی و ناشیرینكردن و شێواندنی نیشتمان و كاڵكردنەوەی ئینتیما بۆ مێژوو و خاك و نەتەوە بەتایبەتی لای گەنجان. 
لە رابردوودا كەم نەبوون ئەوانەی بێوچان لە هەوڵی تێكدانی دۆخی حوكمڕانی كوردستاندا بوون و زۆر بە روونی ئەنجامی ئەو هەوڵانە بینران و بەرجەستە بوون، كە وێڕای ماڵوێرانیی و سەرگەردانی ناوبانگی كورد و كوردستانیشی پێ لەكەدار بوو لە سەردەمی جەنگی ناوخۆدا.
بەڵام خاڵی گەش لە زۆربەی ئەو دۆخانەدا ئەوەبووە کە سەركردە و رابەری كۆچكردوومان سەرۆك مام جەلال هەمیشە وەك كەسایەتییەكی دووربین ‌و  پەرۆش بۆ ئاشتی ‌و تەبایی ‌و رەچاوكردنی بەرژەوەندیی گشتی بەرلە بەرژەوەندیی حزبی و شەخسی حەرامكردنی شەڕی كوردكوژیی كردۆتە دروشم و نەك هەر ئەوەش، بەڵکو بۆتە كۆكەرەوەی دژەكان لەسەر مێزی گفتوگۆی  رووبەڕوو، هەر بە كاری مەكتەبیشەوە نەوەستاوە، بەڵكو لەپێناوی هەڵگرتنی بەربەستەكانی بەردەم سەقامگیریی و ئاشتی  و دەستەبەركردنی ئاسایش و ئارامی و ژیانێكی ئاسوودە و خۆشگوزەران لە قەوارەیەكی ئارامی كوردستانیی دیموكراتدا و بەمەبەستی  هێنانەدیی كەشێكی لەبار بۆ فراوانكردنی بازنەی ئازادیی و ئاوەدانی، لە هەموو  ئەو دۆخانەدا كە مەترسی لەسەر ئەو دیدگا و تێڕوانینە پەرۆشانەیەی دروستبووە،  دەستپێشخەریی كردووە و دەستی ئاشتیی درێژكردووە.
ئەو هەمیشە بارەگا و ماڵەكەی بۆتە چەتری سازان  و لێكتێگەیشتن و بگرە وەك سەركردەیەكی خاكی بەبێ گوێدانە سەرزەنشتكردنی ئەوەی كە هەوڵەكانی بە سازشكردن لەسەر ئەژمار بكریت، لە پێناوی گەلەكەی و خۆشگوزەرانیی ئەواندا دەستی ئاشتی ‌و سازانی بۆ هەموان درێژكردووە.
ئەمڕۆش جێی خۆشحاڵییە كە هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر هەمان نەزم ‌و رێباز بەبێ گوێدانە قسەو قسەڵۆكی نەیاران و دوژمنانی ئەزموونەكە، جگە لەوەی بە هاوكاریی هەڤاڵانی لە سەركردایەتیی ی.ن.ك لە دوو ساڵی رابردوودا یەكێتیی وەك هێزێكی كاریگەر و گوێلێگیراو و پرسپێكراو بەگوڕتر هێناوەتەوە ناو هاوكێشەی سیاسیی كوردستانی ‌و عیراقی ‌و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، ئێستاش بە هەمان رێچكە و رێبازی مام-دا و بۆ درێژەپێدانی سیاسەتە حەكیمانەكانی ئەو،  بۆ چارەسەری پرسە سیاسییەكان و باشتركردنی گوزەرانی هاووڵاتییان و كۆتایی هێنان بە قەیرانەكان و بوژاندنەوەی بازاڕ و كەسابەتی هاووڵاتیان، بەبێ گوێدانە لۆمە و قسەڵۆكی نەیاران ‌و میدیا گومانلێكراوەكان، رۆژی   11ی ئەم مانگە بە یاوەریی قوباد تاڵەبانی سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد و هەموو ئەو كێشە و گرفتانەی لەگەڵدا باسكرد و لەپێناوی دەستەبەركردنی خۆشگوزەرانیدا بۆ خەڵك و سوككردنی باری شانیان و گەیاندنی خزمەتگوزاریی ‌و ئاوەدانی بەشێوەیەکی یەكسان بۆ هەموو ناوچە و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، رووبەڕوو پێداگریی لەسەر پشتگیریی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی چاکسازیی دووپاتکردەوە و توانیی ئەو هەوڵە نەزۆكانە پەكبخات كە بەنیازبوون بە شێوازی جیاجیا سەقامگیریی قەوارەی هەرێم بخەنە بەردەم مەترسی. 
چونکە پێیوایە کە خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك و نەرمی نواندن لە خواستە حزبییەكان لەپێناوی بەرژەوەندیی كۆمەڵانی خەڵكدا، بۆخۆی سەركەوتنە.

وتارەکانی نوسەر