یاداشته‌كانی شۆفێرێك

بەنزینی هەرزان و كوالێتییەكەی

09:57 - 2022-06-29
وتار
381 خوێندراوەتەوە

دیاری حه‌مه‌ سه‌عید

وەك ئاسانكارییەك بۆ شۆفێران، ئێستا لە هەر شارێكی كوردستاندا ژمارەیەك بەنزینخانە بەنرخی هەرزانتر بەنزین بۆ شۆفێران دابین دەكەن، بەتایبەتی شۆفێرانی ئۆتۆمبیلی گواستنەوەی گشتی وەك پاس و تاكسی. بەڵام ئەو بەنزینە هەرزانە نەبۆتە هۆی چارەسەركردنی گرفتی گرانیی بەنزین، چونكە جۆر و كوالێتییەكەی خراپە و بۆ وەرز و كەشوهەوای ئەمڕۆی كوردستان ناگونجێت.
لە راستیدا تەنها لە كوردستان نرخی بەنزین بەتایبەتی و سووتەمەنی بەگشتی بەرز نەبۆتەوە، بەڵكو بەهۆی چەند هۆكارێكەوە ئەو نرخانە لە عیراق و وڵاتانی دراوسێ و ئەمریكا و ئەوروپاش بەرزبوونەتەوە، بەڵام ئەوەی جیاوازە بۆ بارودۆخی كوردستان ئەوەیە كە زیاتر چاولێكەری و هەندێك هۆكارە كە جیاوازە لە هۆكاری حاڵەتە جیهانییەكە.
ئەگەر سەرنج بدەین، لە بازاڕەكانی جیهاندا، بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا، نرخی بەنزین و سووتەمەنی بەگشتی بەرزبۆتەوە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك و پێداویستییەكانی تر و بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و لێكەوتەكانی هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا لە بوار و كەرتە جۆراوجۆرەكاندا.
بەڵام؛ ئەگەر سەرنجی كوردستان و تەنانەت عیراقیش بدەین، بارودۆخەكە جیاوازترە. شەڕی ئۆكرانیا لەوانەیە لەسەر خۆراك و هەندێك كەلوپەل كاریگەریی لەسەر بازاڕەكانی كوردستان هەبێت بەڵام كەمێك زەحمەتە تێبگەین بۆچی كاریگەریی لەسەر نرخی سووتەمەنی و بەنزین لە كوردستان و عیراق هەبێت! ئایا ئەم ئابووری و بارودۆخەی لە ناوچەیەكی بچووكی وەك كوردستان هەیە ئەوەندە بەستراوەیە بەسیستمی ئابووریی جیهانی!؟
ئێستاش كە وەك ئاسانكارییەك بۆ شۆفێران و خاوەن ئۆتۆمبیلەكان بەنزینی پشتگیریكراو بەهەردوو نرخی 690 دینار و 800 دیناری خراوەتە بازاڕ و لە هەندێك بەنزینخانەی دیاریكراو بە شۆفێرانی گواستنەوەی گشتی و ئۆتۆمبیلی تایبەتی هاووڵاتیان دەدرێت، كارێكی باشە، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین ئەو كاریگەرییەی لەسەر بازاڕ دروست نەكردووە. 
نۆرەی وەرگرتنی ئەو دوو جۆرە بەنزینە كورت و دیاریكراوە، چونكە خواستی بەكارهێنەرانی مسۆگەر نەكردووە و بەنزینێكە لە رووی جۆر و كوالێتییەوە بۆ ئەم كاتە نابێت چونكە وەرزی هاوین و گەرمایە و خەڵك زۆربەی لە كاتی بەكارهێنانی ئۆتۆمبیلدا تەبرید و سیستمی هەوای سارد كار پێدەكات، ئەو بەنزینەش بۆ ئەو بەكارهێنانە ناگونجێت.
ئەگەر شۆفێر هەر سوور بێت لەسەر بەكارهێنانی ئەو دوو جۆرە بەنزینە بۆ ئۆتۆمبیلەكەی ئەوا بەر لە هەموو كەس زیانی گەورە بەخۆی و ئۆتۆمبیلەكەی دەگەیەنێت، ئەو جیاوازیی نرخەی لەگەڵ بەنزینی جۆری موحەسەن و سوپەردا بۆی دەمێنێتەوە دەبێت بە زیادەوە لە چاكردنەوە و گۆڕینی پارچەی ئۆتۆمبیلەكەیدا خەرجی بكاتەوە.
بەو جۆرە؛ ئێستا چارەسەرێكی مام ناوەند و ناچاری بۆ بازاڕی بەنزین لە كوردستان و تاڕادەیەك عیراقیش دۆزراوەتەوە و كەمێك هێوربوونەوەی روویداوە، بەنزین ئەگەر جۆر و كوالێتییەكەشی خراپ بێت؛ بەردەستە بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی كۆتایی بەو گرفتە هاتبێت بەتایبەتی كە چاوەڕوان دەكرێت وردە وردە رۆژانێكی گەرمتری وەرزی هاوینی ئەمساڵ ببینین، كە ئەوەش هەم كوالێتی خراپی بەنزینەكە بەبیر شۆفێران دەهێنێتەوە هەمیش ئەگەری رووداو و كارەساتی نەخوازراو زیاتر و زیاتر دەكات.

وتارەکانی نوسەر