هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی فیدراڵی بە پێی ماددەی 117 لە دەستووری عیراق خاوەنی هەر سێ دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دادوەری و یاسادانانە، كە رەگەزەكانی پێكهاتەی دەسەڵاتێكی یاسایی و شەرعییە، كە بتوانێت بە شێوەیەكی سەردەمیانە حوكمی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبەرێت و تێیدا ئەرك و مافی هاووڵاتییان دیاریكراو بێت.
دەسەڵاتی جێبەجێكردن بۆ بەجێگەیاندنی ئامانجەكانی و جێبەجێكردنی یاساكان بە شێوەیەك لە بەرژەوەندیی گشتییدا بێت، پێویستی بە ئامرازێكی یاساییە، كە هەموو مەرجێكی بونیادنەری تێدا بێت، تا بتوانرێت بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەویش بڕیاری كارگێڕییە. دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی تووشی قەیرانێكی سەختی دەركردنی بڕیاری كارگێڕیی بووە، ئەم قەیرانەش كاریگەریی نەرێنی كردۆتە سەر هەموو سێكتەرەكانی تر بەتایبەت سێكتەری ئابووری، هەروەها دروستكردنی ئاڵنگاریی كارگێڕی، كە كاریگەریی نێگەتیڤانەی بۆ كار و چالاكی دوو دەسەڵاتەكەی تری حوكمڕانیی لە هەرێمی كوردستان هەیە.
هۆكاری ئەم قەیرانە دەگەڕێتەوە بۆ جێبەجێ نەكردنی یاساكان بەشێوەیەكی گشتی و پابەند نەبوون بەو مەرج و رێكارانەی كە پێویستە بۆ دەركردنی بڕیارێكی كارگێڕیی دروست، ئەمەش وایكردووە بەشێكی زۆری بڕیارەكان بە ئامانجی بەرژەوەندیی كەسی و میزاجی تاكە كەس دەربكرێت، هەر بۆیە لە كاتی جێبەجێ كردنیاندا كێشە و ئاڵنگاریی ئابووری، یاخود كێشەی بۆ سروشتی بەڕێوەبردنی سێكتەرەكانی تر دروست كردووە.
بەشێكی تری هۆكارەكانی دەرچواندنی ئەم جۆرە بڕیارانە، بەهۆی نەبوونی دادگایەكی كارگێڕیی ئەكتیڤەوە لە هەرێمی كوردستان و بەستنەوەی دادگای كارگێڕی بە دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە، كە ئەمە لە خۆیدا پشتیوانییەك دەدات بە دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەو شێوەیەی كە خواستیەتی بڕیار دەربكات، لەبەرامبەردا هاووڵاتی بەراورد بە دادگاكانی تر كەمتر هانا بۆ ئەم دادگایە دەبات.
سەرەڕای ئەمانەش، لە هەرێمی كوردستان سەرەڕای بوونی چەندین ئەنجومەن، بەڵام چەندین مانگ تێدەپەرێت و ناتوانرێت بڕیارێكی گونجاو بدرێت، ئەو چەند مانگەش كە بەفیرۆ چووە زیانی ئابووری و پاشەكشەی گەشەی ئابووری و كارگێڕیی لێكەوتۆتەوە، كە ئاسەوارەكانی لە قەیرانی بەڕێوەبردنی دارایی وڵاتدا تەواو دەركەوتووە و بۆتە هۆی قەیرانی سەختی دارایی هەرێم كە تاك بەتاكی ئەم هەرێمەی ماندوو كردووە.
بۆیە پێویستە دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە هەرێمی كوردستان چاو بكات بە شێوازی دەركردن و كات و رێكارە دادوەرییە كارگێڕییەكاندا بخشێنێتەوە، تا بتوانێت ئاڕاستەی دەسەڵاتداریی رێك بكرێتەوە و گوشار لەسەر دارایی گشتیی هەرێم كەم بكرێتەوە و ئەم هەرێمە هەنگاوێك بەرەو گەشانەوەی ئابووری بنێت.