فیلم و فەلافل لە توێژینەوەی کەلتوریدا

10:00 - 2025-08-07
د. کۆڤان حسێن
180 خوێندراوەتەوە

هەر کایەیەک وشەی (کەلتور) بگرێتەخۆ رووبەڕووی راڤە و ئارگۆمێنتی جیاواز دەبێتەوە. هۆی سەرەکیش ئەوەیە کەلتور وەک چەمک زۆر ئاڵۆزە مانا و لێکدانەوەی ناکۆک لەخۆدەگرێت. ئاریشەی نەبوونی پێناسەیەکی یەکانگیر بۆ کەلتور دەگەرێتەوە بۆ خۆخەمڵاندنی وشەکە لەگەڵ کایەکاندا، لە هەر گۆشەیەکەوە بۆی بڕوانیت وێنەیەکی جیاوازترت پێدەبەخشێت. لە پێگەی مرۆڤناسییەوە تەماشای تێرمەکە بکەیت مانا و دەلالەتی جیاواز وەردەگرێت بەراورد بە کۆمەڵناسی، هەر ئەوەش وایکردووە هەر بوار و رێبازێک بە ئارەوزووی خۆی بەکاریبهێنێت.
 رەیمۆند ویلیامز، یەکێك لە رەخنەگرە پێشەنگەکانی سەر بە قوتابخانەی بێرمینگهام، کە بە دامەزرێنەری توێژینەوەی کەلتوری دادەنرێت، دەڵێت: ئەگەر زمانی ئینگلیزی تەنها دوو وشەی ئاڵۆزی هەبێت، ئەوا یەكێكیان كەلتورە. 
مێژووی توێژینەوەی کەلتوریی وەک کایەکی ئەکادیمی هێندە دێرین نییە، تا ئەمڕۆش بەشێکی زۆر لە وڵاتان لە نێویاندا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کورتبینن لە ئاست ئەم کایەیەدا. کەلتور وەک دیسپیلینێکی ئەکادیمی بنەچەیەکی سۆسیۆلۆژی مارکسیزمی هەیە، لە بەریتانیا لە دایکبوو، بەڵام تیۆرەکانی لە فەرەنسا هاوردە کردووە.
ئەگەر سەیرێکی بیرمەندانی ئەم بوارە بکەین، لەوانەش دیدگاکانی رۆلاند بارت لەبارەی مەرگی نووسەر و ئازادبوونی دەق، میشڵ فۆکۆ لەبارەی هێز لە گوتار و مەعریفەدا، ژاک درێدا لە هەڵوەشانگەرایی، ئەم دیدگایانە، توێژینەوەی کەلتوریی هاندا لە جیاتی شیکاری کاریگەریی ئابووریی مارکسیزم بە ئاڕاستەی گوتاری شیکاری، لێکدانەوەی سیمبۆلی و دەلالەتەکان هەنگاو بنێت.
 ئەم تیۆر و رێدۆزە هزرییانە، تێگەیشتنێکی قووڵتریان بۆ  کەلتور فەراهەمکرد و توانی خۆی زیاتر بخزێنێتە نێو دیسپیلینە زانستی و ئەکادیمییەکان. لە دوای بەریتانیا چەند وڵاتی تری ئەنگلۆفۆن باوەشیان بۆ ئەم کایەیە کردەوە، بۆ نموونە بە هۆی کۆچی کۆمەڵێک توێژەرەی پێشەنگی وەک تۆنی بێنت، جۆن فیسک و جۆن هارتڵی، هەر زوو گەیشتە ئوسترالیا و بە سوودوەرگرتن لە سیاسەتەکانی (ریفۆرمی کەرتی خوێندنی باڵا) لەوسەردەمەدا توێژینەوەی کەلتوریی بوو بە دیارترین دیسپلینی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە ئوسترالیادا. 
دواتریش لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک کایەکی سەربەخۆ دەستیپێکرد، بەڵام بە هەمان شێوەی ئوسترالیا پێشوازی لێنەکرا، بەڵکو بە هەمان دەردی کایەکانی ئەکادیمییە نوێیەکانی وەک نەژادگەرایی، ئەفرۆ- ئەمریکی و بنەچەی ئەمریکایی، توێژینەوەی کەلتورییش پشتگوێ خرا. لەسەر ئاستی ئەوروپا، لە هەشتاکان لە ئەڵمانیا و فەرەنسا، لە نەوەدەکاندا لە هۆڵەندا و وڵاتانی ئێسکەندەناڤیا وەک کایەکی ئەکادیمی سەربەخۆ لە دامەزراوە ئەکادیمییەکاندا جێگیرکرا. 

فیلمسازیی پرۆسەیەکی هەرەوەزییە، چەندین کەس بە رۆڵی جیا لە پێکهێنانیدا بەشدار دەبن، ناکرێت و شیاو نییە تەنها وابەستە بکرێت بە یەک کەسەوە کە ئەویش (دەرهێنەر)ە

سەربەخۆیی دەق لە توێژینەوە کەلتورییەکاندا
یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی ئەم کایە هزرییە، رەتکردنەوەی سەربەخۆیی دەقە. لە روانگەی توێژینەوەی کەلتورییەوە، دەق ئەدەب، هونەر، میدیا، فیلم و... هتد هەڵگری مانای فرەچەشنە و تەنها لە ناو مەتندا قەتیس نابێت، بەڵکو سووچبەندییەک کە پێكهاتووە لە دەق، وەرگر و دۆخ (context)، مانا دروست دەکات، هەر بۆیە وەرگریش رۆڵی پاسیڤی نییە، بەڵکو لە لێکدانەوە و مانا بەخشین بە بەرهەمەکان بەشدار دەبێت.
 بێگومان ئەمە بۆ خۆی رەتکردنەوەی میتۆدە باوەکانی (خاوەندارێتی بەرهەم) و (تیۆری ئۆتۆریزم)ە کە بە یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی  بوارەکە دادەنرێت. 
رەیمۆند ویلیامز و هۆگارت، لە پێشەنگی ئەو کەسانەبوون کە مۆدێلی خوێندنەوە(Leavisite) لیڤیسایت) یان رەتکردەوە، مۆدێلێک کە توێژەر قەتیس دەکات بە  توێژینەوەکردن لەسەر چەند دەق/  بەرهەم لەوانەش (هونەری، سینەمایی، تەلەفزیۆن...) بە پاساوی ئەوەی شیاوی لێكۆلینەوە و شیكارین، چونکە خاوەن پێودانگی ئیستاتیكی و هەڵگری مانای قووڵن، بەڵام ئەوانەی تر بەجۆرێك لە جۆرەکان بێبەری دەکرێن لە خوێندنەوە. 

سینەما؛ دیدگای کەلتوور 
سینەما پێش ئەوەی هونەربێت دامەزراوەیەکی کەلتوورییە. فیلم تەنێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو زادەی کەلتوورێکە وابەستەیە بە دۆخ و شوێنی بەرهەمهێنانەوە، لە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژیاییەوە گوزارشت لە جیهان دەکات و ناکرێت بێبەری بکرێت لەو فاکتەرانەی کە کار لە ئافراندنیدا  دەکەن. 
فیلمسازیی، پرۆسەیەکی هەرەوەزییە، چەندین کەس بە رۆڵی جیا لە پێکهێنانیدا بەشدار دەبن، ناکرێت و شیاو نییە تەنها وابەستە بکرێت بە یەک کەسەوە کە ئەویش (دەرهێنەر)ە. 
بۆیە پێویستە چەند هەنگاوێک بچینە دواوە، دوورتر بڕوانینە پرۆسەی فیلمسازیی و شیکاری سینەما بە گشتی نەک خۆقەتیسکردن بە چەند بەرهەمێکی دیاریکراوەوە بە بیانووی ئەوەی شاکاری هونەری و  کەلتووری باڵان. شکاندنی نەریتی خوێندنەوەی دەقی ئاست باڵا و تیۆری ئوتۆریزم، ساڵانێکی زۆری خایاند تا لە نێو تیۆر و میتۆدەکانی فیلم و میدیادا جێی خۆی بکاتەوە، پشکی شێریش بۆ  توێژەرانی بواری کەلتووری دەگەڕێتەوە.
فیلم، گۆرانی، شانۆ و تابلۆ، پێش ئەوەی هونەر بن ماکی کەلتوورین، دەستکردی شوێن و سەردەمێکی دیاریکراون؛ هەڵسەنگاندنیان پێویستی بە دیدگایەکە پێش هەر شتێک دوور بێت لە حوکمدان لەسەر بنەمای کەسی یان پێودانگە باوەکانی کۆمەڵگە دوور لەو سیستمە پۆلێن سازییانەی کەلتور بەسەر دوو جۆردا (کەلتووری باڵا و کەلتووری نزم) دابەش دەکەن. 
دواجار،  باڵا و نزم چییە؟ «کەلتوور، هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە  کە مرۆڤ ‹دەیکات ، دروستی دەکات و دەیڵێت» لە توێژینەوەی کەلتورییشدا، هەموو شتیک بە ئەندازەی خۆی بایەخی هەیە: ئاریایەکی ئۆپرایی و گۆرانییەکی میللی؛ پێرفۆرمانسی بالێ و سەمای سەرجادە؛ شەربەتی مێوژ و شەراب، حومس و فەلافل یەک سەرچاوەیان هەیە، وەک یەکن جێیان دەبێتەوە.
*مامۆستای زانکۆی سلێمانی

رۆلان بارت

رەیمۆند ویلیامز

وتارەکانی نوسەر