یەکەم/ دیاردەی کۆمەکی خێرخوازیی دارایی
ئەم دیاردەیە دوو کایەی لەخۆگرتووە؛ کۆکردنەوەی کۆمەکی دارایی لەناو کۆمەڵگەدا، لەگەڵ چۆنیەتیی بەکارهێنان و مامەڵەکردن بە پارە کۆکراوەکانەوە؛ ئەگەر بە دابەشکردنی بێت بەسەر کەسانی شایستە و لێقەوماو و بێ دەرەتان، یان بەکارهێنانی بێت؛ بۆ چالاکیی خزمەتگوزاریی خێرخوازی و فریاگوزاریی، بۆ هەژار و پەککەوتەکان، یان بۆ لانەوازان و نەداران، یان سوودلێوەرگرتنی بێت؛ بۆ بەرژەوەندیی و بۆ ئامانجی خۆیی و تایبەتیی بکەرەکانی کۆکردنەوەی پارەی خێرخوازی.
بەگشتی ئەم دیاردەیە، هۆکار و زەمینەی سەرهەڵدان و برەودانی؛ دەگەڕێتەوە بۆ کاتی هەڵایسانی جەنگەکان، کارەساتە مرۆییە تراژیدییەکان، رووداوە سروشتیەکان، تەنگژە و قەیرانە ئابوورییەکان، گۆڕانکاری و وەرچەرخانە سیاسییە دژوار و نەخوازراوەکان.
هەرچەندە ئەم دیاردەیە، لەبنەڕەتدا رەهەندێکی جیهانی و فرە ئایینیی هەیە و بەگوێرەی قۆناغەکان؛ گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەڵام لەکۆمەڵگە و وڵاتە موسوڵمانەکاندا؛ زیاتر بەرگێکی ئایینیی پۆشیوە و چوارچێوە و ناسنامەیەکی ئیسلامیی بۆ خۆی دەستنیشانکردووە و توانیویەتی سوود لە بوونی چەندین میکانیزمی ئایینیی؛ لەنموونەی کۆمەک، زەکات، سەرفیترە، خێر، سەدەقە و ...هتد وەربگرێت.
لە ئێستادا و بەگشتی لە جیهانی ئیسلامیدا؛ چەندین لێکدانەوە و بۆچوون و شیکردنەوەی جیاواز، یان هەڵوێستی ناکۆک و دژبەیەک، یان ململانێ و رکابەریی، لەسەر کۆکردنەوەی پارەی خێرخوازی بۆ کارەساتباران و لێقەوماوانی کەرتی غەززە لە فەلەستین دروستبووە؛ ئەویش لەناو بەشێک لە بانگەوازکارانی خێرخواز، هاوکات لەناو هەندێک لە گروپەکانیش، لەم رووەوە یەکتر بە ناشەرعیبوونی کارەکە و دزی و خراپ بەکارهێنانی پارەکان تۆمەتبار دەکەن.
دووەم/ ئامانجەکانی خێرخوازی
لە بەڕێوەبردنی کاری خێرخوازیدا؛ چەندین پاڵنەر و ئامانجی مرۆیی و فریاگوزاری، ئایینی و ئایینزایی، ئایدیۆلۆژی و سیاسی، میدیایی و سۆشیال میدیایی، نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی، سایکۆلۆژی و خۆیی (تایبەتی)ی تاکەکان هەیە.
کارکردن بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی کاری خێرخوازی؛ بەگوێرەی زەمینەی یاسایی و رێکار و سیستمی چاودێریی وڵاتەکان دەگۆڕرێت، لەبەشێک لە وڵاتان کارە خێرخوازیەکە؛ لەچوارچێوەی هەوڵ و کۆششی تاکە کەس و گروپی خاوەن پاشخانی سیاسیدا قەتیس بووە، ئەویش بۆ هێنانەدی ئامانجی خۆیی تاکەکان، یان گروپەکە، لەبەرامبەردا لە بەشێک لە وڵاتەکانی تردا؛ کارە خێرخوازییەکە بە یاسا و لەژێر چاودێریی حکومەتدا، شەفاف و دادپەروەر و بەدیسپلین کراوە، ئەویش لەڕێگەی مۆڵەتدان بە دروستبوونی رێکخراوی خێرخواز و فریاگوزاریی بێلایەن و سەربەخۆی تایبەتمەند، کە پابەند کراوە؛ بە رێنمایی و رێکارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و یاسای رێکخراوە ناحکومیەکان، سیستمی بانکی و دەزگای چاودێریی دارایی حکومەت.
سێیەم/ بکەرانی کاری خێرخوازی
لە سۆنگەی دەستنیشانکردنی ئامانجەکانی خێرخوازییەوە، دەتوانین بکەرە جیاوازەکانی کاری خێرخوازی، بەم جۆرە دیاری بکەین:
1- قەوارە بێلایەنە سەربەخۆکان
ئامانجی گشتیی قەوارە بێلایەنەکان لە کۆکردنەوەی پارە بۆ کاری خێرخوازی؛ خۆی لە خزمەتکردنی بەرژەوەندیی گشتیدا دەبینێتەوە و بکەرەکانی بریتین لە دەستەی کتوپڕیی خۆبەخشی تایبەت بە رووداوێکی کارەساتبار، ناوەندی میدیایی و سەکۆی سۆشیال میدیایی و گروپی دامەزراوی دوور لە هەژموون و جڵەوی سیاسی، رێکخراوی خێرخوازیی ناوخۆیی تایبەتمەند و بێلایەن و سەربەخۆ، ئاژانس و رێکخراوی فریاگوزاریی نێودەوڵەتی.
2- قەوارە پاشکۆکان
ئەم قەوارانە کاری خێرخوازی دەقۆزنەوە بۆ خزمەتی قەوارە سیاسیەکەی پشتی پەردە و بریتین لە دەستە و گروپ و دەزگای میدیایی و سەکۆی سۆشیال میدیایی روواڵەتدار و رووکار؛ بۆ پارت و رێکخراوی سیاسی، بەتایبەتی بۆ هێزەکانی رەوتی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم، کە زۆرینەی رەهایان خاوەنی رێکخراوی خێرخوازین، بەتایبەتی ئیخوان موسلمینەکان.
3- تاکە سەربەخۆکان
تاکە سەربەخۆکانی بانگەوازکار بۆ کاری خێرخوازی؛ لەسەر بنەمای هەوڵ و کۆششی تایبەتیی، کەمتر کار بۆ بەرژەوەندیی گشتی دەکەن، بەڵکو زیاتر رەچاوی بەرژەوەندیی تایبەتی خودی خۆی دەکات؛ ئەگەر بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگ و خۆکردنە فیگەر بێت؛ یان بۆ دەستکەوتی دارایی.
بەشێک لە وڵاتان، هەنگاوی گەورە و ریشەییان نا، بۆ سنووردارکردن و بە یاساییکردن و کۆنتڕۆڵکردنی کاری کۆکردنەوەی پارەی خێرخوازی و توانیان خۆیان لەو پاشاگەردانییە رزگار بکەن
چوارەم/ میکانیزم و ئامرازەکانی خێرخوازی
لە قۆناغی ئێستادا بکەرە جیاوازەکان، بەتایبەتی ئەوانەی کە زیاتر خاوەنی ئامانجی خۆیی و شاراوەن؛ بەمەبەستی کۆکردنەوەی زۆرترین کۆمەک، هانا بۆ بەکارهێنانی چەندین ئامراز و میکانیزم دەبەن؛ کە کاریگەریی زیاتر و بەرچاو، لەسەر ناخ و باوەڕ و باری دەروونی و ویژدانیی تاکەکان و رای گشتیی کۆمەڵگا دروست دەکەن؛ لە هەموویان دیارتر فاکتەری ئایین، میدیا، سۆشیال میدیا، بەتایبەتی لەلایەن بەشێک لە مەلا و بانگەوازکارانی بانگەشەی ئایینی، ئەویش لەناو ئەو کۆمەڵگەیانەی کە تاڕادەیەک هەستوسۆزی ئایینیی تیایدا بەهێزە و دیاردەی بانگەوازی ئایینیی تیایدا لە برەودایە، بەدیاریکراویش کاتێک کە ئەو بانگەوازکار و کەسایەتییە ئایینیانە؛ زۆر بە ئازادانە و بەبێ سانسۆر و کۆسپ و بەبێ دیاریکردنی چوارچێوەی یاسایی، بۆ جموجۆڵ و چالاکیەکانیان؛ توانیویانە رووبەرێکی گەورە، لەناو میدیا و سۆشیال میدیا و ناوەندە ئایینی و ژینگە کۆمەڵایەتیەکاندا، بکەنە پێگەی بەهێز بۆ خۆیان، تاکو لەسایەی بانگەوازە ئایینیەکەدا؛ بتوانن بەخشینی کۆمەکی دارایی؛ لای بەشێک لە موسوڵمانان، بکەنە ئەرکێکی ئایینی.
پێنجەم/ ئەزموونەکانی کاری خێرخوازی
لەدەرەنجامی شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن؛ لەڕووی چۆنایەتیی کۆکردنەوە و دابەشکردنی پارە خێرخوازییەکان، ئەو کارە دوو ئەزموونی جیاوازی لێکەوتۆتەوە:
ئەزموونی یەکەم/ لەچەندین وڵاتی جیهاندا، بەتایبەتی لە جیهانی ئیسلامیدا؛ ئەم دیاردەیە هێشتا لە چوارچێوەیەکی یاساییدا رێکنەخراوە، بەڵکو زیاتر لە چوارچێوەی کار و کۆششی تایبەتیی تاکە کەس و گروپی بچووک و پارتی سیاسیدا، کەوتۆتەگەڕ و هیچ پابەندییەکی بە پرەنسیپی شەفافیەت و دیسپلینی چاودێری و لێپرسینەوەی داراییەوە نییە و بە ئازادیی رەهاوە؛ درێژە بە کاری خۆی دەدات.
چەندین زەمینە و هۆکار هەن، بۆ بەردەوامیی و تەشەنەسەندنی ئەم دیاردەیە؛ لەناویاندا کەمتەرخەمیی حکومەتەکان و میدیا و دامودەزگا ئایینییە فەرمییەکان و نەبوونی لێکۆڵینەوە؛ بۆ تیشکخستنەسەر ئەم دیاردە پاشاگەردانییە و بۆ خستنەڕووی دەرەنجام و لێکەوتە و دەرهاویشتە نەخوازراوەکانی.
ئەم ئەزموونە زیاتر بەرهەمی دوو قۆناغە لەکاری خێرخوازیی ئیسلامیدا؛ کە تیایدا بە ناوی خێرخوازی و فریاگوزارییەوە؛ دەیان پارت و رێکخراو و گروپی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم و ژمارەیەکی زۆر لەبانگەوازکار و سەرکردە و کادیرەکانیان؛ توانیویانە سوودی دارایی زۆر، لەم دیاردەیە وەربگرن و بەهۆیەوە ببنە خاوەنی سەرمایەی گەورە:
قۆناغی یەکەم/ لەچوارچێوەی ململانێکانی جەنگی سارد و لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، لەدوای دەستپێکردنی دیاردەی جیهادی ئیسلامی لە ئەفغانستان؛ چەندین رێکخراوی خێرخواز و فریاگوزاری ئیسلامی و جیهانی، بەتایبەتی لە سعودیە و وڵاتانی تری کەنداوەوە؛ بۆ هاوکاری و پشتیوانی لە جیهادەکە و کۆمەککردنی خەڵکی لێقەوماوی ئەفغانستان؛ بەرەو شاری پیشاوەری پاکستان، لەسەر سنووری ئەفغانستان بەڕێکەوتن و لەوێ جێگیربوون.
هاوکات ژمارەیەکی زۆری ئەندام و لایەنگری پارت و رێکخراوەکانی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم، بەتایبەتی رێکخراوەکانی ئیخوان موسلمین، لە وڵاتانی ئیسلامیەوە؛ بەپیر بانگەوازی بەشداریکردن لە جیهادی ئەفغانستان، رۆیشتن و چوونە شاری پیشاوەر؛ کە بووبووە وێستگە و دەروازەیەکی گرنگ، بۆ پێشوازی و داڵدەدان و رێکخستن و سازدان بۆ چوونە ناو ئەفغانستان بۆ جیهاد، ئەوەبوو دواتر هەموویان بە جیاوازی نەتەوە و وڵات و ئایینزا و رێکخراوە سیاسیەکانیانەوە؛ بە عەرەب ئەفغان ناسران.
ئەو عەرەب ئەفغانانە، لەسەرەتاوە دابەشبوون بەسەر دوو گروپدا؛ گروپی یەکەم دوای پەروەردەی فکری و مەشقی سەربازی، کە بوودجەکەی لەسەر ئەمریکا و سعودیە و رێکخراوە خێرخوازیە ئیسلامیەکان بوو، کرانە جەنگاوەر و چوونە ناو ئەفغانستان و لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئیسلامی سیاسیی ئەفغانستاندا؛ بەشداریان لە شەڕی سوپای حکومەتی ئەفغانستان و سوپای یەکێتیی سۆڤیەتدا کرد؛ کە سوپای دووەمیان بۆ ئامانجی ستراتیژی، لە کۆتایی حەفتاکاندا؛ بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان؛ لەشکرکێشیی کردبووە ناو خاکی ئەفغانستان.
بەرهەمی ئەم گروپە لەدوای کۆتاییهاتنی شەڕی ئەفغانستان؛ بریتی بوو لە گواستنەوەی ئەزموونی جیهادی ئەفغانستان و توندڕەویی ئایینیی و تیرۆر، بۆ وڵات و ناوچەکانی تری جیهانی ئیسلامی و دامەزراندنی بنکە و لقەکانی رێکخراوی قاعیدە لە جیهاندا؛ بە هەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە.
گروپی دووەم لە عەرەب ئەفغانەکان، لە شاری پیشاوەر مانەوە و لەناو رێکخراوە خێرخواز و فریاگوزارە ئیسلامیەکاندا، وەکو فەرمانبەر و کارگوزار دامەزران و توانیان بەشێک لەپارە تەرخانکراوەکانی بەردەستیان؛ بەکاربهێنن بۆ بەرژەوەندیی خودی خۆیان و پارت و رێکخراوەکانیان، ئەمەش بووە سەرەتایەک بۆ بەکارهێنانی پارەی خێرخوازی؛ بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی و سیاسی، ئەمە بەدەر لەوەی کە لەو قۆناغەدا، شاری پیشاوەر بووبووە ناوەندێک بۆ بەخشینی کۆمەکی دارایی؛ بۆ چەندین هێزی ئیسلامی سیاسی لە وڵاتانی تردا، بە هێزی ئیسلامی سیاسیی کوردیشەوە.
جێی ئاماژەیە ئەم دیاردەیە، دواتر رووی لەتەشەنەسەندنی زیاتر کرد، بەتایبەتی لەکاتی کۆمەککردنی موسوڵمانەکان و هێزەکانی ئیسلامی سیاسی لە کشمیر، چیچان، ئاسیای ناوەڕاست، بۆسنیا، کۆسۆفۆ، فەلەستین و ...هتد.
هەرچەندە ئەو دیاردەیە تووشی گووشار و لەمپەر و خاوبوونەوە بووە، بەڵام لەدوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2023ی کەرتی غەززە لە فەلەستین، جارێکی تر بووژایەوە.
قۆناغی دووەم/ دەگەڕێتەوە بۆ دوای کردەوەکانی 11ی سێپتەمبەری 2001 و دواتری رێکخراوی قاعیدە و بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی تیرۆر بە جیهاندا، بەتایبەتی بەهۆی تەشەنەسەندنی رێبازی ئایدیۆلۆژیی سەلەفیزمی جیهادی و سەرهەڵدانی داعش و هەموو ئەو شەڕ و ململانێیانەی کە لە 25 ساڵی رابردوودا، لە جیهاندا روویانداوە؛ بەتایبەتی لە جیهانی ئیسلامیدا.
جێی ئاماژەیە خودی دامەزرێنەر و پێشەوای قاعیدە؛ کە بریتی بوو لە ئوسامە بن لادن؛ سەرمایەدارێکی دەوڵەمەند و خاوەن پرۆژەی بازرگانی گەورە بوو؛ سەرمایەکەی تەرخان کردبوو بۆ فراوانکردنی بنکە و تۆڕەکانی رێکخراوەکەی و کۆمەککردنی ئەو هێز و گروپانەی کە بەیعەتی پێ دەدەن و دەکەونە ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆر، بە خزمەتی ئامانجەکانی قاعیدە و لە دژی ئەمریکا و هەندیک لەو وڵاتانەی کە لە دید و تێڕوانین و ئەدەبیاتی قاعیدەدا؛ بە پاشکۆ و نۆکەری ئەمریکا و ئیسرائیڵ لەقەڵەم دەدران.
لەم قۆناغەدا لەلایەک سوودێکی زۆر لە داهات و سەرچاوە داراییەکانی رێکخراوی قاعیدە وەرگیرا، بەهەمان شێوە سوود لەو داهات و کۆمەکە داراییانەی تریش وەرگیرا؛ کە بە ناوی خێرخوازیەوە، لەدوای راگەیاندنی رێکخراوی نێودەوڵەتیی قاعیدە لە ئەفغانستان؛ بە ناوی (بەرەی جیهانیی بۆ جیهادکردن بەسەر خاچپەرستان و جوو- شوباتی 1998)، لەناو وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی تری ئیسلامی و لەناو رەوەندی موسوڵمانان لە رۆژئاوا کۆکرایەوە.
ئەزموونی دووەم/ بەپێچەوانەی ئەزموونی یەکەم، لە ژمارەیەکی زۆری وڵاتان، بەتایبەتی لە رۆژئاوا و لە بەشێک لە وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان؛ لەڕێگەی سەپاندنی رێکاری یاسایی و بانکی و کارگێڕیی و چاودێریی وردەوە، تا ڕرادەیەکی زۆر توانراوە ئەم دیاردەیە کۆنتڕۆڵ بکرێت و پابەند بکرێت؛ بە شەفافکردنی بڕ و سەرچاوەکانی داهاتی کۆکراوە و چۆنیەتیی بەکارهێنانی؛ ئەمەش لەپێناوی چوار ئامانجدا؛ کە بریتین لە :
1- بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دزیکردن بە ناوی خێرخوازی.
2- رێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارەی رەش.
3- رێگریکردن لە بەکارهێنانی پارەکان، بۆ خزمەتی دیاردەی تیرۆر.
4- رێگریکردن لە بەکارهێنانی پارەکان، لە بەرژەوەندیی پارت و گروپەکانی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم.
ئەو چوار ئامانجە بوونە هۆی پیاچوونەوە و خستنەژێر چاودێری و بەدواداچوون؛ بۆ هەر هەوڵێک کە دەدرێت، بە ئامانجی کۆکردنەوەی پارە بەناوی خێرخوازییەوە؛ بەتایبەتی لەناو رەوەندی موسوڵمانان لە رۆژئاوا، وڵاتانی کەنداو، میسر، ئوردن، تورکیا، مالیزیا، تونس، جەزائیر، مەغریب و ... هتد.
شایەنی باسە چەندین بانگەوازکاری ئایینی و گروپ و رێکخراوی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم، لە ژمارەیەک لەو وڵاتانەدا، رووبەڕووی لێپێچینەوە و هەڵدانەوەی ئابرووچوونی گەورەی دارایی بوونەوە.
دەتوانین بڵێین بەشێک لە وڵاتان، هەنگاوی گەورە و ریشەییان نا، بۆ سنووردارکردن و بە یاساییکردن و کۆنتڕۆڵکردنی کاری کۆکردنەوەی پارەی خێرخوازی و توانیان خۆیان لەو پاشاگەردانیە رزگار بکەن؛ بۆ ئەوەی چیتر بانگەوازکار و گروپە ئایینییەکان، نەتوانن لە دەرەوەی رێنمایی و رێکارە یاساییەکان و دوور لە شەفافیەت؛ مینبەری مزگەوت و سەکۆکانی سۆشیال میدیا و ناوەندەکانی میدیا، بە ناوی فریاکەوتن و بەهاناوەچوونی موسوڵمانانی لێقەوماوی جیهان؛ بقۆزنەوە بۆ کۆکردنەوەی پارەیەکی گوماناوی و دەمامکدار بە ناوی خێرخوازییەوە.
بارودۆخی خەڵکی غەززە رۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت