دەستگیرکردنی عەجاج حەردان تکریتی، جەللادەکەی قەڵای نوگرە سەلمان و ئەشکەنجەدەری قورسی ئەنفالکراوەکان، دەبێتە سەرەتایەکی باش بۆ نووسینەوەی مێژووی جینۆسایدکردنی کورد و سزای کرداریی ئەو کەسانەی خەون و ژیانی هەزاران مرۆڤ و خێزانیان کۆتایی پێهێنا، بەڵام وا دەستگیرکردن و زیندانیکردنی خۆشیان بووەتە ترێند و دۆست و دوژمن لە گۆشەنیگای جیاوازەوە باسی دەکەن.
عەجاج، لەنێو پرۆسەی جینۆسایدکردنی کورد و سەروکاریی زیندانیکراوەکاندا دوو دەرفەت لەبەردەمیدا دەبێت، یەکەمیان ببێتە ئەفسەرێکی مرۆڤدۆست و هێندەی پێی دەکرێت هاوکاریی زیندانیکراوان بێت، یان چەند دەتوانێت وەکو مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵ بکات. دووەمیشیان ببێتە ئەفسەرێکی دڕندە و دژە مرۆڤ و مافەکانی و تینوو بە خوێن و ئازاردان، کە بەداخەوە عەجاج رێگەی دووەمیانی هەڵبژارد.
ئێستا کە عەجاج دەستگیرکراوە، گوێبیستی دەیان چیرۆکی شۆکهێنەری ئەشکەنجە و ئازاردانی تەواو قورس دەبین لە زاری ئەو ئەنفالکراوانەی ئازادکران، هەر مرۆڤێک دەزانێت زیندان چەند جێگەیەکی ناخۆشە و دژە ئازادییە، بەڵام نوگرەسەلمان و ئەو چەند جێگەیەی دیکە کە ئەنفالکراوەکانیان تیادا بوون یەکجار ترسناک بوون.
وردبەرەوە زۆربەی کات ئەوانەی توندوتیژن نەخۆشن یان لە ژینگەیەکدا پەروەردەکراون کە بەردەوام بەرامبەر ئەوانەی لەخۆی جیاوازن توندوتیژن، ژینگەی عەرەبی «بە زۆری» ئەو ژینگەیەیە کە بەردەوام دژی کورد زەمینەسازیی دروستکردنی کەسێتیی توندڕەوی بۆ کراوە، لەکاتێکدا ژن و منداڵ، پیر و پەککەوتە لە نوگرەسەلمان برسییانە، عەجاج چێژ لەوە وەردەگرێ کە خواردنیان پیشانبدات و نەیانداتێ بیخۆن، ئەوان تینوویانە و کەچی ئەو لەبەرچاویان ئاو دەخواتەوە و چێژ لە تینوێتیی ئەوان وەردەگرێ.
عەجاج و ئەو ژینگە بۆگەنەی سەدانی وەکو ئەوی تیادا پەروەردەکراون، تەواو دژی مرۆڤ و بەها و مافەکانین، لەکاتێکدا کورد وەکو نەتەوە خاوەن شارستانییەت و بەرگریکردن لە ئازادی و مافی مرۆڤ و پرسی پێکەوەژیانە، ئەو دوو بیرکردنەوەیە وایانکردووە بەردەوام کەسێتیی کورد بیر لە پێکەوەژیان و پاراستنی شکۆی مرۆڤ بکاتەوە، بەپێچەوانەوە عەجاج و هاوبیرەکانی پێکەوەژیان رەتبکەنەوە و لەوکاتەی بەهێزتر دەبن، بێهێزەکانی جیاواز لە خۆیان دەچەوسێننەوە.
سزادانی عەجاج، تەنانەت ئەگەر لەسێدارەش بدرێت، زیانەکانی ئەو مێژووە کەم ناکاتەوە کە تیایدا کورد جینۆساید دەکرێت، بەڵام سزادانی رەمزێکی دڕندەیی و شۆڤێنیزم و جەللاد، دەکرێت ببێتە وێستگەیەک بۆ بەخۆداچوونەوەی ئەو کەسانەی دەیانەوێت ببنە جەللاد و مرۆڤکوژ و رەتکردنەوەی جیاوازییەکان و سەپاندنی هەموو ئامانجەکان لە رێگەی هێزەوە.
عەجاج، هەردوو دەرکەوتنەکەی شەرمهێنەرە، یەکەمیان کاتێک لە قاوشی زیندانیکراوەکاندا بەهێزەوە وەکو جەللادێک دەردەکەوێت و مرۆڤی بێتاوان ئازار دەدات، دووەمیان کاتێک وێنەکەی بە سەرشۆڕییەوە لە زینداندا دەبینرێت و ئیتر دەرفەتێک نییە بۆ دەربازبوون لەو سزایانەی کە بەهۆی جەللادبوونییەوە لەمڕۆدا دەدرێت، مێژووی جەللادێک کۆتاییدێت کە چێژی لە ئازاردان وەردەگرت، عەجاج ئەگەر لەسەر ئەو جەللادبوونەی نەکوژرێت، ئەوا بیرکردنەوەی لەوەی بۆچی جەللاد بوو، ئەوسا لەکوێ و ئێستا لەکوێیە، گەورەترین ئەشکەنجەدانە، کۆتاییەکە کەوا کەم کەس بەبیریدا هاتبێت.