لەگەڵ مام جەلال، خەون و خەمێک

10:34 - 2025-08-07
عیماد ئەحمەد
152 خوێندراوەتەوە

دۆڵی خواکورک دەکەوێتە ناوچەی برادۆستی سەرووی ناحیەی سیدەکان، نزیک سێگۆشەی سنووری (عیراق- ئێران- تورکیا) لە زنجیرە چیا و لووتکەی بەرز پێکدێت، لە دێی (بنێ)وە دەست پێدەکات تا دێی (خزنە) نزیک سێگۆشەی سنوور، لە رووی جوگرافییەوە، ناوچەیەکی شاخاویی گونجاو بوو بۆ چالاکیی پێشمەرگایەتی، داستانی خواکورک لە پایزی ساڵی (1988) کە بەشێکی زۆری پيشمەرگەی لایەنەکانی بەرەی کوردستانی تێیدا بەشدار بوون، زیاتر لە مانگێکی خایاند و سوپای داگیرکەری بەعسیش شکستی خوارد، خودی کاک مەسعود بارزانی سەرپەرشتیی شەڕەکەی دەکرد.
لە رووی سروشتییەوە جوانییەکی دەگمەنی هەیە، لە هاوینان بەهەشتێکی سەر زەوییە، شاخ و دۆڵی پر درەختی بەردار و خۆڕسکە، ئاو و هەوای سازگارە. لە زستانانیش پڕ بەفر و سەهۆڵبەندان و  سەخت و بێهاتوچۆیە.
بارەگای سەرکردایەتیی حزبی شیوعیی عیراقی لە کەپ و قەدپاڵی شاخی دەستەچەپی دۆڵی خواکورک نزیک جرجیان بوو.
ئەوان سەرەڕای سەختیی ژیان بە سەلیقە و بەرنامەی خۆیان، بەهەشتێکی دونیاییان بۆ خۆیان دروستکردبوو.
لەوکاتانەدا ئەوان و ئێمەمانانی مارکسی، دەمانویست لەسەر ئەرز بەهەشت دروستبکەین بە پێچەوانەی ئەوانەی تر وەک بزووتنەوە، ئیخوان ئەلموسلمین و بزووتنەوەی ئیسلامیی شیعە و سوننی، ئەوان دەیانویست لەو دونیا بەهەشتیان بەرکەوێ!
بۆ کۆبوونەوە و سەردان، لەو رۆژگارانە، چەندینجار سەردانی سەرکردایەتیی حزبی شیوعیی عیراقیمان کرد. 
لە بناری شاخەکە بارەگای ئەبو تارا هەبوو، ئەرکی میوانداری و رێکخستنی کۆبوونەوە و دیدارەکان بوو، هەر لەو هەوارە بۆ یەکەمین جار چاوم بە ئەبو حیکمەت (یوسف حنا یوسف) و دایکی بەهار و ئەبو فاروق (عومەر عەلی شێخ) و ئەبو شهاب (رەحیم عەجینە ) کەوتووە. یاد و یادەوەرییان بەخێر.
ئای چەند لەوان فێری ژیانی خاکی و هەڵسوکەوتی ئینسانی و لایق بووم.
لە هاژەی ئاو و شنەبا و گەڵاڕێزانی داربەڕووەکان و جووڵەی سمۆرە و خوێندنی باڵندەکان شەو و رۆژمان دەکردەوە. 
باوکی تارا (ئیبراهیم سۆفی مەحمود) پیاوێکی بە هیمەت و قسەخۆش و خۆشمەعشەر و شارەزای ناوچەکە بوو، گەنم رەنگ و باڵا بەرز و چوار شانە و ئیسقان ئەستوور بوو.
ماوەیەکی زۆر لە گەڵ حزبی دیموکراتی ئێران بوو، هاوکاری و یارمەتییان دەدا بە رەزامەندیی سەرکردایەتیی حزبی شیوعیی عیراقی، تا ئەو رادەیەی بوو بە یەکێک لە فەرماندە باڵا عەسکەرییەکانی ئەو حزبە.
قاچی راستی بەفیشەک بریندار کرابوو، لە رێکردن دەشەلی، لە دانشتنیشدا ئەو قاچەی نەدەنووشتایەوە و درێژی دەکرد.
لە هاوینی ساڵی (1986) لە کەپرەکەی دانیشتبووین، پرسیارێک هاتە خەیاڵم و مەبەستم بوو وەڵامەکەی لەو سەرکردە شارەزا و وردبینە بزانم، چونکە من بە دیداری دکتۆر قاسملۆ شاد نەبووبووم، دەمویست بزانم جیاوازی نێوان مام جەلال و قاسملۆ  چییە؟
ئەو بە زمانە پاراو و شیرینەکەی خۆی وتی: هاوڕێ ئەم دوو زاتە دوو سەرکردەی مەزن و بە توانا و بلیمەتی کوردن، خاوەن رۆشنبیری و ئەزموونێکی زۆرن، بەڵام جیاوازییان هەیە، وتی: مام جەلال لە سیاسەتکردندا، تاکتیک و  ستراتیجی دیارە و زوو هەستی پێدەکەیت و دەزانیت چی دەوێت؟ بەڵام بەپێچەوانەوە قاسملۆ ماوەیەکی دەوێت تا دەرکەوێت و  بزانیت چی دەکات و چی دەوێت. 
بەداخەوە قاسملۆ لە (13) تەمموزی ساڵی(1989)لە ڤیەننا بەدەستی غەدر شەهید کرا، دیسانەوە لە بەرلین لە (11) سێپتەمبەری ساڵی(1992) دکتۆر سادق شەرەفکەندی شەهید کرا، بەو بۆنەیەوە شیوەننامەیەکم بۆ هەردوو سەرکردە  نووسی و لە رۆژنامەی ئاڵای ئازادی بڵاومکردەوە. 
لەم شەوانەدا لە خەونمدا مام جەلال لە باخچەکەی قەڵاچوالان لەژێر شۆڕەبییەکی گەورەدا، لە ناو گوڵ و گوڵزار، بە قاتێکی شین و کراسێکی سپی و بۆینباخێکی سوور و پێڵاوێکی بێقەیتانی رەشی بۆیاغ کراوەوە، لەسەر کورسییەکی حەیزەران دانشتبوو، هەردوو دەستی لەملا و ئەولای کورسییەکە دانابوو، بە جووڵەی گەڵا و لقی شۆرەبییەکە جاروبار تیشکی هەتاوەکە بەر سەعات و ئەڵقەی پەنجەی براتووتەی دەستی چەپی دەکەوت و جاروباریش دەستی راستی و پەنجەکانی لەسەر پیانۆی قژە ماش و برنجەکانی سەری دادەنا. منیش لە حزوریدا راوەستابووم، داوای کورسییەکی بۆ کردم و لە تەنیشتی دانیشتم. 
بە بێتاقەتی و بێزاری وتی: عیماد، بۆچی ئەم بارودۆخەی هەرێم چاک ناکەن؟ خۆ ئەم هەلومەرجە لە سەردەمی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و کۆڕەو و شەڕی نەگریسی ناوخۆ گرانتر و زەحمەتتر نییە، منیش وتم: مام جەلال خەمت نەبێت هەوڵی جددی بۆ دەدەین.
لەپر بەخەبەر هاتم و لەو دیدارە سۆفیانەی خۆم وەک دەروێش و مامیش وەک شێخ بێبەش بووم.
هەمان رۆژ پێش ئەوەی بچم بۆ دەوام، لە دەباشان سەردانی مەزارەکەیم کرد و فاتیحایەکم لەسەر گڵکۆکەی بۆ خوێند، هەموو یاد و یادەوەرییەکانی وەک برووسکە بە مێشکمدا تێپەڕین.
 خەونەکەم بۆ کاک دلێری سەید مەجید باسکرد، ئەویش بە زەردەخەنەیەکەوە وتی: إنشاء اللە خەوەکەت دێتەدی.

لەدوای خەونەکەی، بەیانی زوو سەردانی مەزاری مام جەلال دەکات

د. عەبدولڕەحمان قاسملۆ -  سەرۆک مام جەلال

خواکورک ـ دکتۆر کاوە، سەلمان، عیماد ئەحمەد، تاهیر

خواکورک ـ مامۆستا عادل، عیماد ئەحمەد، حاجی مەمۆ، روناک شێخ جەناب، حەیدەر، مامۆستا سەلام، دانیشتوو حەمە ئاوات

وتارەکانی نوسەر