بۆ هه‌رێمی كوردستان، رووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌و عیراق و دراوسێكانی، پێویستییان به چاودێریی به‌رده‌وام و به‌دواداچوون هه‌یه. جه‌نگی غه‌ززه و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی، دۆسێی ئه‌تۆمیی ئێران و راوه‌ستانی گفتوگۆكان، مه‌ترسیی ناوبه‌ناوی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی جه‌نگی ئێران – ئیسرائیل، دۆزی دوو ده‌وڵه‌تی و ئه‌گه‌ری داننانی هه‌ندێ وڵاتی رۆژئاوایی به بوونی ده‌وڵه‌تێك بۆ فه‌له‌ستینییه‌كان و كاردانه‌وه‌كانی ئه‌م دۆسێیه.
له‌ولاوه، له گۆڕه‌پانی سوریا، پرسی حكومه‌تی راگوزه‌رو ده‌ستووری نوێ، سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی توندوتیژی له سوه‌یدا له‌نێوان هێزه‌كانی سوریا‌و دروزه‌كاندا، كاریگه‌رییه‌كانی گرژیی له‌نێوان هێزه‌كانی سوریای دیموكرات و سوپای ئه‌م وڵاته له سنووری حه‌له‌ب، بارودۆخی عه‌له‌وییه‌كان و لێكه‌وته‌كانی ئاواره‌بوونیان و چاره‌نووسی ئه‌م پێكهاته‌یه، هاوكات راپۆرتی نێوده‌وڵه‌تی له‌باره‌ی زیادبوونی مه‌ترسیی داعش له‌و وڵاته، گرژییه سنوورییه‌كانی نێوان سوریا‌و حزبوڵڵای لوبنانی و دۆسێی تر.
له عیراقیشدا، كێشه‌كانی دوای قۆناغی رێككه‌وتنی به‌غداو هه‌رێم له‌سه‌ر پرسی مووچه، دۆسێ مه‌ترسیداره‌كه‌ی یاسای تایبه‌ت به حه‌شدی شه‌عبی له بواری خزمه‌ت و خانه‌نشینی و ناكۆكییه‌كان له‌باره‌یه‌وه، پرسی هه‌ڵبژاردنی نوێ و ئاماده‌كاری و ئاڵه‌نگارییه‌كان، سه‌رچاوه‌كانی په‌لاماردانی كێڵگه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم و ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌یان، هاتنی كۆمه‌ڵێك كۆمپانیای چینیی وه‌كGeo Jade Petroleum وUnited Energy Group وZhongman Petroleum بۆ سه‌رمایه‌گوزاریی گه‌وره له كێڵگه نه‌وتییه‌كانی عیراق و زیادكردنی به‌رهه‌می نه‌وت و هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا له‌وباره‌یه‌وه، قه‌یرانی كاره‌با له عیراق و دانوستان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌رو عومان و توركمانستان بۆ هاورده‌كردنی غازی جێگره‌وه بۆ غازی ئێران، تێكچوونی ژینگه و كه‌مئاویی و وشكه‌ساڵی، زۆر دۆسێی تر، سه‌رله‌به‌ر پێویسته له هه‌رێمی كوردستانه‌وه چاودێریی ورد بكرێن، چونكه كه‌م و زۆر ره‌نگدانه‌وه‌یان له‌سه‌ر چۆنیه‌تی گه‌ڵاڵه‌كردنی هه‌ڵوێست و به‌ڕێوه‌بردنی ململانێ و ئاڕاسته‌كردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ش ده‌بێت.
بۆ هه‌رێم، ئه‌وه‌ی گرنگه، سێ دۆسێ و شایسته هه‌ن له دوای پرسی مووچه كه له‌م ماوه‌یه‌دا پێویستییان به یه‌كلاكردنه‌وه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت وه‌ك هه‌رێم مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ته‌واوی دۆسێكانی عیراق و ناوچه‌كه‌دا بكرێت. یه‌كه‌میان یه‌كخستنی ته‌واوه‌تیی هێزی پێشمه‌رگه‌و دڵنیاكردنه‌وه‌ی ئه‌مریكییه‌كان و هاوپه‌یمانان كه له‌م دۆسێیه‌دا جددیین و جێبه‌جێ ده‌كرێت. دووه‌میان: كاراكردنی په‌رله‌مان و رێككه‌وتن له‌سه‌ر ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی و پێكهێنانی لیژنه‌كانی تا ببێته دامه‌زراوه‌یه‌كی نیشتمانیی كارا‌و له‌گه‌ڵ رووداوه‌كانی ناوخۆ‌و ناوچه‌كه‌دا بڕوات و به‌شداربێت له داڕشتنی سیاسه‌تی هه‌رێم. سێیه‌میان، پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ململانێ و دانوستاندا له‌گه‌ڵ به‌غداو له‌هه‌ر پرسێكدا گره‌و له‌سه‌ر دابه‌شبوونی سیاسیی كورد نه‌كرێت. له‌م رووه‌وه، وا پێویسته كه گه‌ڕی نوێی گفتوگۆكانی یه‌كێتی و پارتی ده‌ستپێبكات بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر كابینه‌ی نوێ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌كرێت به تێز‌و پاكێجی نوێ بچنه گفتوگۆوه، به‌تایبه‌تی له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر پێكهێنانی كابینه‌كه بكه‌وێته دوای هه‌ڵبژاردنی عیراقه‌وه، ئه‌وا دوورنییه پرسی رێككه‌وتن گرێ و گۆڵی زیاتری بێته‌ڕێ!.