‎گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت

10:36 - 2022-07-06
‎‎سۆزان حەمە تاتە
493 خوێندراوەتەوە

هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی عیراق بەردەوامن، لایەنە کوردییەکانیش کارەکتەری نێو ئەو پرۆسەیەن، گوێیان لێدەگیرێ و پرس پێکراون، کورسییەکانیشیان بۆ یەکلاییکردنەوەی پرۆسەکە گرنگە.
 لێرەدا تەنھا یەک شت پێویستە بۆ کورد، ئەویش یەکخستنی ستراتیژ و وتاری سیاسییانە دوور لە بەرژەوەندیی تەسکی حزبی. ‎
چوارچێوەی ھەماھەنگی سەرقاڵی گفتوگۆکانە بەتایبەت دوای ئەوەی رەوتی سەدر لە پڕۆسەکە کشایەوە، ئیتر چوارچێوەی ھەماھەنگی بووە خاوەن پرسی پێکھێنانی حکومەت، بەڵام رێگەی ئەوانیش بێ کۆسپ و تەگەرە نییە، بەڵکو قورس و ئاڵۆزە.
 ‎دوو ھەنگاو پێویستیان بە رێکەوتن ھەیە، پەرلەمان لەوەیاندا رۆڵی نییە، بەڵکو چاوەڕوانی رێکەوتنی ھێزە سیاسییەکانە، ھەرکات ئەوان لە دەرەوەی پەرلەمان رێکەوتن لەسەر بەربژێری سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران، ئەوا لەناو پەرلەمان کارەکە ئاسان تێپەڕ دەبێت و پڕۆسەکە دەکەوێتە سەر رێگەی خۆی. ‎شیعەکان بە بۆچوونی خۆیان موقتەدا سەدریان لە کۆڵ بۆتەوە، بەڵام ئەمە بەتەواوی وا نییە، بەڵکو سەدر ئاسان لێ ناگەڕێ، تەنھا یەک ئەگەر ھەیە بۆ ئەوەی رێگەی لێ بگیرێ ئەویش سەرۆک وەزیرانێکی بەھێزە بۆ ئەوەی ستۆپی پێ بکات و نەھێڵێ شەقام بەکاربھێنێت.
‎زۆر باس لە نوری مالیکی دەکرێت، مالیکی بەھێزە و سەدر پێی نا ئارامە، بەڵام ئەگەر کۆدەنگیی شیعەکانی چوارچێوەی لەسەر بێت، دەتوانێت ھاوسەنگی رابگرێت، لە حاڵەتی وادا دوور نییە زۆر نەبات لەگەڵ سەدردا رووبەڕووی یەکتر ببنەوە، وەک چۆن کاتی خۆی مالیکی بە توندی ھێرشی کردە سەر سوپای مەھدیی سەدر ‎دەمێنێتەوە سەر کورد کەوا چۆن بتوانێ بە بەربژێرێکی ھاوبەش پرسی سەرۆک کۆمار یەکلایی بکاتەوە، تائێستا پارتی و یەکێتی لەسەر ئەوە رێنەکەوتوون، بەڵام دەرفەتی رێکەوتنیان زۆرە، ئەگەر رێبکەون ئەوا پێگەی کورد لە عیراق بەھێز دەبێت و ئەوەش لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانە. ‎رێکەوتنی یەکێتی و پارتی لەسەر بەربژێری سەرۆک کۆمار، دەرفەتێکی گرنگە بە بەھێزبوونەوەی پێگەی کورد، دەرگایەکی باش دەکاتەوە بۆ ئەوەی کاریگەریی کورد لەسەر پرۆسەی سیاسیی عیراق زیاتر بێت، نابێت ئەو دەرفەتە لە دەست بدرێت.

وتارەکانی نوسەر