ئاشكرایە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وا داڕێژراوە كە لە سەرجەم قۆناغەكانی خەباتی شۆڕشگێڕی سەردەمی شاخ و دواتر لە قۆناغی پاش راپەڕین و ئازادی و هاتنەكایەی خەباتی پەرلەمانی و حوكمڕانی كە بە تێكۆشان و قوربانیدانی گەلەكەمان هاتۆتەدی، هەردەم بۆ یەكخستنی ریزەكانی گەلەكەمان لەپێناوی گەیشتن بە ئامانجەكان و بەدەستهێنانی مافە رەواكانی گەلی كوردستان، لە هەوڵی بێوچاندا بووە.
ئەمڕۆش دوای هەموو ئەو ململانێ قورس و گرێكوێرانەی كە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق سەریهەڵداوە، دۆخێكی نائاسایی و چەقبەستووی سیاسی وا مەترسیداری هێناوەتەئاراوە، كە ئاڵۆزییەكان بەشێوەیەك تەنیویانەتەوە، ئەگەر فریادڕەسێك نەبێت ئەوا وڵات بەرەو لێواری تەقینەوە دەچێت. ئا لەو سەروبەندەدا، هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك كارەكتەرێكی دیاری نێو گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان و عیراق، بۆ درێژەدان بە سیاسەتی چەپكەگوڵەكە و هەوڵدان بۆ لێكنزیككردنەوەی لایەنە ناكۆكەكان و یەكخستنەوەی را و بۆچوونە جیاوازەكان و دەربازكردنی عیراق لەو تەنگژە و چەقینە سیاسییە، بە پەیڕەوكردنی سیاسەت و دیپلۆماسیەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال وەك كەسایەتییەكی هەمیشە یەكخەر كە هەموو تەمەنی خۆی بۆ یەكڕیزی و تەبایی و دۆزی گەلی كورد تەرخانكرد و بۆ دانانی بەردی بناغەی عیراقی نوێ و قەوارەی سیاسیی گەلەكەمان لە هەرێمی كوردستان، رۆڵی مێژوویی و گەورەی گێڕا، هەر لەو روانگەیەوە و بە پشتبەستن بەو رێبازە و سوودوەرگرتن لە وانەكانی خوێندنگەی زانستە سیاسییەكەی، بە گوزەركردن بەسەر هەمان رێچكەی دیارترین كەسایەتیی نیشتمانی، تا ببێتە خاڵی هاوبەشی ناكۆكەكان و فراوانكردنی بازنەی ئاشتی و پێكەوە كاركردن لەپێناوی ئاراستەكردنی عیراق بەرەو كەناری ئارام، كۆكردنەوەیان لەسەر مێزی گفتوگۆ و لە نزیكەوە رووبەڕوو لە یەكتێگەیشتن و بیر و را گۆڕینەوە لە بابەتی دوا هەنگاوەكانی پرسی پێكهێنانی حكومەتێكی نوێی نیشتمانیی خزمەتگوزار، كە مافە دەستوورییەكانی گەلی عیراق بەگشتی و گەلەكەمانی بەتایبەت تێدا پارێزراو بێت، لابردنی بەربەستەكانی رێگر لەبەردەم سەرخستنی پڕۆسەی سیاسیی عیراق، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەروازەی ئاشتی ماڵی گەورەی مامی بۆ میوانداری و نێوەندگیریی نێوان لایەن و هێزە سیاسییەكان واڵاكردووە و لەپێناوی (سازان و شەراكەت و یەكتر قبوڵكردن و پێكەوەكاركردن) بە ئاڕاستەی دەربازبوون لە دۆخی ناجێگیریی ئەمڕۆی عیراق و داڕشتنەوەی ستراتیژی نوێی پێكەوەیی و نیشتمانیی نێوان لایەنە سیاسییەكان و پارێزگاریكردن لە مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان بەگشتی و داكۆكیكردن و پاراستنی مافە رەواكانی هاووڵاتیانمان لە كەركوك و ناوچەكانی دەرەوەی سنووری ئیدارەی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی، بە خستنەگەڕی تەواوی تواناكان بۆ فەراهەمكردنی ژیانێكی ئاسوودە و خۆشگوزەران و چاكتركردنی حاڵ و گوزەرانی تەواوی چین و توێژەكان بە تایبەت كۆمەڵگەی كوردەواری، ماڵە گەورەكەی مام-ی لە بەغدا كردۆتە تاقە وێستگەی ئومێدی گەلی عیراق و چەتری كۆكردنەوەیان.