كاریزمایی مام جەلال

لە راست دەرچوونی پێشبینییەكانیدا بۆ ئایندەی سیاسی

09:49 - 2022-07-27
شوان كەریم
374 خوێندراوەتەوە

لە بیرەوەرییەکانی مام جەلال -دا هاتووە: لە نیسانی ساڵی 2000 دا بەندە و بەڕێز مەسعود بارزانی بۆ ئەمریكا بانگهێشت كراین و لەوێ‌ چاومان بە وەفدێكی باڵای حكومەتی ئەمریكا كەوت كە زۆربەی لێپرسراو و سەرۆكی دەزگا و جومگە سەرەكی و هەستیار و بڕیار بەدەستەكانی ئەمریكای لە خۆگرتبوو، لە نێویاندا نوێنەرانی (كۆشكی سپی، پنتاگۆن، وەزارەتی دەرەوە، دەزگای  (سی ئای ئەی ) دیارترینیان بوون .
لە كۆبوونەوەكەدا كە زیاتر بۆ پشتیوانی و پشتگیریی لە پلانێكی  داڕێژراوی ئەمریكا و هاوپەیمانان و گفتوگۆ و داڕشتنی سەردێڕ و دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاو بوو بۆ دیاریکردنی حوكمڕانییەكی تەندروست بۆ عیراق و رووخانی رژێمی بەعس، لە كۆبوونەوەكەدا بۆ سەرخستنی پلانەكە و هاوكاریكردنی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان، مەرجی ئێمە بۆ بەشداریكردن لەو هاوپەیمانێتییە بۆ عیراقی نوێی دوای ژێمی بەعسی عیراق، عیراقێكی دیموكرات و فیدراڵ بێت و مافی گەلی كوردی تێدا پارێزراو بێت .

دوای ئەو سەردانە و لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا دووبارە و بۆ هەمان مەبەست چووینەوە بۆ ئەمریكا، بەڵام ئەمجارە وەفدێكی ئۆپۆزسیۆنی ئەوکاتی عیراقیش لەگەڵمان بانگهێشتکرابوو بۆ بەشداریی كۆبوونەوەی هاوشێوەی كۆبوونەوەکەی پێشوو.
لەگەڵ كاك مەسعود هەمان  هەڵوێستی پێشوومان دووبارە كردەوە و سووربوونی خۆمان بۆ بەدەستهێنانی مافی رەوای گەلەكەمان چەسپاند.
لەوەبەدوا بڕیاردرا لەگەڵ هێزە ئازادیخوازەكانی دیكەی عیراق پێكەوە دەستەجەمعی یەك دەست و یەكدەنگ و هاوهەڵوێست بۆ رووخاندن و لابردنی رژێمی بەعس خەبات بكەین و لەدوای سەكەوتنی پڕۆسەكە لە بەڕێوەبردنی حوكمڕانی عیراقدا هاوبەش بین .
ئەوەی لە گێڕانەوەی ئەم بیرەوەرییەی هەڤاڵی كۆچكرد و مام جەلال دەمەوێت بیخەمەڕوو، دیارترینی پێشبینییەكانێتی سەبارەت بە سانایی رووخاندنی سەدام و رژێمەكەی كە لە میانی كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی پێدابوو، رایگەیاندبوو كە بەهۆی لاوازیی و شەكەتی و بێتوانایی ئەو هێزانەی پشتی پێبەستوون، هەروەك دووپاتكردنەوەی بۆ ئایندەی سیاسی عیراقی دوای پڕۆسەی ئازادكردن،  بە پێشبینی خۆی ئاماژەی بە ناسانایی حوكمڕانی عیراقی دوای پڕۆسەی ئازادی دابوو، كە بە تەنها بە ئەمریكا بەڕێوەناچێت و رایگەیاند بوو سەركەوتنی حکومڕانی عیراق بەهۆی رەنگاڵەییەكەیەوە، كاری بەكۆمەڵ و یەكڕیزیی و یەكهێزی پێكهاتە رەسەنەكان دەخوازێ‌، كە دواتر دروست دەرچوونی پێشبینی و دووربینییەكانی هەڤاڵ مام جەلال، هەموو پێكەوە بینیمان و تێیدا ژیاین كە چۆن عیراق جگە لە هەرێمی كوردستان بە سەختترین قۆناغدا تێپەڕی و رووداو و ئاژاوە و شەڕی نێوان پێكهاتەكان و دووبەركیی و ماڵوێرانی روویدا بەجۆرێک كە بە هەزاران قوربانیی بە دوای خۆیدا هێنا و چ كارەساتێكی مرۆیی خوڵقاند، لەلایەكی ترەوە گرفت و بەربەستی سیاسی لە بەردەم بەرەوپێشچوونی بەڕێوەبردن دروستكرد و رێی لە گەیاندنی خزمەتگوزاریی و دەستی ئاوەدانی گرت.
دووربینی مام بۆ قۆناغی دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراق بەر لە وادەیەكی دوور، دەرخەر و سەلماندنی دانایی ئەو سەركردە مەزنە دەردەخات كە بەهۆی ئەزموونی سیاسی زەمەنێكی دوور و درێژییەوە لە خەبات و تێكۆشانیدا بە دەستیهێنابوو.
رۆژەكان تێپەڕین و لەدوای سەركەوتنی پڕۆسەی ئازادکردنی عیراق، كە دیسان بە پێشبینی مام جەلال ماوەی تەواوبوونی پڕۆسەكەی بۆ رامسفێڵد بە نزیكەی سێ‌ هەفتە خەمڵاندبوو، لەوەشدا پێكابووی، دەركەوت عیراق جگە لەو وادەیەی كە خودی خۆی تیایدا سەرۆك كۆمار بوو، بە شایەتی دۆست و دوژمن و هەموو ئەو نەیارانەی كە چاویان بە سەركەوتنی پڕۆسەی حكومڕانی و دیموكراسی هەڵنایە، سەمامی ئەمانی عیراق و چەتری كۆكەرەوەی سەرجەم هێز و لایەن و پێكهاتە و تەواوی چین و توێژەكانی عیراق بوو. لەو ماوەیەدا تا ئاستێكی باش عیراق هێمنی و سەقامگیریی و لێكنزیكردنەوەی لایەن و پێكهاتەكانی بەخۆوە بینی و ئاڕاستە جیاوازەكانی هاوتەریب كردەوە، بەڵام لە دوای تێكچوونی باری تەندروستی و كۆچی دوایی ئەو سەرکردەیە، عیراق بەشێوەیەكی گشتی بە چەندین باری سەختدا تێپەڕی و چەقبەستوویی دۆخی نالەباری سیاسی و هاتنە دواوەی باری ئابووریی خەڵك بەگشتی، بۆ چەندین جار عیراقی بە لێواری رووخان و داڕمان گەیاند .
ئێستاش بەهۆی فراوانبوونی بازنەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی خەڵك و زیاد لەپێویست بەرزبوونەوەی پێوەری ستانداردی ئاستی بێكاری، بەتایبەتی لەناو گەنجان و زۆربوونی هەژاری و كەمدەرامەتی، بەشێوەیەكی زۆر فراوان ناڕەزایی هاووڵاتیانی لێكەوتۆتەوە و بەهۆیەوە لە پایتەخت و شار و شارۆچكەكانی تری عیراق بەهۆی دروستبوونی توندوتیژییەكانەوە دەیان كەس رۆژانە دەبنە قوربانی و زیانی مادی زۆر بە ئابووریی عیراق كەوت، ئەو رووداوانەی ئێستا و داگیركاریی بەشێكی عیراق لەلایەن گروپە تیرۆرستەكانەوە، بە رووداوەكانی پێشتریشەوە، راستی و دروستی پێشبینی و دووربینییەكانی مام جەلال-یان سەلماند، ئەگەر بەجێی نەهێشتینایە بێگومان ئێستا هاوكیشەكان بە جۆرێکی تر دەبوون.

وتارەکانی نوسەر