شیمال ئەلعیراق

10:10 - 2022-07-28
شوان کەریم کابان
514 خوێندراوەتەوە

 بۆردومانەکەی گوندی پەرەخ لە سنووری زاخۆ و شەهیدبوونی ژمارەیەک هاووڵاتی عەرەب و برینداربوونی ژمارەیەکی تر، کاردانەوەیەکی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمیش. گومانی تێدا نییە شەهیدکردنی ئەو هاووڵاتیانە لە کاتێکدایە کە جگە لە بەسەربردنی کاتێکی پڕ لە خۆشی و بیرکردنەوە لە جوانییەکانی ژیان هیچی تریان نەدەکرد، تاوانێکی گەورە و دژە مرۆڤایەتی بوو. ئەو رووداوە زنجیرەیەک ناڕەزایی بەدوای خۆیدا هێنا جگە لە بەیاننامەی ناڕەزایی رەسمی و نارەسمی، لەسەر ئاستی جەماوەرییش، لە زۆر شاری عیراق، بەتایبەت شیعەنشینەکان، خۆپیشاندان رێکخراو لە هەرێمی کوردستانیش ناڕەزایەتییەکان زۆربوون، بەتایبەت لەسەر ئاستی میدیا و هەندێ بەرێزیش لە مەلیک مەلیک تربوون. 
بەندە وێڕای سەرکۆنەی توندم بۆ تاوانەکە و سەرەخۆشیم لەکەسوکاری قوربانییان، دوو سەرنج و بۆچوونێکم هەیە و هیوادارم کەسیش لێم دڵگران نەبێ، لەبەرئەوەی دەبێ بڕوامان بە ئازادی بیروڕا هەبێ! یەکەم، بەدرێژایی ئەو چەند ساڵەی شەڕ و پێکدادان لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لە نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە هەیە، جگە لە چۆڵبوونی چەندین دێهات و زیان گەیاندن بە هاووڵاتیان لە رووی ئابوورییەوە، 137 هاووڵاتی شەهیدبوون، جگە لەوەی هەندێ ناڕەزایی شەرمنانە لەلایەن دەزگا بەرپرسەکانی عیراقەوە هەبووە، ئیتر نەخۆپیشاندان، نە داگرتنی ئاڵای تورکیا لەسەر باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانە و نە بانگهێشتی کونسوڵ و نە سکاڵا لە تورکیا و نە کۆبوونەوەی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عیراق نەکراوە و نە پەرلەمانی عیراقیش کۆبوونەوەی تایبەتی بۆ کردووە.
 دووەم، بەندە بەهۆی دۆستێکی عەرەبمەوە کە لەکاتی پڕۆسەی ئازادی عیراق لە بەغدا یەکترمان ناسی و لە رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئەلحورییە کاری لەگەڵ دەکردین، بەشداری پێکردووم لە گروپێکی واتس ئەبدا کە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر ئەندامی هەیە، لە میدیاکار و سیاسەتمەدار و پەرلەمانتار و وەزیر و نووسەر و ئەدیب.. هتد بە ژن و پیاو کوڕ و کچەوە، هەموو  ئەوانەی  لەسەر رووداوەکە سەرنجی خۆیان دەربڕیبوو ئێستاش دەریدەبڕن، هەموویان بە کوردستان و هەرێمیان وتووە، شیمال ئەلعێراق، کە ئەمە بێ چەند و چۆن و خۆ لێلادان، دیارە چۆن بەرامبەر کوردستان و هەرێم بیر دەکەنەوە. 
بۆچوونەکەشم ئەوەیە، زۆر ترس و گومانم لەوەیە ئەو رووداوە سەرەنجامەکەی وابێ، داوا بکرێت سوپای عیراق بێتەوە ئەو سنوورانە بە بیانوی پاراستنیان، کە بۆشیان ناپارێزرێ! 
هەمووشمان ماناو مەغزا و دەرەنجامی ئەو هاتنە دەزانین و ئومێدەوارم بۆچوونەکەم هەڵەبێ.

وتارەکانی نوسەر