تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خێزانەكانی پەرتەوازە كردووە

10:42 - 2022-05-08
دووتوێ
181 جار خوێندراوەتەوە

كەشتیی نوح

ئەو شۆڕشی پەیوەندییە ئەلیكترۆنییەی جیهانی گرتووەتەوە و هەموو رۆژێكیش تازەكاریی تێدا دەكرێت، خۆی سەپاندووە بەسەر ژیانی رۆژانەماندا و كەم ماڵ و خێزان هەیە لەم بەرهەمە پێشكەوتووانەی تەكنەلۆژیای سەردەم بێبەش بێت.
تەكنەلۆژیا و لەناویشیاندا تۆڕەكۆمەڵایەتییە جیاوازەكان بەجۆرێك باڵیان كێشاوە بەسەر كۆمەڵگەكاندا و لەناویشیاندا كۆمەڵگەی كوردی كە خەریكە تەنگ بە هەندێك دابونەریتی باو هەڵبچنن و لە بیری بەرنەوە و بەوپەڕی متمانەوە نەریتی نوێ بسەپێنن كە تایبەتمەندی خۆی هەیە و ئەستەمە مرۆڤەكان دەستبەرداری ببن، چونكە ئەو تەكنەلۆژیایانەی خۆیان لە ئامێرەكانی پەیوەندیكردن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەبیننەوە، بوونەتە ئامڕازی خوێندنەوە و پەیوەندیكردن و وێنەگرتن و بیرهێنانەوە و گەڕان.
مرۆڤی ئەم رۆژگارە چەندین سەعاتی ژیانی خۆی لەناو جیهانی گریمانەییدا بەسەر دەبات بەڕادەیەك هەستە مرۆییەكانی شێواندووە.
ئەگەر باس لە دۆخی خێزانەكان بكەین، ئەوا خێزانی ئەم رۆژگارە  پەرتەوازەیی پێوە دیارە، لەو روانگەیەی كاتێك چوارچێوەی خێزان دەبێتە چەند گۆشەیەك و هەر ئەندامێك تێیدا  ئامێرێكی تەكنەلۆژیی بە دەستییەوە گرتبێت و خەریكی جیهانە گریمانەییەكەی خۆی بێت تووشی نەخۆشیی خوگیریی دەبێت.
هەروەها كاتێك چەند ئەندامێكی ئەو خێزانە كە هێشتا منداڵ یان لە تەمەنی نەوجەوانیدان بێ هیچ چاودێرییەك و بەبیانووی خوێندن و گەڕان بۆ سەرچاوە بۆ وانەكانیان تا بەرەبەریان سەرقاڵی مۆبایل و كۆمپیوتەرەكانیان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بن، كە زۆرجار ئەو قسانە تەنها بۆ خەڵەتاندنی دایك و باوك و گەورەكانیانە ئەمانەش هەمووی دەچنە خانەی كۆنترۆڵكردنی مرۆڤ لەلایەن تەكنەلۆژیاوە.
كەواتە خێزانی ئەمڕۆ لە بەردەم  شەڕێكی گەورە و مەترسیداردایە كە دەیەوێت بە تەواویی  كۆبوونەوە خێزانییەكان لەناو بەرێت و پەیوەندییە پتەوەكانی دایك و باوك و منداڵ و تەنانەت خزم و كەسوكاریش بكاتە قوربانی پەیوەندییەكی گریمانەیی ناو ئامێرێكی بێ رۆح، نەك هەر ئەوەندە، بەڵكو خەریكە لە زۆربەی خێزانەكاندا سروتی كۆبوونەوە لەسەر سفرەیەك بۆ نانخواردنیش نامێنێت و ئەویش جارێكیتر و بەڕێگەیەكی ناڕاستەوخۆ لە رێگەی ئامێرەكانەوە و بەیەك كلیك جێبەجێ دەكرێت و هەریەكە و لەكاتێكدا كە پێیخۆشە داوای ژەمی دڵخوازی خۆی لە خواردنێكی خێرا و ئامادە داوا دەكات، دیسان ئەمەش بەشێكی تر لە دەسەڵاتی تەكنەلۆژیا دەردەخات بەسەر ژیانی رۆژانەوە.
خاڵێكی تری گرنگ و بەرچاو كە خەریكە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە، سەردانە خێزانییەكانیش تووشی سستی و لاوازی بووە و گەر هەشبێت، ئەوا  زۆرجار میوانەكە لەگەڵ هاتنە ژوورەوەی و كەمێك دانیشتنی داوای پاسۆردی ئینتەرنێتی ماڵی خانەخوێ دەكات و  ئیدی میوانییەكە هیچ مۆركێكی تایبەتی نامێنێت و میوان و خانەخوێ رۆژەكەیان وەك رۆژێكی ئاسایی لێدەڕوات.
مەترسییەكە لەوەدایە كە خێزانەكان ببنە دامەزراوەیەكی ناگۆی نابیست و هەموو شیرازەیەكیان لەدەست بدەن كە ئەمەش بۆ خۆی فاكتەرێكی بەهێزە بۆ دەركەوتنی نەخۆشییە كۆمەڵایەتییەكان.
بەهۆی تەكنەلۆژیا و ئامڕازەكانی پەیوەندیكردنەوە خێزان بووەتە بوونەوەرێك كە سیفاتە كۆمەڵایەتیەكانی لەدەستداوە و ئەمەش شتێكی مەترسیدارە، كە خێزان بگۆڕێت بۆ قەوارە و كابینەی بچووك كە هەریەكە و لە ژوورەكەی و لە سووچەكەی خۆیدا سەرقاڵی جیهانە تایبەتەكەی خۆی بێت و هەر لێپرسینەوەیەكیش ببێتە هۆی هەڵگەڕانەوە و یاخیبوون لە قەوارەی گشتی خێزانەكان و دواتریش گەورەتر بێت و وڵاتێك بگرێتەوە.
وەك پێشتریش باسمان كرد، هەرچەندە ئامێرەكانی پەیوەندییكردن و ئینتەرنێت رێگەی دووریان بۆ نزیك كردوینەتەوە ئاستەنگیان لابردووە بە تایبەت لە بواری گەڕان بۆ سەرچاوە و خێرایی لە گەیشتن بە زانیاریی بۆ توێژەرەكان، بەڵام دیسان بوونەتە هۆی نەهێشتنی چێژی بۆنی كتێب و ماندووبوونی گەڕان بەناو رەفەی كتێبخانەكاندا، هەموو كەسێك كە مەبەستی توێژینەوە بێت دەتوانێت بە چەند كردەیەكی كۆپی پەیست توێژینەوەیەكی چەند سەد لاپەڕەیی ئامادە بكات، ئەمەش زیانێكی گەورەی هەیە و وەك سەرچاوە نووسراوەكانی ناو كتێب لە ئەندێشەی كەسەكەدا نامێنێتەوە و بە تەواوی ئەو نووسەرانە ناناسێت كە نووسینەكانی كردووەتە سەرچاوە و زۆر حاڵەتی دەروونی تریش  كە مرۆڤەكانی ئەم سەردەمە ناتوانن هەستی پێبكەن.

سەرچاوە: شبكە النبأ المعلوماتیە

بابەتە پەیوەندیدارەکان