یادگارییە تاڵەكانی منداڵی و چەند مەشقێکی دەروونی بۆ زاڵبوون بەسەریاندا

12:27 - 2022-05-08
دووتوێ
734 جار خوێندراوەتەوە

تارا شێخ عوسمان

پێگەی Psychology Today  ئەمریكی وتارێكی خانمە نووسەر (بیج ستریب)ی پسپۆڕ لە بواری پەروەردە و دەرونناسی و سروتە رۆحییەكانی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا یارمەتی ئەو كچانە دەدات كە لە منداڵیدا یادگاریی تاڵیان هەبووە و رێنماییان دەكات بۆ رزگاربوون لەو یادگارییانە و گەڕاندنەوەی ژیانی سروشتی و هێمنانەیان.
ئەو خانمە لە وتارەكەیدا  ئاماژە بە توێژینەوەیەكی خۆی دەدات كە ماوەی 20 ساڵ سەرقاڵی بووە و تێیدا سەرنجی خستووەتە سەر پەیوەندییەكانی نێوان كچان و دایكیان و ئەو زیانانەشی تۆماركردووە كە بەو كچانە گەیشتووە كاتێك بینیویەتی هەندێك دایك نەرمونیان نەبوون و گرنگییان بەشتەكانی خۆیان داوە و زۆر بە زەبروزەنگ بوون و رەخنەی زۆریان گرتووە و بیروبۆچوونی كچەكانیان پشتگوێ خستووە ئەمانەش بوونەتە هۆی ئەوەی ئەو كچانە بەو یادگارییانەوە گەورەبوون  و زۆریان وەك برینێك لە رۆحیاندا ماوەتەوە و ناتوانن هەستەكانی خۆیان بناسنەوە و بەكاریبهێنن هەربۆیە لەگەڵ ئەوەی پێویستیان بە هەست و سۆز بووە  كەچی كەسانێكیان كردووەتە هاوڕێ و تەنانەت هاوسەریشیان، كە جیاوازییەكی ئەوتۆیان نەبووە لە دایكیان هەندێكی تریشیان دیوارێكی پۆڵاینیان لە نێوان خۆیان و كەسانی تردا دروستكردووە  بۆ ئەوەی هەرگیز نەچنە پەیوەندی توندوتۆڵ و گەرم و گوڕەوە.
بۆ یارمەتیدانی ئەو جۆرە كچانە و هاوشێوەكانیان تا بتوانن لەو دۆخە دەروونییەیان چاكببنەوە و لاپەڕەیەكی نوێی ژیانیان هەڵبدەنەوە ئەم مەشقە رۆحیانەی پێشنیاز كردووە: 

وازهێنان لە دڵنیایی و پرسیاركردن
دڵنیایی وەك پرسیاركردن نییە كە عەقڵ بجوڵێنێت، چونكە بەوە هیچ ناگۆڕێت كە كەسێك بچێتە بەر ئاوێنە و بەخۆی بڵێت: ئەمڕۆ خۆم پەسەند دەكەم و خۆمم خۆش دەوێت، بەڵام كە لە خۆی پرسی ئایا ئەمڕۆ خۆمم خۆش بوێت و خۆم پەسەند بكەم؟ راستەوخۆ عەقڵ دەكەوێتە جوڵە و دەگەڕێت بە دوای چەند شتێكدا بۆ ئەوەی  كەسەكە بیكات تا خۆی خۆش بوێت و خۆی پەسەند بكات، واتە مۆڵەتێك بدات بە خۆی و هێندە هەست بە لاوازیی نەكات كە شتێكی پێنەكرا.

دەفری بەخششەكان 
زۆركەس وا دەزانن بیروەرییە ناخۆشەكانی مناڵیی وەك گەشتێكە و كۆتایی نایەت و تەنانەت بیركردنەوەی ئەرێنیش یارمەتی چاكبوونەوە نادەن، بۆیە باشترە بۆیان ئەو شتە باشانە بهێننەوە بیر خۆیان كە لە ژیانیاندا كردوویانە و ئەو كەس و هەلە باشانەی دواتر هاتوونەتە ژیانیانەوە وەك بە خششێك ببینێت كە هەندێكیان بچووك بوون و هەندێكیشیان رێڕەوی ژیانیان گۆڕیوە.
بۆیە پێویستە رۆژێكی دیاریكراو بدۆزێتەوە و دەست بكات بە یاداشتكرنی ئەو بەخششانە لەسەر كاغەزی رەنگا و رەنگ و قەدیان بكات و بیانكاتە قاپێكی شێوە گۆزەڵەی شووشەیی و لە رۆژی كۆتایی ئەو مانگەدا  بیخوێنێتەوە، هەر كاتێكیش بێتاقەت بوو و هەستی بە راڕایی و پەشێویی كرد، ئەو كارە دووبارە بكاتەوە.
رواندنی گوڵ و سەوزایی
رواندنی گوڵ و سەوزایی لە ماڵ و ژوورەكاندا یارمەتیدەری سەقامگیركردنی بیرۆكەكانە و  لەكاتی چاودێریكردنیان و خزمەتكردنیان دەرون ئاسوودە دەكەن و لە گەڵیشیدا خزمەتی رۆح دەكەن.

نیگایەكی جدی لە مناڵی
قورسترین رێگە راگرتنی سوڕانەوەی ئەو شریتە سینەماییەی منداڵییە كە مێشك دووبارەی دەكاتەوە، بۆنموونە كەسێك لە مناڵییدا پێی وتراوە تۆ (تەمەڵی، گێلی، لە فڵان كەمتری)، بۆیە كاتێك كەسێك بیركەوتنەوەی ئەو یادەوەرییە بێزاری دەكات،  وێنەیەكی منداڵیی خۆی بهێنێت و وەك ئەوەی كەسێكی تربێت سەیری بكات و بپرسێت ئایا ئەوە هەمان ئەو كەسەیە كە ئەوانی تر دەیانبینی، هەوڵبدات لەگەڵ كچی ناو وێنەكە قسە بكات و هاوسۆز بێت لەگەڵ خەم و تەنهاییەكەی ئەمەش سوودی خۆی دەبێت.
سروتی دەستبەردار بوون
 نووسەر دەڵێت: باشترە هەوڵبدەین دەستبەرداری هەموو ئەو كەرەستانە ببین كە ناهێڵێت بەڕوونی خۆمان ببینین و بگەینە ئامانجەكانمان و دەستبەرداری ئەو كەسانەش بین وامان لێدەكەن خەمباربین، چونكە پێداگری و هیوا وامان لێدەكات هەمیشە دەست بە چارۆكەی ئەو كەشتییەوە بگرین كە پێشڕەوی دەكات.
دەستبەردار بوونیش شتێكی گرنگە و ئەگەر تێكەڵ بە چەند سروتێك بكرێت باشتر دەبێت، بۆ نموونە دەتوانین نامە بۆ ئەو كەسە بنووسین کە دەمانەوێت دەستبەرداری بین، بەڵام مەرج نیە نامەكەی بۆ بنێرین، چونكە لەو حاڵەتەدا دەبێت چاوەڕوانی وەڵامدانەوە بین، نهێنی نامە نووسینەكە لەوەدایە كە  دەتوانین هەموو ئەو خەم و بێهیواییەی هەمانە بەو نووسینە دەریببڕین و دواتریش نامەكە بدڕێنین یان بیسووتێنین، هەندێكیش دەڵێن: نووسینەوەی یاداشتەكان یەكێكە لە رێگە باشەكان بۆ چاكبوونەوە لە دۆخی بێهیوایی و هێزی دەستبەرداربوون دەبەخشێتە مرۆڤ.

سروتی ئاگر 
 هەندێك  ئەم سروتەیان پێباشە و دەتوانن ئەوشتەی دەیانەوێت دەستبەرداری بن لەسەر كاغەز بینووسن و بیسوتێنن، زۆر جار بۆ ئەو كارە مۆم دادەگێرسێنن و بە ئاگری ئەو مۆمە نووسینەكە دەسووتێنن.

 سروتی بەرد
 ئەمەشیان تائێستا لە زۆر شوێنی دنیا  پەیڕە و دەكرێت كە بە دەم هەنگاونان بەسەر بەرد دا بڕیار دەدەن واز لە بیرۆكە و یادگارییە ئازاردەرەكان بهێنن، یان بە دەم هەڵدانی چەند بەردێكەوە بڕیار دەدەن واز لە هەموو ئەو شتانە بهێنن كە ئازاریان دەدەن.

سەرچاوە: SASA POST

بابەتە پەیوەندیدارەکان