ماوەی نۆ ساڵە هەرێم بێ بودجەیە

״پارتی رێگرە لە ناردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمان״

09:51 - 2022-05-09
ئابووری
533 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی نزیكەی نۆ ساڵە، پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی كوردستان نەهاتۆتە پەرلەمانی كوردستانەوە و ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێـت: «هەرچەندە بەشێكی زۆر لە فراكسیۆنەكان داوایان كردووە كە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2022ی هەرێم رەوانەی پەرلەمان بكرێت، بەڵام پارتی رێگرە لەوەی ئەو پڕۆژەیاسایە بێتە پەرلەمانەوە».

داهات و خەرجی دیار نییە
لەو بارەیەوە، د.شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی (PUKmedia)ی راگەیاندووە: لە كابینەكانی هەشت و نۆی حكومەتی هەرێمەوە، پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی كوردستان نەهاتۆتە پەرلەمان و ماوەی نۆ ساڵە حكومەتی هەرێم رێگرە لەوەی پڕۆژەیاساكە بێتە پەرلەمانەوە.
وتیشی: «لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، رێگری دەكرێت كە پڕۆژەیاساكە بێتە پەرلەمان، لەگەڵ ئەوەی چەندین جار لە زۆربەی فراكسیۆنەكانەوە داوا كراوە كە پڕۆژەیاساكە بێتە پەرلەمان، بەڵام گوێمان لێنەگیراوە».
ئەوەشی خستۆتەڕوو: تا پڕۆژەیاسای بودجە نەیەتە پەرلەمانەوە، بە روونی دیار نییە كە داهات و خەرجی بە تەواوی لە هەرێمی كوردستان چەندە و داهاتەكانی هەرێمی كوردستان بە ژمارە چەندە و چی لێدیت و چۆن خەرج دەكرێت، هەر ئەمەش وایكردووە كە چاودێری دارایی لە هەرێمی كوردستان لاواز بێت و تەنانەت لە پارێزگای واهەیە چاودێری دارایی هەر بوونی نییە.

پارتی بە نهێنی رێگری دەكات 
هەر سەبارەت بە نەبوونی یاسای بودجە لە هەرێمی كوردستان، شەمۆل ئاشتی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە ماڵپەڕەكەی راگەیاندووە: لەگەڵ ئەوەی حكومەت ئامادەنییە پڕۆژەیاسای بودجە بنێرێتە پەرلەمان، بەڵام فراكسیۆنی پارتی بە نهێنی رێگری دەكات لەوەی پڕۆژەیاسای بودجە بێتە پەرلەمانەوە.
وتیشی: «لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنەكان و سەرۆكایەتیی پەرلەماندا، چەندین جار ئەو پرسە باسكراوە و داواكراوە كە پڕۆژەیاسای بودجە بێتە پەرلەمان، بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ ئەو پرسە دوادەخرێت و حكومەت لە رێگەی پارتی و كورسی كەمینەكانەوە كە زۆرینەی پەرلەمان پێكدەهێنن، ئەو پرسە سست دەكات و هەر ئەمەش وایكردووە كە لە ماوەی نۆ ساڵی رابردوودا لە هەردوو كابینەی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، بۆ یەكجاریش پڕۆژەیاسای بودجە نەیەتە پەرلەمانەوە».

جیاوازی دەكرێت لە خەرجی پارێزگاكاندا
لای خۆیەوە، لوقمان وەرتی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت: «نەهاتنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمان وایكردووە كە داهاتی هەرێمی كوردستان بە یەكسانی بەسەر پارێزگا و قەزاو ناحیەكاندا دابەشنەكرێت و ئەمەش گرفتێكی زۆری بۆ دانیشتوانی بەشێكی زۆری هەرێمی كوردستان دروستكردووە».
ئاماژەی بەوەشداوە: پێویستە حكومەت هەموو ساڵێك پڕۆژەیاسای بودجە ئامادەبكات و بینێرێتە پەرلەمان، بەڵام ماوەی نۆ ساڵە حكومەت بە ئەركی خۆی لەسەر ئەو پرسە گرنگە هەڵنەساوە و بەپێچەوانەوە رێگری دەكات لەوەی پڕۆژەیاساكە بێتە پەرلەمانەوە.
جێی ئاماژەیە، دوایین جار كە پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی كوردستان هاتۆتە پەرلەمانی كوردستانەوە، لە سەردەمی د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح بووە كە ئەوكات سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بووە و لە دوای ئەوەی پارتی پۆستی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی وەرگرتووە، بەهیچ شێوەیەك پڕۆژەیاسای بودجە نەهاتۆتە پەرلەمان.
چاودێران و رۆژنامەنووسانیش پێیانوایە، نەناردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمان، كفنی بۆ شەفافییەتی دارایی لە هەرێمی كوردستان دووریوە و هەر ئەوەش وایكردووە كە كەس ئاگاداری داهات و خەرجی ئەم هەرێمە نەبێت.


بابەتە پەیوەندیدارەکان