وه‌لی دێوانه‌، ئه‌و قوربانییه‌ی كه‌س هه‌ستی به‌ ئازاره‌كانی نه‌كرد

08:15 - 2022-05-12
ئەدەب و هونەر
678 جار خوێندراوەتەوە

د.ئاراس محه‌مه‌د ساڵح

وه‌لی دێوانه‌ سووتاوی به‌رقه‌قره‌برێژی هه‌رده‌كانی گه‌رمیان، رێبوارێكی له‌ خێڵ به‌جێماوی كه‌ناری تافه‌كانی سیروان، وێڵێكی ده‌شتی كاكی به‌كانی شێروانه‌، كاتێك له‌ كۆچی له‌یلاخ به‌جێما هه‌ر له‌ خولیای یاردا بوو، هه‌ربۆیه‌ هه‌رده‌ڕۆیشت و پرسیاری ده‌كرد (ده‌لیل یار نه‌دیت؟) وه‌لی دێوانه‌ وه‌لییه‌كی كاروانسه‌رای پڕ له‌ ئازاره‌كانی ئه‌وین و عه‌شقی مه‌جازی له‌ نێو بۆته‌ی ئازار و ناڵه‌ی شه‌وبێدارانی شه‌ودا، ئه‌و وه‌لییه‌ی هه‌تا ئێستاش كه‌س له‌گه‌ڵ ئازاره‌كانیدا ناژی و هه‌ستی پێناكات.
وه‌لی دێوانه‌، ته‌نها دێوانه‌ی (شه‌م)ه‌ و هیچی تر، به‌رده‌وام له‌ سۆراخی كۆچ و باری هۆزی جافدایه‌، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی كه‌ماڵه‌یی و له‌ هۆزی جافه‌، به‌ڵكو ته‌نها له‌به‌رخاتری شه‌م، چونكه‌ شه‌م له‌گه‌ڵ كۆچ و هه‌واری جافدایه‌، له‌ خه‌می نازداری ماڵه‌ جافدایه‌ نه‌ك پرسیاری ئه‌و كۆچه‌ بكات داخۆ گه‌یشته‌ كوێ و بۆ كوێ ده‌ڕوا؟ ته‌نها ده‌یه‌وێت هه‌واڵی هه‌واری شه‌می ره‌شماڵان بزانێت و به‌س.

(ده‌لیل شه‌م نه‌دیت، ده‌لیل شه‌م نه‌دیت؟
جه‌ ئێلاخ ئامای سپی شه‌م نه‌دیت؟
ئاهووی سه‌ر قه‌تار نه‌وای ره‌م نه‌دیت؟
نوور بینایی هه‌ردوو چه‌م نه‌دیت؟
... هتد)


هه‌رچه‌نده‌ خێڵ سه‌رقاڵی كۆچی ئێلاخ و ماڵ داویه‌تی به‌یه‌كدا و كه‌س ئاگای له‌ خاوه‌نی خۆی نییه‌، به‌ڵام وه‌لی سووتای عه‌شقی شه‌م هه‌ر له‌ سۆراخی باڵای شه‌مدایه‌ و پرسیار له‌ رێبوار و پێبوار ده‌كات، به‌ڵكو سا ئه‌مه‌ خوایه‌ كه‌سێك له‌ كوێستان و له‌ هه‌واری هۆزی كه‌ماڵه‌یی شه‌می شه‌بستانی ئه‌می دیبێ، ئه‌و پرسیاری ئاسكی چاو به‌كلی ده‌شتی شێروانه‌ ده‌كات، ئه‌و ئاسكه‌ سركه‌ی بووه‌ته‌ سه‌رقه‌تاره‌ی عێل و به‌ره‌و كوێستانی جوان پێشڕه‌وی ده‌كات، ئه‌رێ ئه‌ی ده‌لیل تۆ رووناكی هه‌ردوو چاوی وه‌لی دێوانه‌ت نه‌دی؟ له‌ڕێی كۆچی جاف و هه‌واری نازدارانی جافدا گۆنا سپی و سافی من (شه‌م) نه‌دیت؟ ئه‌و پرسیارانه‌ی وه‌ك ئازاره‌كانی عه‌شقی وه‌لی كۆتاییان نایه‌ت و دێوانه‌ش ماندوو

نابێ له‌ سۆراخی شه‌می شۆخ و شه‌نگی ئێلاخ؟
(من شه‌رت و عه‌هدی چه‌نی تۆ كه‌ردم
سوجده‌ وه‌ ئیخلاص ئاستانه‌ت به‌ردم
... هتد)


وه‌لی جارێكی تر رووی رازی دڵی ده‌كاته‌ شه‌می جوان، ده‌ڵێ: من په‌یمانی راستگۆیی خۆم به‌تۆ سپارد، سه‌ری نه‌وازش و خۆشه‌ویستی و وه‌فام له‌ هه‌واره‌كه‌ی تۆ نه‌وی كرد، گیان و رازی دڵ و ناخی خۆم به‌ تۆ سپارد، من له‌ پیاڵه‌ی عه‌شقی تۆ شه‌رابی نه‌مریم خوارده‌وه‌، به‌ڵام تۆ هیچ تاوانێكت نه‌بوو پشتت له‌ من كرد، ئه‌و كه‌سه‌ به‌كۆی زوخاڵ بێت نێوانی من تۆی تێكدا ئه‌ی شه‌می باڵا عه‌رعه‌ری نازداری خاوه‌ن په‌یمانی عێلی جافی ئه‌هلی وه‌فا.

(ئه‌ی دڵ وه‌ سه‌نگ بای، ئه‌ی دڵ وه‌ سه‌نگ بای
ئه‌ی دیده‌ كۆر بای، ئه‌ی دڵ وه‌ سه‌نگ بای
ئه‌ی زوان لاڵ بای، ئه‌ی خاتر ته‌نگ بای
ئه‌ی ته‌ن تاویای ژار فه‌ره‌نگ بای
... هتد)

جارێكی تر وه‌لی روو ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ده‌وروبه‌ریدان و پرسیار ده‌كات بۆچی له‌ ئاستی من دڵتان بووه‌ وه‌به‌رد، بۆ به‌ختی ره‌شی خۆی شیوه‌ن ده‌كات و ده‌ڵێ: خۆزگه‌ ئه‌ی چاو كوێر بوویتایه‌ و من شه‌مم هه‌ر نه‌بینیایه‌ و تووشی ئاگری ده‌روون و ره‌نجه‌ڕۆیی و سه‌رگه‌ردانی نه‌بوومایه‌، خۆزگه‌ زمان لاڵ بوایه‌ و گفتی له‌ گفتی شه‌م نه‌كه‌وتایه‌، خۆزگه‌ گوێچه‌كه‌شم هه‌ركه‌ڕ بوایه‌ و گوێم له‌ ده‌نگی پڕ له‌ سیحری ئه‌و شه‌مه‌ هه‌ر نه‌بوایه‌، ئه‌ی به‌ختی تاڵ و ره‌شی من غه‌زه‌ب ببارێ به‌سه‌رتا، سه‌نگت لێ بارێ، ئه‌وه‌ بۆچی به‌ختی من وه‌ها هه‌ڵه‌نووته‌ بووه‌؟
وه‌لی له‌تاو به‌ختی سیای خۆی رووده‌كاته‌ چه‌رخی ده‌وران و گله‌یی به‌ختی خۆی ده‌كات و ده‌ڵێ:

(فه‌ڵه‌ك تاكه‌ی بۆ؟ فه‌ڵه‌ك تاكه‌ی بۆ؟
فه‌ڵه‌ك جه‌ ده‌رگات، سزام تاكه‌ی بۆ؟
...هتد)


وه‌لی گیرۆده‌ی عه‌شقی شه‌می نازدار بووه‌ و ئارامی لێ هه‌ڵگیراوه‌ و كه‌ژوكێو و ده‌شتی گرتوه‌ته‌به‌ر له‌ بارودۆخێكی ده‌روونی زۆر سه‌ختدایه‌، نه‌ ئه‌وه‌یه‌ بگاته‌ لای شه‌م و نه‌ ئه‌وه‌یه‌ هیچ ده‌ره‌تانێكی تر هه‌بێت رووی تێبكات، له‌و بارودۆخه‌ سه‌خته‌دا له‌و ئازاره‌ جه‌سته‌یی و ده‌روونییه‌دا سكاڵای به‌ختی خۆی له‌ ده‌ست چه‌رخی گه‌ردوون ده‌كات و پێی ده‌ڵێ: تاكه‌ی سزام ده‌ده‌ی؟ تاكه‌ی په‌شێوحاڵبم و ره‌نگم وه‌ك به‌هێ زه‌ردبێت؟ تاكه‌ی سه‌رگه‌ردان و خاك بكه‌م به‌سه‌ر خۆما؟

(ئینسافه‌ن فه‌ڵه‌ك به‌ حاڵ بزانی
به‌س جه‌فای بێسوود په‌نه‌م بنمانی
...هتد)


ئه‌ی چه‌رخی رۆژگار تۆزێك ئینسافت هه‌بێ و ئیتر به‌سه‌ سزای چاره‌ڕه‌شی من هه‌تاكه‌ی، یان ئه‌وه‌ته‌ له‌م كۆت و به‌ندی ئازاری دووری شه‌مه‌ رزگارم بكه‌، یان ئه‌وه‌ته‌ ته‌واو سه‌رگه‌ردانی ناوخۆڵی بیانمان بكه‌، چونكه‌ توانای ئارامگرتن و چاوه‌ڕوانی دیداری شه‌مم نه‌ماوه‌، كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ له‌ ده‌شتێكدا بمرم و به‌ یه‌كجاری بكرێم به‌ژێر خاكه‌وه‌.
دوای ئه‌وه‌ی كه‌س له‌ زمانی حاڵی وه‌لی تێنه‌گه‌یشت و كه‌س نه‌یتوانی له‌ ئازاره‌كانی تێبگات، ئه‌ویش هه‌ستی به‌ ته‌نهایی و چاره‌ڕه‌شی و به‌دبه‌ختی خۆی كرد، هه‌ستی به‌وه‌كردوه‌ كه‌ هه‌رئه‌وه‌ ناشاد و وێڵی سه‌حراو سووتاوی دووری شه‌می له‌یلاخ، وه‌كو ده‌ڵێ:

(هه‌ر من ناشادم، هه‌ر من ناشادم
گشت عاله‌م شاده‌ن، هه‌ر من ناشادم
...هتد)

لێره‌دا وه‌لی ته‌واو هه‌ست به‌ ته‌نهایی خۆی ده‌كات، تێگه‌یشتووه‌ كه‌س هه‌ست به‌ئازاره‌كانی ناكات و نازانێ چ ئاگرێك له‌ ناخیدا كڵپه‌ و بڵێسه‌ی دێت، ئه‌م گیرۆده‌ی ئاگری عه‌شقه‌ و له‌ناخه‌وه‌ وه‌ك مۆم بۆی ده‌سووتێ، كه‌سانی ده‌وروبه‌ری له‌ زمانی عه‌شق تێناگه‌ن، ئه‌وان به‌هۆی كێشه‌ی بێ نرخی وه‌ك پوش و پاوه‌نه‌وه‌ سه‌دانی وه‌ك وه‌لی ده‌كه‌نه‌ قوربانی و لایه‌ك به‌لای ئازاره‌كانیانه‌وه‌ ناكه‌نه‌وه‌.

(هه‌ی نائومێدی، هه‌ی نائومێدی
هه‌ی ڕه‌نجه‌ڕۆیی، هه‌ی نائومێدی
...هتد)

له‌ دوای ساڵانێك له‌ چاوه‌ڕوانی به‌ شادبوونی به‌ شه‌م، یان كه‌سێك له‌ زمانی حاڵی بگات و خه‌مێكی بخوات و تۆزێك له‌ ئازاره‌كانی كه‌م بكاته‌وه‌، به‌ڵام كه‌سێك نه‌بوو له‌ زمانی ئازاره‌كانی تێبگات، هه‌ربۆیه‌ ته‌واو نائۆمێد بووه‌ و هه‌ستی به‌ڕه‌نجه‌ڕۆیی و كه‌ساسی خۆی كردووه‌، بۆیه‌ پرسیار ده‌كات ئه‌ی یاران كی به‌دبه‌ختێكی  له‌ من به‌دبه‌ختری بینیوه‌؟ كه‌س له‌ ئاگای له‌ حاڵی من نه‌بوو، هه‌ربۆیه‌ منیش رووم كرده‌ چۆڵه‌وانی، چونكه‌ ئاوه‌دانی و چۆڵه‌وانی بۆم وه‌ك یه‌ك مادام خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ زمانم ناگات و هه‌ست به‌ ئازاره‌كانم ناكات.

(چۆڵان ته‌ی كه‌ردم جه‌به‌ڵان یه‌كسه‌ر
جه‌ ته‌وه‌س توون بیم، یاوان وه‌ ته‌هه‌ر
...هتد)


ده‌شت و چۆڵ و چیا گه‌ڕام، توونی هه‌رده‌ و ده‌شتی كاكی به‌كاكی بوومه‌وه‌، هه‌تا ده‌شتی نه‌جدی قه‌یس هه‌موویم دا له‌پێوه‌، وه‌ك په‌پووله‌ی عاشقی رووناكی، هه‌تا سووتانی په‌ڕوباڵم نه‌وه‌ستام، سا به‌ڵكو بگه‌مه‌ جێگه‌ی رازی خۆم، كه‌ ئه‌ویش جیگه‌و هه‌واری (شه‌م)ه‌، به‌ڵام هه‌ر نه‌گه‌یشتم هه‌موو هیواكانم بوونه‌ سه‌راپ و من به‌ ده‌ستی به‌تاڵ مامه‌وه‌.

(هه‌واران چۆڵ دیم، زامه‌ن وێرانه‌
بایه‌قوش به‌سته‌ن وه‌و مه‌سكه‌ن لانه‌
...هتد)


هه‌واری باوانی شه‌مم به‌ چۆڵی بینی، ئه‌وه‌ جارێكی تر زامی كۆن و نوێی كولانمه‌وه‌، بینم بایه‌قوش له‌سه‌ر شوێنی كه‌لاوه‌ و هه‌واره‌كان ده‌خوێنی، نه‌ده‌نگێك ده‌بیسترا، نه‌ سه‌دای یار ده‌هات، وه‌ك رۆژی حه‌شر ته‌نها خوای تاك و ته‌نها (واحد القهار) مابوو، كه‌سێك تر نه‌مابوو.

(په‌رسام بایه‌قوش هامده‌رد ده‌ردم
ره‌فێق هامڕاز ناڵه‌ی نه‌به‌ردم
...هتد)


پرسیارم كرد له‌ بایه‌قوشكه‌ ئه‌ویش وه‌ك كم ده‌رده‌دار و چۆڵنیشن بوو، هاوڕێی ناڵه‌و ئازاره‌كانی من بوو، وتم من په‌روانه‌ی وێڵی دیداری نازدارێكی ماڵه‌ جافانم، ده‌ستم دامێنت هه‌واڵی یار نازانی، من جێگه‌ نشینی قه‌یسی پێشه‌وای عاشقانم.

(كۆشی كۆچ خێڵ شای شه‌م جه‌مینم
گوشادی خاتر خار خه‌مینم
...هتد)


من شه‌یدا و سووتاوی شای جوانانم خێڵ به‌ره‌و كوی كۆچی كردووه‌؟ به‌ڵام مه‌خابن بایه‌قوش وه‌ڵامی دامه‌وه‌ وتی: ئه‌ی په‌روانه‌ی كه‌م ژیری، شه‌م هه‌واڵی نییه‌ و له‌م هه‌وار و جێگه‌دا!، دوای ئه‌وه‌ی وه‌لی كه‌سێك نه‌بوو له‌ دنیادا له‌ ئازاره‌كانی تێبگات و كه‌سێ نه‌بوو به‌ڕاستی ببێته‌ خه‌مخوار و هه‌ڵگری خه‌مه‌كانی، ته‌نانه‌ت بایه‌قوشیش هه‌واڵێكی دڵخۆشكه‌ری پێنه‌دا، ئیتر گه‌یشته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی له‌ دنیادا ئاواته‌كانی نایه‌ته‌دی، هه‌ربۆیه‌ وه‌سێت ده‌كات، له‌ دوای مردنی با گۆڕه‌كه‌ی له‌سه‌ر رێگای كۆچی خێڵانی جافدا بێت، سا به‌ڵكو شه‌م رێگه‌ی بكه‌ویته‌ سه‌ر گڵكۆكه‌ی و بزانێت كه‌ ئه‌مه‌ دواهه‌واری كه‌سێكه‌ به‌ تیری نازی شه‌م سوتاوه‌، وه‌كو ده‌ڵێ:

(به‌ڵام وه‌سیه‌تم ئه‌مه‌یه‌ یاران
دوور له‌ وڵاتم وام له‌ دیاران
توخوا با گۆڕم له‌ رێی خێڵان بێ
له‌سه‌ر رێگه‌ی شه‌م شاخی گێڵان بێ
...هتد)

دوای ئه‌وه‌ی وه‌لی دێوانه‌ ده‌گاته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌سێك نییه‌ له‌ رۆژگاری خۆیدا له‌ زمانی تێبگات و له‌گه‌ڵ ئازاره‌كانیدا بژی، وه‌سێت ده‌كات با گڵكۆكه‌ی له‌سه‌ر ریگای كۆچی خێڵاندا بێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا كه‌ خه‌ڵكی زیاتر هۆشیار ده‌بێته‌وه‌ و دنیا ده‌گۆڕێت، كه‌سانێك بێنه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی و هه‌ست به‌ ئازاره‌كانی بكه‌ن و چه‌ند دڵۆپه‌ ئه‌شكێكی گه‌رمی بۆ هه‌ڵڕێژن و بزانن كه‌ كوژراوی ده‌ستی عه‌شق و كۆمه‌ڵێكی دڵ به‌سه‌نگ بووی رۆژگاری خۆی بووه‌، به‌و هیوایه‌ی كه‌سانێكی تر وه‌ك ئه‌و نه‌بنه‌ قوربانی و به‌بێ خۆڵه‌مێش له‌ په‌نایه‌كدا به‌بێ ده‌نگی نه‌بنه‌ قه‌ره‌بروت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان