کەرنەڤاڵی سامبای بەرازیل

11:38 - 2022-05-15
دووتوێ
342 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین

سامبا کەرنەڤاڵێکی ئاهەنگ سازییە و ساڵانە بۆ ماوەی هەفتەیەک لە شارەکانی ریۆ، سلڤادۆر، جانیرا، ساوپاولۆ و چەند شارێکی تری بەرازیل بەڕێوە دەچێت و سەرتاپای ئەو شارانە دەبێتە ئاهەنگ و کەیف و سەما خەڵکی جلی رەنگاوڕەنگ و میللی لەبەردەکەن، ئەو نەریتە مێژووییە لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمەوە پیادە دەکرێت، هەموو ساڵێک لە سەرەتای وەرزی بەهار و بەر لە بەڕۆژو بوون دەکرێت. بەو مانایەی پێشوازییە لە ماوەی بەڕۆژو بوون و خواپەرستی کە لەو رۆژانەدا خەڵکەکە پشت لە سەما و خواردنەوە و کاری خەراپە دەکەن.
دەیان هەزار کەس هەڵدەپەڕن
ناوی کەرنەڤاڵەکە لە هەڵپەڕین و مۆسیقای Samba وە هاتووە، سەرەتا تەنها لەیەک شاری گەروەکراوە، بەڵام ئێستا لە زۆربەی شارەکان و بەئامادەبوونی سەدان هەزار کەس لە خەڵکی شارەکان لە ناوخۆ و گەشتیارە بیانییەکان بەڕێوەدەچێت و دەیان تیپی تایبەت بەم بوارە بەشداری دەکەن و رکابەری یەکتردەبن بۆ بردنەوەی خەڵاتی کەرنەڤاڵ کە گرانبەها و شایستەیە، کۆی ژمارەی هونەرمەندانی ئەو تیپانە 70 هەزار کەس دەبن، تیپەکان هەریەکەو لە گۆڕەپانێکی تایبەت پانتاییەکی بۆ دیاری دەکرێ و هەریەکەیان نمایشی خۆی تێدا دەکات، دواتر لەسەر شانۆی گەڕۆکی سەر عارەبانە بە شەقامەکاندا دەسوڕێنەوە و لەسەر تەختەی شانۆکە و پشتی کەرەڤانەکان چالاکییەکانیان بۆ ئامادەبووان نیشان دەدەن.
لەوپەڕی دونیاوە بۆی دەچن
ئەو کەرنەڤاڵە بەهۆی جوانییەکەی ناویان لێناوە «کەرنەڤاڵی جیهان» چونکە ساڵانە ملیۆنێک گەشتیاری دەرەوەی وڵات دەچنە ئەو شارانە و ئامادەی کەرنەڤاڵەکان دەبن، بۆیە داهاتی ئەو کەرنەڤاڵە ساڵانە لە ملیارێک دۆلار زیاترە و هەر شارەی لیژنەیەک بەڕێوەی دەبات، تیپەکان پێکهاتوون لە ستافێکی مۆسیقا و گۆرانی و ستافێکی هەڵپەڕکێ و دانس و ستافی نمایشی جلوبەرگی ئاڵ و واڵا، هەر سێ تیمەکە بەیەکەوە دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێش و بە زەوق و پڕ لە بەزم پێشکەش بەبینەران دەکەن، چالاکییەکانی کاتی بەیانیان جیایە لەگەڵ ئێواران و هەر رۆژەی پڕۆگرامێک پێشکەش دەکەن و ئەگەر جاران ئەو نمایشانە وەک خولیا و هونەر و خزمەت کرابێت،  ئەوا ئێستا بۆتە ئەرکێکی نیشتیمانی و کەرتێکی ئابوری گرنگ لەژیانی رۆژانەی خەڵکی بەرازیل.
ئەمساڵ پڕ جۆش و خرۆشتر بوو
لە ماوەی دووساڵی رابردوودا ئەو کەرنەڤاڵە بەهۆی کۆرۆناوە ئەنجام نەدراوە، بەڵام ئەمساڵ کە بڕیار بوو لە مانگی شوبات بکرێت بۆ مانگی نیسان دواخرا و رۆژانی رابردوو لە کەشێکی ئازاد و پڕ جۆش و خرۆشەوە ساز دراو خاوەن چێشتخانە و دوکان و بازاڕی ئەو شارانەی کە کەرنەڤاڵەکانی تێداکراوە، زیاتر لەساڵانی پێش کۆرۆنا قازانجیان کردووە بەهۆی زۆری بەشداربووان و پێشوازی زیاتر خەڵک لەو بۆنە نیشتیمانییەدا.
سەرچاوە: Travelbook

بابەتە پەیوەندیدارەکان