شاعیری شۆڕشگێڕ مزەفەر نەواب کۆچی دوایی کرد

قوباد تاڵەبانی: نەواب ھاوڕێ و دۆستێکی نزیکی کۆچکردوو مام جەلال بوو کە ھاوڕێیەتیەکەیان لەسەر بنچینەی خۆشەویستیی و رێزبوو.

06:48 - 2022-05-20
کوردستان
654 جار خوێندراوەتەوە

مەكتەبی راگەیاندنی ی.ن.ك: 
نەواب، خاوەنی چەندین كۆمەڵە شیعر و پێگەی نەتەوەیی شەرەفمەندە
شاعیری شۆڕشگێرو ناوداری عیراق و دۆستی نزیكی گەلی كوردستان و سەرۆك مام جەلال، موزەفەر نەواب ئەمڕۆ هەینی 20-5-2022 لە تەمەنی 88 ساڵیدا لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی ئیمارات كۆچی دوایی كرد.
بەم بۆنە خەمناکەوە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بروسکەیەکی سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی نەواب کردو تێیدا وێڕای دەربڕینی خەمباری خۆی بۆ ئەم کۆچە، لەبارەی مزفەر نەواب- ەوە دەڵێت:
نەواب شاعیرێکی مۆدێرن و پێشکەوتنخواز و سیاسییەکی ئۆپۆزسیۆن بوو. ھەروەک رەخنەگرێکی بوێریش بوو، لەبەر رۆڵە شۆڕشگێرەکانی نازناوی شاعیری شۆڕشگێڕیان پێدابوو .
نەواب ھاوڕێ و دۆستێکی نزیکی کۆچکردوو مام جەلال بوو کە ھاوڕێیەتیەکەیان لەسەر بنچینەی خۆشەویستیی و رێزبوو.
لە لایەکی ترەوەو ھەر بەمبۆنە خەمناکەوە، مەكتەبی راگەیاندنی ی.ن.ك بروسکەیەکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە، تێیدا ھاتووە:
شاعیری ئازادی و پێگەی بەرز. دوای نەخۆشییەكی كوشندە لە شاری شارقەی ئیمارات كۆچی دوایی كرد. لە ماوەی ئەزموونی سیاسی و ئەدەبی لە سەردەمی دیكتاتۆری بەعسدا تووشی دەستگیركردن و زیندانیكردن و بێ ماڵ و حاڵى بووە. 
لە دەربەدەریدا دەژیا، لە نێوان پایتەختەكاندا دەجووڵایەوە. خۆی لەگەڵ هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن و دیموكراسیدا یەكخست و دۆستێكی نزیكی سەرۆك مام جەلال بوو. 
مەكتەبی راگەیاندنی ی.ن.ك لە بەشێکی تری بروسکەکەیاندا ھاتووە:
نەواب، خاوەنی چەندین كۆمەڵە شیعر و پێگەی نەتەوەیی شەرەفمەندە. بە شیعری زمانی خۆماڵی ناوبانگی دەركردووە، كە لە ڕۆحی یاخیبوون و ئازادیی بۆ خەڵكەوە سەرچاوەی گرتووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان