سەرۆكی ئۆكرانیا: جەنگ تەنیا بە شێوازی دیپلۆماسی یەكلادەبێتەوە

09:26 - 2022-05-22
کوردستان
120 جار خوێندراوەتەوە

هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی پلانی كۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆكرانیا لەلایەن ئیتالیاوە، كە پێشكەشی وڵاتانی گروپی حەوت (G7) ‌و نەتەوە یەكگرتووەكانی كردووە، ڤلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاندووە، كە جەنگی نێوان وڵاتەكەی ‌و روسیا تەنیا بە شێوازی دیپلۆماسی یەكلادەبێتەوە. 
لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا، سەرۆكی ئۆكرانیا ئاماژەی بەوەداوە: وڵاتەكەی رەنگە لە گۆڕەپانی جەنگدا سەركەوتوو بێت، بەڵام لەسەر مێزی گفتوگۆ نەبێت، كێشەكە یەكلاناكرێتەوە. وتیشی: ململانێكان خوێناوین ‌و جەنگیش بەردەوام دەبێت، بەڵام لەڕێی دیپلۆماسییەوە دەتوانرێت بەشێوەیەكی یەكجارەكی كۆتایی بە كێشەكە بهێنرێت، بەڵام چونە هیچ لایەنێكمان ئامادەنین سازش بۆ یەكتری بكەین، پڕۆسەیەكی لەو جۆرە ئاسان نابێت.
سەبارەت بە پلانەكەی ئیتالیا بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆكرانیا، لویچی دی مایو وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاندبوو: لەپێناوی گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانەی جەنگ، حكومەتی رۆما پلانێكی پێشكەشكردووە، كە بریتییە لە راگرتنی جەنگ لە هەندێك ناوچەدا، پاشان دانوستانی بێلایەنانە ‌و لە كۆتاییشدا گەیشتن بە رێكەوتنێكی ئاشتییانە. وتیشی: ئەوەی ئێستا پێویستمانە، دژەهێرشێكی دیپلۆماسییە ‌و  لەوەشدا پێویستمان بە هەوڵی چڕی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
سێشەممەی رابردوو، میخائیلۆ بودۆلیاك سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری وڵاتەكەی لەگەڵ روسیا، راگەیاندبوو كە ئێستا دیالۆگی نێوان  كیێڤ ‌و مۆسكۆ هەڵپەسێردراوە.
دواتریش، دیمیتری بیسكۆڤ وتەبێژی كۆشكی كریملین دەسەڵاتدارانی ئۆكرانیای بەوە تۆمەتبار كرد، كە بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ، نایانەوێت درێژە بە دانوستان بدەن.
  بەگوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵی روسیا، دواكۆبوونەوەی نێوان وەفدی دانوستانكاری مۆسكۆ ‌و كێیڤ مانگێك لەمەوبەر بووە، لە  22ی مانگی رابردوودا. 


سەرچاوە/ ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان