سەرچڵ شەوقی

كاریكاتێرستێكی كێشە كۆمەڵایەتییەكان

09:48 - 2022-05-28
کەلتور
255 جار خوێندراوەتەوە

به‌ختیار سه‌عید
كاتێك بیر دەكەیتەوە چۆن كێشە كۆمەڵایەتییەكان بكەیتە بابەتی كاریكاتێرەكانت و لەناویاندا بۆ چارەسەرەكان بگەڕێیت، یاخود بۆ خۆی ئاشكراكردنی خودی ئەو كێشە بیركردنەوەیەكی گشتگیریانە دروست دەكات كە چۆن عەوداڵی چارەسەرەكان ببین، بەڵام بەشێوەیەكی تەنز ئامێزەوە، بە وێنەی رەش و سپی و دواتریش رەنگاو رەنگەوە سەرەتای لە رێگەی رۆژنامەكان و پاشان بەشداریكردنی لەو پیشانگە هاوبەشانەی كراوەتەوە، واتە بۆ ئەو كێشەكان هۆكاری خوڵقێنەری كارەكان بووە.
(سەرچڵ شەوقی) ئەو هونەرمەندەیە كە لە خێزانێكی هونەری دیاری باشوری كوردستان لەدایكبووە، خێزانێك كە بوونەتە بەشێكی گرنگی ناو مێژووی شێوەكاریی كوردی، سەرچڵ-یش بەهەمان رێچكە لە باوك و برا و مام و و ئەندامەكانی تری خێزانەكەیەوە دنیایەكی تایبەتیان لە هونەر درووستكردووە، سەرچڵ لە باوكییە مەحمود شەوقی كە دەبێتە یەكەمین كاریكاتێرستی باشوری كوردستان ئارەزووی هونەری كاریكاتێری لەلا درووست دەبێت و هەر ئەو ریگایەش بۆ چوونە ناو پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی سلێمانی بە كاریگەری برا گەورەكەی (ئازاد شەوقی) كە یەكێكە لە دیارترین شێوەكارەكانی باشوری کوردستان و دواتریش چ نیگاركێشێك، چ وەكو كاریكاتێرستێك ئاستێكی تایبەتی بۆ خۆی درووستكردووە هەمیشە بەشدار بووە لەهەموو ئەو پیشانگەو دیدارە جیاوازانەی بۆ هونەری كاریكاتێر سازکراوە بەشدار بووە، هەروەها كارەكانی لەناو زۆرێك لە رۆژنامەو گۆڤارەكان بەردەوامی هەبووە.
 هەروەها هونەری مۆتیڤ یەكێكی ترە لەو بوارە هونەریانەی كە (سەرچڵ شەوقی) بەشداری بە مۆتیڤەكانی لە پیشانگەو دەزگاكانی چاپەمەندیدا كردووە، بەڵام ئەوەی ئەمی وەكو هونەرمەندێك زیاتر ناساندووە بوارەكانی نیگاركێشی و دواتریش كاریكاتێرییە، سەرچڵ لەگەڵ هەموو كاریكاتێرەكانیدا چەند وشەیەكی دادەنا كە هۆكار بووە بۆ زیاتر روونكردنەوەی ئەو بینەرەی لەناو پیشانگەو خوێنەری ئەو رۆژنامەو گۆڤارانەی كە كاریكاتێرەكانی تێدا بڵاودەكرایەوە.
هێڵەكانی سەرچڵ هێڵێكی زۆر سادەیە، بەڵام ئەو سادەییە نەبۆتە هۆكاری ئەوەی رێگر بێت لەوەی ئەم نەتوانێت بەردەوامی بدات بە هونەرەكەی، بەڵام ئەو لەرێگەی ئەو هێڵانەوە زۆرێك لە ساتە جیاوازەكانی تەمەنی بۆ گەیاندنی پەیامە كۆمەڵایەتییەكان و دواتریش كەمێك سیاسیەكان بگەیەنێتە ئەو ئاستەی ئەمڕۆ پێی گەیشتووە، ئەزموونی ئەو لەگەڵ كاریكاتێرستەكانی باشوری كوردستان و كاریكاتێرستە بەشداربووەكانی ئەو دیدارە كاریكاتێرانەی ناوەندی 7 رەنگە ساڵانە سازیكردووە، یان ئەو بۆنانەی وەكو رۆژی جیهانی ژنان، قەیرانی ئاو، ژینگە، و زۆر ناونیشانی تر ئەو بەشداریكردووەو كارەكانی وەكو یەكێك لە كارە بەشداربووەكانی تر جێگەو تایبەتمەندێتی خۆی هەبووە.
(سەرچڵ شەوقی) بەردەوام لەو دنیایەی تێدا دەژیا ئیاهامی بابەت و جۆری هێڵەكان و تەنانەت رەنگەكانیشی وەرگرتووە، ئەو هەرگیز وەكو هونەرمەندێكی دوور لە كۆمەڵگەكەی كاری نەكردووە، بەڵكو نزیك لە كێشەكان، نزیك لە چارەسەرەكان تەمەنی بەسەربردووە، هەربۆیە كاتێك دەڕوانیتە كارەكانی ئەم هونەرمەندە هەموو ئەو تایبەتمەندییانە هەست پێدەكرێت هەر ئەوانەشە بوونەتە ئەو هۆكارەی دەڵێن ئەو كاریكاتێرستێكی كێشە كۆمەڵایەتییەكانە.

بایۆگرافی سەرچڵ شەوقی
-لەشاری سلێمانی لەدایكبووە.
- 1985 - 1986 پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی سلێمانی تەواوكردووە.
- 2017 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی پەروەردەیی بەدەستهێناوە لە پەروەردەی هونەریدا.
- 1983 - 2022 بەشداری زیاتر لە  200 پیشانگەی هاوبەشی كردووە لە ناوەوەو دەرەوەی كوردستان.
- 1985-2017 هەشت پیشانگەی تایبەتی كردۆتەوە كە سێ پیشانگەی كاریكاتێری تێدابووە لە رانیەو پێنجوین و سلێمانی.
- 1992 بەشداری یەكەمین پیشانگەی كاریكاتێری كردووە لەسلێمانی و پلەی دووەمی بەدەستهێناوە.
- 1987 وە تا ئێستا كاریكاتێرەكانی لە زۆربەی رۆژنامەو گۆڤارەكاندا بڵاو دەبێتەوە.
- ئەندامی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستانە.
- سەرپەرشتیاری پەروەردەییە.



بابەتە پەیوەندیدارەکان