مامەڕیشە، ئەو كوڕەی كە دەرفەتی چوونە قوتابخانەی بۆ نەڕەخسا و نەخوێندەوار بوو، كوڕی پیاوێكی هەژار و ئەندامی خێزانێكی نەداری گەرمیانی بوو، بەڵام بە بیر و فكری گەورە گۆشكرابوو، زیتەڵە و چاپوك و خاوەن ئیرادەیەكی سەیر بوو، بۆیە لە گەشتی ژیانە كورتەكەیدا، بوو بە ناوێكی دیار و سیمبولی ئازایەتی و پێشڕەوی كاروان. لە خەباتدا؛ بووە مامۆستا، لە تۆماركردنی مێژوودا، باوك و خانەوادەكەی و تەواوی كوردستانیشی دەوڵەمەندكرد بە شانازی.
رێبوارانی كاروانی تێكۆشان دەیانویست ببنە خوێندكاری خوێندنگەكەی ئەو، ببنە فێرخوازێكی بەردەستی ئەو، ببنە پێشمەرگەی كەرتەكەی ئەو (كەرتی چواری جەباری).
مێژووی ژیانی (ریشە) فێرمان دەكات كەسێكی خاوەن ئیرادە و بیروباوەڕبین لە هەر رۆژگار و سەردەمێكی سەختدا، ئەو كەسە خاوەن ئیرادانە هاوشێوەی (ریشە) دەرچەیەك هەر دەدۆزنەوە بۆ دەرچوون و داهێنان، هەل و دەرفەتێك هەر دەڕەخسێنن بۆ گۆڕینی رۆژگاری تەنگ و شەوگاری تاریك و نوتەك بۆ چراخانی گەیشتن بە خواست و مەبەست، مرۆڤی بەهێز چاوەڕێی دەرفەت و هەل ناكات و خۆی هۆكارەكان و دەرفەتەکان دەڕەخسێنێت.
مامەڕیشە، هەر ئەوەندەی چاوی كردەوە و خۆی و دەوروبەر و رۆژگاری ناسی، بینی لە واقیعێكی تاڵدا دەژی، خۆی شوان و نەخوێندەوار، باوكێكی فەقیر و خێزانێكی هەژار، نەتەوەیەكی ژێردەستكراو و خاكێكی داگیركراو، بەڵام لەبەرئەوەی ئیرادەی بەگژداچوونەوەی بەهێزبوو، تواناكانی خستەگەڕ و لە ئەنجامدا واقیعەكەی گۆڕی و مێژووی دروستكرد.
هەنگاوی لەپێشینە و خەمی هەرە گەورەشی نیشتمان بوو، بۆیە لەو نیشتمانە بچكۆلەیەی گەرمیانی خۆیەوە لە شەقەی باڵی دا و باوەشی بە تەواوی نیشتمانی كوردستاندا كرد. مامەڕیشە ناو و ناوبانگی چەشنی گزنگی خۆر، بەخێرایی هەموولایەكی گرتەوە، ببووە ئەفسانە و حەمەدۆكی سەردەم.
خەڵك لە باسوخواسی نێو سەنگەرەكانەوە دەگەیشتنە ئەوەی بیر لەوە بكەنەوە كە رەنگە (ریشە) مرۆڤێكی ئاسایی نەبێت، وێنەی ئەویان دەبینی كە شۆڕەسوارێكی بەژن بڵندە، پێیەكانی لەسەر زەوییە و سەری لە هەورەكاندایە، ناوبانگی پاڵەوانێكیان بیستبوو، كە شكست و شكان و كەوتن؛ لەبەری هەڵدێن.
شەهیدی فەرماندە نەجمەدین مام شوكر ناسراو بە (مامەڕیشە)، لە دایكبووی ساڵی 1953ی گوندی تاڵەبانی چەمچەماڵە.
لەبەر هەژاری، نەخراوەتەوە بەر خوێندن، تەمەنی مێردمنداڵی بە شوانی و كرێكاری بەڕێكردووە. ساڵی 1973 بۆ بەرگریی لە گەلی ستەملێكراوی فەلەستین، وەك جەنگاوەرێك چۆتە ئەو وڵاتە و لە شەڕێكیشدا برینداربووە.
لە سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی نوێ، بەزوویی دەیەوێت ببێت بە پێشمەرگە، بەڵام وەرناگیرێت، ساڵی 1978 تفەنگێك پەیدادەكات و سەربەخۆ دەكەوێتە گەڕان بە شاخ و گوندەكاندا و بەناوی پێشمەرگەوە شەڕی دوژمنی كردووە، ناوبانگی ئازایەتییەكەی ناوچەكە دەتەنێت و فەرماندەكانی هەرێمی پێنجی ئەوكاتەی قەرەداغ بە پێشمەرگە وەریدەگرن.
ساڵی 1982 كراوەتە فەرماندەی كەرتی چواری جەباری لە تیپی 57ی سەگرمە.
مێژووی پێشمەرگایەتیی مامەڕیشە پڕە لە ئازایەتی و داستانی ئەفسانە ئاسا، دەستوەشاندنەكانی لە دوژمن بە چەشنی هەورە بروسكە بووە، لە شوێنێك بریسكەی دەدایەوە و لە جێگەیەكی دیكەش گڕی بەردەدایە دوومەڵی سەر دڵی خاك.
دواجار، بە پیلانی دەزگای ئیستخبارات و هەواڵگریی بەعس و لە رێگەی ناپاكانەوە، بەناوی دۆستایەتییەوە لە رۆژی 24/1/1985 لە گوندی حەسەن ئاوای سنووری كەركوك لەگەڵ هەردوو پێشمەرگەی قارەمان، موحسین بیكەیسی و سەردار قەرەتاموری، شەهیدیان كردن.
ئاوات كۆكەیی