لە یادی 47 ساڵەی دامەزراندنی ی.ن.ك دا

كتێبێكی پڕۆژەی (دیاریی ئازادی) بۆ عەرەبی و ئینگلیزی وەرگێڕدراوە

09:12 - 2022-06-01
کەلتور
572 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات كۆكەیی

كتێبی (ئەوكاتەی مەرگ وەكو ژیان سەوزە) لە ئامادەكردنی ئەمیرە محەمەد، كە ساڵی رابردوو بەبۆنەی یادی 46 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە زمانی كوردی چاپ و بڵاوكرایەوە، ئەمساڵ وەرگێڕدرایە سەر هەردوو زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و لە رۆژی 1/6دا كە دەكاتە یادی 47 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، بڵاودەكرێنەوە.
كتێبەكە بۆ عەرەبی بەهاوبەشی لە لایەن هەریەك لە دكتۆر فایەق مستەفا و دكتۆر دڵسۆز جەعفەر بەرزنجی-یەوە وەرگێڕدراوە، چاپە ئینگلیزییەكەشی پاسار شێركۆ وەریگێڕاوە، هەروەها ئارێز عەبدوڵڵا، لێپرسراوی مەكتەبی گەشەپێدانی بیروهۆشیاری پێشەكیی بۆ هەردوو بەرگە ئینلگیزی و عەرەبییەكە نووسیوە.
پڕۆژەی دیاریی ئازادیی، هەر جارەو بۆ بۆنەیەكی حزبی و نیشتمانی و بۆ شەهیدان و كەسایەتییە سیاسییە تێكۆشەرەكان، كتێبێك چاپ دەكات، پڕۆژەكە، هی (بۆردی ئەرشیف و مێژوو)ی مەكتەبی گەشە پێدانی بیروهۆشیاریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، بەزنجیرە كتێبەكان چاپ دەكات.

ناوەڕۆكی كتێبەكە
ناوەرۆكی ئەم كتێبە بریتییە لە وتەی پۆلێك شەهیدی یەكێتی كە لە زیندان و دواین دیداردا (ئاخر مواجهە) لەگەڵ كەسوكارەكانیان كردویانە، ئەگەرچی وتەكان رازی سەرەمەرگن، بەڵام جارێكی تر دووپاتی ئەوە دەكەنەوە رۆڵەكانی گەلی كورد لە پێناوی ئازادیی نیشتماندا هیچ كات دەربەستی ژیانی خۆیان نەهاتوون و هەمیشە خوێنی خۆیان نەزری خەباتی رزگاریی خاك و نەتەوە كردووە. 
 هەر یەك لەو گفتوگۆیانەی نێوان شەهیدەكان و كەسوكارەكانیان رۆحی نەبەزین و ورەو ئیرادەیان لێ بەدیدەكرێت.
یەكەم گفتوگۆی شەهیدەكان لەم كتێبەدا، وتەیەكی شەهیدی سەركردە خاڵە شیهابە. كاتێك خاڵە و مامۆستا جەعفەر عەبدولواحید و كاك ئەنوەر زۆراب بەرەو پەتی سێدارە دەبرێن، هەر یەكێكیان ویستبووی خۆی پێش بكەوێت و زووتر لە سێدارە بدرێت، ئیتر خاڵە شیهاب پێگەی لێپرسراوێتیی خۆی بەكار دەهێنێت و پێیان دەڵێت: (من بەر پرسیاری هەموتانم و پێش دەكەوم، دەبێت دوا بڕیاریشم جێبەجێ بكەن).
شەهیدێكی دیكە بەر لەوەی لە سێدارە بدرێت، لە هەڵوێستێكی هاوشێوەدا بە حەسرەتەوە بۆ كەسوكارەی دەدوێت: (زۆر خەمبارم، پێنج هاوڕێیان پێش من برد بۆ لە سێدارەدان، ئاخ من دەمویست یەكەم كەس بم). 
ژنێكی گەنج-یش كە تەنها یەك هەفتە بەسەر زەماوەندەكەیدا تێپەڕیوە، نیوە شەوێك هێزێكی قواتخاسە دەدەن بەسەر ماڵیانداو (تازەزاوا) دەبەن، دواتر ژنەی تازەبوكیش دەبەن و دەڵێت: (شەوێك بردیانمە ژووری ئەمن سورەكە، بمرم یاخوا مێردەكەمیان هەڵواسیبوو، كارەبایان لێ دەداو پێیان دەوت ئیعتراف بكە، ئەگەر ئیعتراف نەكەی)... و ئیتر هەڕەشەی دەستدرێژی كردنە سەر تازەبوك لە مێردەكەی دەكەن.
وتەكانی بەر لە گوللەبارانكردن و لە سێدارەدان كە لەم كتێبەدا بڵاوكراونەتەوە زۆرن، تەواوی وتەو گفتوگۆكانی نێوان قارەمانەكانی زیندان لەگەڵ دایك و باوك و خوشك و براو هاوسەرو منداڵ و كەسوكاریان، موچڕك بە جەستەی خوێنەردا دێت.

كتێبەكە
ئەوكاتەی مەرگ وەكو ژیان سەوزە، نووسین و ئامادەكردن: ئەمیرە محەمەد.
چاپ: چاپخانەی حەمدی
تیراژ: 1000 دانە و 138 لاپەڕە.
وەرگێڕانی بۆ عەرەبی: دكتۆر فایەق مستەفا و دكتۆر دڵسۆز جەعفەر بەرزنجی، 131 لاپەڕە.
وەرگێڕانی بۆ ئینگلیزی: پاسار شێركۆ، 128 لاپەڕە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان