ژنە شۆڕشگێڕە گومناوەکان

11:06 - 2022-06-04
کەلتور
249 جار خوێندراوەتەوە

ئا: نەسرین كوردە
ژنانی گومناوی کاروانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان لێرەدا باسی خەباتی ژنی تێکۆشەری ماندونەناس و دڵسۆزی گەل و نیشتمان و کوردستان دەکەین کە هاوکاری باوک و هاوسەر و براو کوڕیان بوون وەک تەتەری ناو شاخ و شار خۆڕاگری و خەباتی خۆیان دەگێڕنەوە.

زەكیە ئیبراهیم رەحمان
یەکێکی دیکە لەو ژنانە زەکیە ئیبراهیم رەحمان-ە وەکو خۆی باسی دەکات لە ساڵی 1970 لەدایکبووە و سەرەتای پەیوەندیکردنی بە رێکخستنەکانەوە ساڵی 1984 بووە، زەکیە دەڵێت: هەر لەتەمەنی 14 ساڵیمەوە لەگەڵ شەهید جوامێری خاڵم و شەهید خەباتی برام و هەڤاڵەكانی تر كاری رێكخستنمان لەناو شاری هەولێر كردووە.
هەروەها ساڵی 1986 شوومکرد بە قارەمانی چالاكیەكانی ناو شاری هەولێر ( ئەیوب یوسف سەعید.
فەرمانی لە سێدارەدانم بۆ دەرچوو
ئەو ژنە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: تەنها رۆژێك دوای گواستنەوەم لە بوكێنی لەناو شاری هەولێر بەشداری چالاكییەكمان كرد كە ئەویش كوشتنی دوو فرۆكەوانەكەی رژێمی بەعس بوو، هەروەها ساڵی 1988 لەكاتی چالاكییەکدا لەلایەن ئەمنی عامەوە لە شاری هەولێر دەستگیركرام و بۆ ماوەی حەوت مانگ و پانزە رۆژ ئەشكەنجە درام و فەرمانی لە سێدارەدانم بۆ دەرچوو، بەڵام دانپێدانان و شاهیدم نەبوو و لەو كاتەشدا واتە لە ( ئەیلولی / 1988 ) رژێمی بەعس لێبوردنی گشتی دەركرد بەر ئەو لێبوردنە كەوتم و ئازاد كرام.
ئەو ژنە دەڵێت: چالاكی و پێشمەرگایەتی و ژیانی ژن و مێردایەتیمان لە سنوری مەڵبەندی ( 3 )ی رێكخستنی هەولێر بوو، هەرچەندە ژن بووم، بەڵام وەكو پیاوێك و بگرە زیاتریش راستەوخۆ بەشداری بەرەكانی شەڕی دوژمن بەدەست و تفەنگی خۆم كردووە وەكو شەڕەكانی هیران و نازەنین و بنەباوێ‌ و سماقۆڵی و چەندین شەڕی تر كە شاهیدی زۆر هەیە بۆ سەلماندنی ئەم راستیە.
بەشداری راپەڕین
زەکیە ئیبراهیم دەڵێت لە راپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردا رۆڵی گرنگمان بینیوە بەردەوام بووم لە پێشمەرگایەتی و بەشداری زۆر باشم كردووە لە شەڕەكانی تیرۆرستانی داعشدا، لەبەرئەوەی لە بنەماڵەیەكی كوردپەروەر و نیشتمان پەروەردا گەورە بووم بەردەوام دەبم لە درێژەپێدانی ئەو رێبازەم كە ئەندامانی بنەماڵەكەم لە پێناویدا شەهید بوون لەوانە (شەهید جوامێر سەعید - خەبات ئیبراهیم -ی برام - فاروق جەبار كە دەكاتە هاوسەری خوشكم و لەهەمان كاتیشدا كوڕی خالیشمە).

بابەتە پەیوەندیدارەکان